سەردێڕ:

کەرەنتینە و خۆپیشاندان

6/2/2020 12:40:09 PM
5162 جار خوێندراوەتەوە
نەجات ئەحمەد
+ -

خۆپیشاندان ماف و ئەرکی ھەموو تاکێکی ھۆشیارە بۆ داوای مافە زەوتکراوەکانی، کاتێک ھیچ مەودایەکت بۆ ناھێڵنەوە ناچاری بێیتە سەر شەقام و پڕ بە قوورگت ھاوار بۆ نان و ئازادی بکەیت، ئەوکات دەبێت بە ئەرکی ھەمووان.

دوای دوو رۆژ لە راگەیاندنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ھەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی یەکسەر کۆرۆنایان قیت کردەوە و ھەمدیسان خەڵکیان کەرەنتینە کردەوە و بەشێوەیەک خەڵک دەترسێنن و ئاماری ھێندە ترسناک دەخەنە روو تا  ھەموو شتێک لەبیر ھاوڵاتیان بەرنەوە، بێ ئاگان لەوەی رۆژ بە رۆژ ھۆکارەکانی ناڕەزایی ھاوڵاتیان لە زیادبوونە و قەیرانەکانیش دوو ھێندە کەڵەکە دەبن و زیاتر و زیاتریش میللەت توشی نەھامەتیەکان دەبنەوە.

کاتێک مرۆڤ دەست بەسەر قووتی ماڵ و خێزانەکەی بەزۆر دادەگیرێت، ئەوکات پێویستە و دەبێت بە ئەرکی سەرشانی تا بێت داوای بکاتەوە و ھیچ کەسیش ناتوانێت ئەو مافەیان لێ زەوت بکات و رێگرییەکانیش ھیچ گرنگ نابن، بەقەد ئەوەی نان و قووت گرنگترینن، بۆیە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەبری بەلاڕێدابردنی مافەکانمان پێویستە تەسلیمی ئەمری واقع بن کە ئەو دەسەڵاتە فەشەلی ھێناوە لە بەڕێوەردنی ووڵات و پێویستە دەستبەرداری کورسیەکانیان بن، نەک بەم شێوازە بیر لە بێدەنگ کردنی ھاوڵاتیان بکەنەوە، کاتێک بۆ داوای نان و ژیان دێنە دەنگ و ھاواری قووتی منداڵەکانیان بە گوێی ئەو دەسەڵاتە فاسیدە دەدەن.

دەسەڵاتی فاسید و فاشیلی پارتی و یەکێتی بەر لە کەرەنتینە، ھەوڵی دا لەرێگەی پیشاندانی ھێز دەنگە ناڕەزاییەکان بترسێنێت و ھەموو سوچێکی پایتەختیان کردە ھێزی ئەمنی و کەوتنە ھەڕشەکردن، لەملاشەوە کاری بۆ پەرتکردن و لەیەکتر ترازانی دەنگە ئازا و سەربەخۆ خوازەکانی دەکرد، کاتێک زانی ھەموو ئەوانە ناتوانن رێگری لە برسی بوونی ھاوڵاتیان بگرن و ھەموو بەربەستە دروستکراوەکانیان دادیان نادات، میللەت ژیان و نانی دەوێت، وەک پیشەی ھەمیشەیان دەستیان بۆ راگرتنی ژیانی ھاوڵاتیان بردەوە.

ھەمووان لە ئێستادا بەروونی ئەوە دەبینین، کاتێک باس و خواسی خۆپیشاندان دەبێتە جدی دەسەڵات لەترسان کەرەنتینەمان دەکات، بە یاسا مەتاتیەکانیشیان گەر نووقە بکەی دەستگیرت دەکەن لەپێناو بێدەنگ کردنمان، بۆیە ئەرێ بەڕاست! راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ لەبەر نەخۆشی کورۆنایە یا لەبەر خۆپیشاندانەکانی نەوەی نوێ و ھاوڵاتیان بوو؟