سەردێڕ:

لە رۆژی تەندروستیی جیهاندا؛ ئێن ئاڕ تی و بندیوارەکانی تەندروستیی

4/8/2020 5:27:04 PM
9010 جار خوێندراوەتەوە
نەجات ئەحمەد
+ -

کاری وەزیری تەندروستیی ئەوەیە گیانی کارمەندانی تەدروستیی لەشەقی ھێزە ئەمنیەکان بپارێزیت و پێداویستیەکانی خۆپاراستن بۆ کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژھەڵاتی ھەولێر دابینبکات، نەک سکاڵا لە دژی NRT تۆماربکات، کە ٤٠ رۆژە سەرجەم کارمەندەکانی بەردەوام دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەجەنگن و بەسەدان ھەواڵ و راپۆرتی لەسەر خۆپارێزی ھاوڵاتیان بڵاکردووەتەوە.

وەزیری تەندروستیی کاری خۆی لەبیرکردووە کە دابینکردنی پێداویستیەکانی تەدروستییە و زووزوو کۆنترۆڵکردنیانە لە نەخۆشخانەکان و دەرمانخانەکان، لەپێناو تەندروستیی گشتی کە لە ئێستادا لە بەشێک لە دەرمانخانەکان نرخی یەک دەستە کەمامەی خۆپارێزی بۆتە ٣٥ ھەزار و بە زەحمەتیش دەستدەکەوێت.

کاتێک لە سلێمانی دکتۆر بەر شەق دەدرێت و لە ھەولێریش کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژھەڵاتی ھەولێر بەھۆی دابیکردنەکردنی پێداویستیەکانی خۆپارێزی ماندەگرن و دواتر ھەڕەشەیان لێدەکەن و پێیان گوتراوە دەبێت دەوامبکەن و قسەش نەکەن، کاری وەزیری تەندروستیی ئەوەیە چارەسەری ئەو ھەموو کێشە تەندروستییانە بکات، سەیرە دەپرژێتە سەر تۆمارکردنی سکاڵا لە NRT.

کەوایە جەنابی وەزیر ھێندە دەستت بەتاڵە، بەدواداچونێکیش بۆ ئەو کەسە دەسترۆیشتووانە بکە خێزانەکانیان بندیوارن، لە ئێستا دەوامناکەن و پاداشتێکیش بۆ ئەو دکتۆر و کارمەندانەی تەندروستیی کە لە سەنگەری پێشەوەی کۆڕۆنادان سەرف بکە وەک حکومەتی عێراقی، نەک کاتی موچەیان بۆ پێش وەزارەتەکانی دیکە پێشخەن و بیکەن بە منەت بەسەریانەوە، پاداشتیان بکەن تا ھەست بە ماندووبوونیان بکرێت.