سەردێڕ:

وەفدەکەی ھەرێم لەبەغدا ئاسنی سارد دەکوتن

12/2/2019 11:12:19 AM
14074 جار خوێندراوەتەوە
نەجات ئەحمەد
+ -

لەماوەی پێنج رۆژی رابردوودا بۆ سێیەمجار وەفدی سێ حیزبەکەی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی پێکھاتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەدەرگای بەغداد دەدەن، بەڵام چوونی ئەمجارەیان بۆ بەغدا ھاوکات بوو لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەوکاتەی وەفدەکەی ھەرێم گفتوگۆیان لەگەڵ وەفدی فەنی حکومەتی بەغدا دەکرد، لەھەمان کاتیشدا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەکەی عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانییان پەسەند دەکرد، کەبەھۆی داواکاری خۆپیشاندانەکان لە ماوەی رابردوو لە شەقامەکانی بەغدا داوای دەست لەکارکێشانەوەی بەرپرسانی حکومەتی بەغدایان کردو تا ئێستاش بەرداوامن.
بەمەش بەپێی یاسا تا راسپاردنی کاندیدێکی دیکە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ وەزیرەکانی ئێستا و ستافە ماوەکەی عادل عبدولمەھدی دەبنە کار بەرێکەر، بەپێی یاساش ناتوانن ھیچ رێکەوتنێک و ھیچ بڕیارێک دەربکەن، بۆیە ئەوەی لەئێستادا سێ حیزبەکە لەبەغدا قسەی لەسەر دەکەن ئاسنی سارد کووتینە.
ئەوەی ئێستا یەکێتی و پارتی خەریکین بەوھۆیەوە پێنج ساڵە میللەتیان تووشی دەیان نەھامەتی کردو چەندین خێزانیان بەھۆیەوە لێکھەڵوەشاندەوە، ئەوان دەستیان چووە برینی قووتی منداڵەکانی مووچە خۆران و لەملاشەوە بەناوی ئابووری سەربەخۆ سامانی ئەو ھەرێمەیان بەتاڵان برد و چەندین رێکەوتنی فرۆشتنی ناروونی نەوتیان واژووکردووە و تائێستا جگە لەبنەماڵەکانیان کەس نازانی ناوەڕۆکی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم چۆن بووە کە پارتی و یەکێتی لەماوەی رابردوو بە بۆری و بەتانکەر بەچەندین رێگەی نایاسایی نەوتی ھەرێمیان تاڵانفرۆشکردووە و پارەکەشی تەنیاو تەنیا بۆ گیرفانی یەکێتی و پارتی و  بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی چووە، کەچی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو تا ئێستاش جگە لە بەرپرسانی عێراق لەھەرێمش ھاوڵاتیان بەگومانن کە ئەوانە نەوتەکەیان تەسلیم بە بەغدا بکەن، چونکە ئەوانە تائێستا ئامادەنەبوون تەنیا یەک بەرمیل نەوتیش لەرێگەی سۆمۆوە تەسلیم بە حکومەتی عێراق بکەن تا بەشێوەیەکی ئاسایی و یاسایی بوودجەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە بنێردرێت و بەغدا نەیبڕێت لەئەنجامدا میللەت تووشی نەھامەتیەکی دیکە نەکەنەوە.