سەردێڕ:

دووبارە دەستێوەردانی دەزگای ئەمنی لە کاری دادگای تێهەڵچوونەوە

3/4/2021 8:13:22 PM
4946 جار خوێندراوەتەوە
ئیسماعیل حمەئەمین
+ -

ئەم ڤیدیۆیەی دانپێدانانە بڵاوکراوەتەوە، هیچ بەڵگەیەکی یاسایی نییە. لەبەر چەند هۆکارێک: یەکەم: بە بڕیاڕی چ دادگایەک (بەناو - بەڵگە) ئاشکرا کراوە بەمەرجێک هێشتا حوکمی دادگای تێهەڵچوونەوە لە پڕۆسەدایە و کۆتایی پێ نەهاتووە. 

دووهەم: ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە دەزگای ئەمنی لەسەروو سیستمی دادگایە لەکوردستاندا. دەنا لە کوێیی دونیادا (جگە لە وڵاتە سیستەم دیکتاتۆرەکان نەبێت) دەزگای ئەمنی بەڵگە لەسەر تی ڤی و ئامڕازەکانی پەیوەندی بڵاودەکاتەوە. گەر بە بڕیاڕی دادگا ئەم بەڵگانە بڵاوکرانەتەوە، کوا بڕیاڕەکە؟ گەر بڕیاڕەکەش بوونی هەبێت، کەواتە پڕۆسەی تێهەڵچوونەوەی داداگای تەمیز ناچالاک کراوە و دەستیان وەرداوەتەوە پڕۆسەکەوە.

سێهەم: هیچ لایەنێکی تەکنیکی بێ لایەن لەلاتەن دادگاوە، بۆ چەند جارێک چەیکی دەنگەکەی نەکردووە ئایا ئەم دەنگانە هی ئەوانن؟ ئایا مۆنتاژ نەکراون؟ جگە لەوە کێ دەڵێت قسەکانیان جیدی بووە و تەنها فانتازی خۆیان نییە! کوا جبەخانە و تەقینەوە و حەشارگە نهێنیەکانیان. 

کوا چالاکیان...ئایا گرتنی وێنەی ڕێگە و بان بەڵگەیە؟ هەموو ئەمانە پرسی کراوەن. جگە لەوە تا ئێستا لەو گوتەیەی زیندانیکراوان نەکۆڵراوەتەوە کەلەبەردەم دادوەردا باسیان لە فشاری توند و ئەخلاقی کردووە کە بەرامبەریان ئەنجامدراوە. 

چوارەم ؛ گەر دەزگای ئەمنی بڕیاڕدەر ەت وەک دادوەری کۆتایی، ئەوا بەڵگەکان پووچدەبنەوە. چونکە لێرەدا تەنها پڕۆسەیەک هەیە کەئەویش حوکمی دەزگای ئەمنیە.

لەکۆتایدا دەڵێم؛ پێویستە هەموو نوسەرانی هاوڕێم دژی ئەم جۆرە داداگایکردنە بوەستن و بێدەنگی بشکێنن. چونکە چاودێری فەیسبوک و گفتوگۆ و تەفسیرکرنی قسە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە بە ئارەزووی خۆیان و دەستبەسەرکردن و قەدەغەکردنی ڕەخنە و دەنگی ئازاد و سانسۆری کتێبی بەدوودا دێت. ئەم پێشهاتە کوردستان بەرەو هاوشێوەی ڕژێمی سەدام و باکووری کۆریا و قەزافی گۆڕ بەگۆڕ دەبات.