سەردێڕ:

خەڵک چاوەڕێی چییە و ئەمانەش خەریکی چین؟!

5/29/2020 11:45:03 PM
5486 جار خوێندراوەتەوە
هەورامان سەجادى
+ -

سەرۆکی حکومەت لێی شێواوە لە نێوان خزمەتی ھاوڵاتییان و ململانێی سیاسی لەگەڵ ھێزە سیاسییەکاندا، نازانێت کاری ئەو دەوڵەتداری و چارەسەریی قەیرانەکانە نەک منافەسەی سیاسی، ئەمە کاری حزبەکەیەتی نەک ئەو.

ببینن کاری حکومەتیان کردووە بەچی؟ ئێستا سەرۆکی حکومەت وەستاوە بەدیار تیڤی و سۆشیاڵ میدیاوە چاوەڕێی لایەنەکان دەکات چ لێدوانێک دەدەن ئەمیش وەڵامیان بداتەوە، ئیتر باسی وتەبێژ و وەزیری ناوخۆکەی و کۆمەڵێک وەزیر و پارێزگاری ھەولێر ناکەم  ئەم چەند کەسە ڕۆڵی  سەرۆکی پارتی و مەکتەب سیاسیەکانیان دەبینن و ئەوان ئێستا بێکارن .

خەڵک چاوەڕێی چییە و ئەمانەش خەریکی چین؟!

ئەوەی لەناو خەڵک دەوترێت، ئەمانەی دەسەڵات زۆر بێ ئاگان لێی، گەنجێکی گیرفان خاڵی بە لێدوانێکی منداڵانە نابێتە پارە و ھەلی کار بۆی، کرێچیەکی بێکار پەیامی پێش جەژنی سەرۆکی بەناو حکومەت نابێتە کرێخانوو بۆی، دایکێکی ھەتیوبار ڕێنمایی تەندروستیی نابێتە جلوبەرگ بۆ منداڵەکانی ئەمانە و زۆر دەردوو نەھامەتی تری ھاوڵاتیان .!

لەڕاستیدا قسە زۆر دەکرێت، بەڵام ئێمە دەبێت چیبکەین؟

خەڵک بێزارە بێزاری بەو مانایەی کە گوێ لەکەس ناگرێت لەڕاستیدا، تا ئێستا ئەوەی وتراوە پێی ناڕاست دەرچووە و بێ متمانە بووە بەرامبەر بە ھەموو ئەو کارەکتەرانەی مەیدانی سیاسی و چالاکوان و خەڵکی ناڕازی .

گۆڕانکاریی بەستراوەتەوە بە یەک ھەڵوێستی ھاوڵاتییانەوە، کە بەیەکجار بڕژێنە سەرشەقامەکان و گۆڕانکاریی لە کۆی سیستمی سیایدا بکەن، بەڵام یەک پرسیار دێتە ئاراوە کە ھاوڵاتییان بۆ نایەن؟

ئەوەی وایکردوە لە کۆی ئەو ھەموو موچەخۆر و گەنجە بێکارە کەمینەیەک لە خۆپیشاندانەکاندا ئامادەبن بێ متمانەیی ھاوڵاتییانە بەرامبەر ئەو ھێزانەی پشتیوانی خەڵک دەکەن، چونکە مێژووییەکی خراپیان لەگەڵیان ھەیە،  چونکە ھەرجارێک ھاتبنە سەرجادە و مابنەوە دوای ماوەیەک سیاسییەکان خۆیان ڕێکەوتون و پشتی ھاوڵاتیانیان بەرداوە و لەشەقام بەتەنھا جێیان ھێشتون بە جۆرێک دوای ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ دەسەڵات بە چاوی دوژمن کاری و ئاژاوەگێڕ تەماشای ئەوخەڵکەیان کردوە و بە زەبری ھێز کۆتاییان بەو ناڕەزایەتیانە ھێناوە .

بۆ ئەوەی ئەمجارە ھاوڵاتییان ترسی ئەوەیان نەبێت و کۆدەنگیەک دروستبێت پێویستە ئەو لایەنانەی پشتیوانی خۆپیشاندانەکان دەکەن بڕیاری ئەم چەند خاڵەبدەن..

یەکەم- پڕۆژەیەکی ڕونیان ھەبێت بۆ چارەسەری ئەو دۆخە و لێی پاشگەزنەبنەوە و ئامادەی ھەموو باجێک بن لە بەرامبەر ئەو پڕۆژەیەدا.

دووەم- پەیمانی شەرەف واژۆبکەن کە خۆپیشاندەران و خەڵک بە تەنھا جێنەھێڵن و نائومێدیان نەکەن.

سێیەم- دوای نەتیجەی خۆپیشاندانەکان  پابەندی بەڵێنەکانیان بن بەرامبەر ھاوڵاتییان و نەیکەنە دەرفەت بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستی حیزبی و پشک پشکێنە .