سەردێڕ:

حکومەت و متمانەی خەڵک

11/23/2020 9:49:21 PM
3177 جار خوێندراوەتەوە
عومەر مامەکوردە
+ -

نووسەرو رۆژنامەنووسی بەریتانی *رۆبەرت فیسک دەپرسێ: ئایا بۆچی خەڵکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی ماڵەکانیان خاوێنن و کۆڵانەکانیشیان پڕن لە زبڵ!

ھەر خۆی وەڵامدەداتەوەو دەڵێ: ئەوان وا ھەست دەکەن کە ماڵەکانیان موڵکی خۆیانە، بەڵام ھەمان ھەستیان بەرانبەر نیشتیمانەکەیان نیە. کێشەی نەبوونی متمانە بە حکومەت لەنێو گەلی ئێمەدا دەرئەنجامی ئەو جیاوازیە گەورەیەیە کە لە نێوانی بەرپرس و ھاوڵاتیەکی ئاساییدا بەدیدەکرێ.  بەرپرس خێر لە سامانی نیشتیمان دەبینێ؛ بەڵام بە پێچەوانەوە ھاووڵاتی ئاسایی سامانی نیشتیمان بۆی بۆتە نەھامەتی؛ بۆ نموونە بوونی نەوت لە ووڵاتی ئێمە ئەبوایە مایەی خۆشگوزەرانی بوایە بۆ ھاونیشتمانیان،  بەڵام ئەوەتا چەندین ساڵە و چەندین زستانی سارد وسەرما بەسەرماندا تێپەڕیوەو حکومەتە نەوتفرۆشەکەمان بەرمیلێک نەوتی بە ھاوڵاتیانی خۆی بە رەوا نەبینییوە.

پەیوەندی گەل بە حکومەتەکەی پێویستە بنەمابێت بۆ ھەر ھەنگاوێک کە حکومەت لە کاری رۆژانەیدا ھەنگاوی بۆ دەنێت. ئەم پەیوەندیەش سەرجەمی پەیوەستە بە متمانەی خەڵک بە حکومەتەکەی. ئەم متمانەیەش لەسەر کردار بونیاد دەننرێ نەک گوفتار. بۆ نموونە بۆ ئەوەی ھاووڵاتی بڕوا بە بوونی یاسا بھێنێت و رێزی بگرێت پێویستە ئەم یاسایە لە لای بەرپرسان رێزلیگیراو بێت نەک یاسایەک بۆ ھاووڵاتی ئەگەر سەرپێچی کرد ببێتە مایەی بەندکردن و پێبژاردن،  بەڵام ھەمان سەرپێچی بۆ بەرپرسێک، سەرۆکی ئەو دەزگایەی کە ھاوڵاتییان سزا دەدات پاساو بۆ سەرپێچی بەرپرسەکە بھێنێتەوە.

ھەر کردارو رەفتاری لەمجۆرەیە کە وای لە ھاووڵاتی ھەرێمەکەمان کردووە رێز لە یاسا نەگرێت، چونکە ئەمە وای لەھاوڵاتی کردووە کەوا بیربکاتەوە کە حکومەت لە یاساکانی ئەوی بە ئامانجگرتووە بۆ (لێ بەردانەوەی) پارە نەک ئەوی کردبێتە ئامانج بۆ پێشکەوتن و پەرەپێدانی، ھەر بۆیەش متمانە لە نێوان ھاوڵاتی و جکومەتی ھەرێمدا نیە. بەمەش حکومەت گەورەترین فاکتەری بەرخودکردنی لەگەڵ ھاونیشتیمانیەکانی خۆی لەدەستداوە.

لە دەستدانی متمانە لە نێوان ھاوڵاتی و حکومەت دەبێتە مایەی بەگوێنەکردنی، ھەر بۆیە حکومەت چەندین بڕیار دەردەکات،  بەڵام ھەر زوو خەڵک دەڵین (درۆیە)،(فشەیە)، چونکە ھاووڵاتی لەمێژە ھەستی کردووە کە حکومەت پارەی بۆ خۆی ھەیە و بۆ ھاوڵاتیانیش مووچەکانیان بەبێ ھیچ پاڵپشتێکی یاسایی بۆ پاشەکەوت دەکات.  باج لەسەر ھاوڵاتیان زیاد دەکات، بەرپرسەکانیش کە خاوەنی پرۆژەی بازرگانی گەورەن باج نادەن. ناکرێ حکومەت نەتوانێ یان دڵی نەیەت مووچەی بندیوارە راستەقینەکان ببڕیت، بەڵام بێت دەست بۆ دەرماڵەی مامۆستیان یان کارمەندانی تەندروستی ببات گوایە چاکسازی دەکات؛ بە تایبەت کاتێک ھاوڵاتی رۆژانە گەندەڵکاران بە چاوی خۆیان دەبینن کە بە ئازادی کاری گەندەڵی خۆیان دەکەن و کەسیش لێیان ناپرسێتەوە. ھەر بە ھۆی ئەم کارانەشە کە متمانە لە نێوان ھاوڵاتیان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە نزمترین ئاستدایەو ئەگەر بێت و حکومەت بە راستیش ماڵی بسوتێت و ھاوار بکات ئەوا بە دڵنیاییەوە کەس بە ھاواریەوە ناچێت.
 
• رۆبەرت فیسک‏ (Robert Fisk -١٢ یولیو ١٩٤٦) نووسەر ورۆژنامەنوسێکی بەریتانیە ماوەی سی سالە پەیامنێری تایبەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی رۆژنامەی ئیندیپێندتی ئەو ووڵاتەیە، ئێستا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەژی، یەکێکە لەو رۆژنامەنووسە بیانیە دەگمەنانەی کە چاوپێکەونتیان لەگەڵ ئوسامە بن لادن ئەنجامداوە، کتێبێکی ھەیە بەناوی (جەنگی گەورە بەپاساوی شارستانیەت: کۆنترۆڵکردنی رۆژھەڵاتی ناوەراست).