سەردێڕ:

گەڕاندنەوەی بەها بۆ دەنگی هاوڵاتیان

7/1/2020 9:16:30 PM
3543 جار خوێندراوەتەوە
عومەر مامەکوردە
+ -

منداڵ بووم باوکم دەیگوت (کوڕم پیاوەتیکردن وەک گۆشتی بەلەکە ئەبێ لێیبکەیتەوە) بێگومان لێکردنەوەی گۆشتی بەلەکی مرۆڤ شتێکی قورسە بۆیە جوامێری و خۆنەویستی و پیاوەتی بە هەموو کەس ناکرێت و تەنها پیاوی خۆی هەیە، بێگومان ئەوانەشی که پێیانناکرێ و ناتوانن ئەم کارەی تۆ بکەن بەشێکیان پاساوی نابەجێی بۆ ئەهێننەوە.

باسم لە دەستبەرداربوونی پەرلەمانتارانی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە لە ماف و ئیمتیازی موچەی خانەنشینی خۆیان وەک وەفایەک بەرامبەر وەعد و بەڵێنەکانیان بە دەنگدەرەکانیان و خۆجیانەکردنەوەیان لە خەڵکی ئاسایی و هەستکردن بە موعانتیان، لە کاتێکدا دەیانتوانی وەکو ئەوانی دیکە خۆیان بێدەنگ بکەن و دوای تەواوبوونی خولی پەرلەمان لەماڵەوە دانیشن و بێ هیچ ماندوبوونێک موچەیەکی چەند ملیۆنی بخەنە باخەڵیان.

جا ئەوانەی ئەمەیان پێ ناکرێ یان ئەو جوامێریەیان لە دەست نایەت بەشێکیان دێن پاساوی ناماقۆڵی بۆ دەهێننەوە وەک (هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ ئەچێتەوە خەزێنەی پارتی و یەکێتی)، (پارتی و یەکێتی پارەکە لە نێوان خۆیان دابەش ئەکەنەوە)، (با وەریان بگرتایە و بیاندایە بە هەژاران)، (با وەریان بگرتایە و پڕۆژەیەکی خێرخوازیان پێبکردایە) و چەندان پاساوی دیکە.

کاکە ئەوە هەڵوێستە، وەعدێکە و بە دەنگدەر دراوە ناکرێ ئەمڕۆ کە دەستت پێیگەیشت و دەنگدەر هیچی بەرامبەرت پێ ناکرێ تۆ لێپەشیمان بیتەوە، کە بەداخەوە چەندین ساڵە واکراوە بۆیە حاڵمان ئەو حاڵەیە، بۆیە ئەوەی فڕاکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کردی هەنگاوێکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەخلاق بۆ سیاسەت، بۆ گەڕاندنەوەی بەها بۆ دەنگی هاوڵاتیان و بەردەوام دەبین.