سەردێڕ:

ئایا یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت دەکشێنەوە؟

5/15/2020 11:32:27 AM
10136 جار خوێندراوەتەوە
عومەر مامەکوردە
+ -

ماوە ماوە و لێرەولەوێ و ھەرکاتێک پارتی پابەندی ڕێککەوتنەکانی نابێ لەگەڵ ھاوپشکەکانی لەحکومەت کە وەعدی پێدانی پۆستی پێداون، ھەر دەرفەتێک یان ئاریشەیەک بێتە پێش کە خەڵک ئومێدێکی بۆ دروستببێ و چاوەڕوانی لایەنەکان بن کە ھەڵوێستێکیان ببێ لە قازانجی خەڵک بێ، یەکێتی و گۆڕان لەسەرەوە وای نیشاندەدەن کە لە بەرەی خەڵکن و بایکۆتی ھەندێک کۆبونەوەی لاوەکی دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتەدا لە پەیجە سێبەرەکانیان دەنگگۆی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە سەرکردایەتیەکەیان تاوتوێی کشانەوە لە حکومەت دەکات و کۆبونەوەی ڕواڵەتی پێکەوە گرێدەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا و لە ژێرەوە و بە جیا گفتوگۆی وەرگرتنی پۆستی زیاتر دەکەن لە حکومەتەکەی پارتی؛ بۆ نموونە ماوەی چەندین مانگە حکومەت مووچەی خەڵکی نەداوە و خەڵک لە خراپترین دۆخی گوزەراندان و دواتر کێشەی زینی وەرتێ و ئاریشەی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عمر، گۆڕان و یەکێتی کە ماوەیەکی زۆرە کۆنەبونەتەوە بە پەلەپڕوزێ کۆبونەوە و گوایە تاوتوێی لامەرکەزیان بۆ سلێمانی کردوە و پێکەوە ناڕازیبوون لەسەر ھەڵگرتنی پارێزبەندی و بەشداری کۆبونەوەی پەرلەمان ناکەن و لە پەیجە سێبەرەکانیشیان ھەواڵی ئەگەری کشانەوە لە حکومەت و نزیکبونەوەی دەستبەکاربونی تۆپخانەکانیان بڵاودەکردەوە.

بەڵام لە ماوەی ئەو ڕووداوانەی لەسەرەوە باسمان کرد، گۆڕان و یەکێتی بەجیا لەگەڵ پارتی کۆبونەتەوە و ھەردووکیان بە کردار و سەڕەڕای نەبونی دەوامی فەرمی فەرمانگاکان چوار پۆستی بریکاری وەزارەتیان وەرگرتوە و دەستبەکاریشبوون، بۆیە دەردەکەوێ کە ئەو خۆ ناڕازی نیشاندانە لە پێناوی چاوی ڕەشی ھاوڵاتیان و دەنگدەرەکانیان نیە، بەڵکو و بۆ بەدەستھێنانی پۆستی زیاترە و بەمەش کێشەکانی ھاوڵاتیان بەردەوام و قوڵتردەبن و خەڵکیش زیاتر بێ ئومێد دەبێ.