سەردێڕ:

بۆ خۆپیشاندان دەکەین

2/17/2020 11:26:57 PM
6680 جار خوێندراوەتەوە
عومەر مامەکوردە
+ -

ھەر وەک ھەمووان دەزانین ئازادی خۆپیشاندان یەکێکە لە جوانترین وێنەکانی ئازادی ڕادەربڕین و پەیڕەوکردنی ئازادی بیرکردنەوە و ویژدان بەشێوەیەکی پڕاکتیکی، ئەمەش بە کۆبوونەوەی کۆمەڵە کەسێک پێکدێ لە کات وشوێنێکی دیاریکراودا، زۆرجار پاڵنەرەکە سیاسیە یان ئابوریە ھەندێک جاریش ئاینیە، لە بنەڕتدا ئەسڵ وایە خۆپیشاندان ئاشتیانە بێ ھەربۆیەش لە ئەسڵدا ڕێگە پێدراوە، ھەر بۆیەش لەسەر ھێزە ئەمنیەکان پێویستە بەشێوەیەکی شارستانیانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکەن.

لە دەستوری کۆماری عێڕاقدا و لە ساڵی ٢٠٠٥ ھاتووە ، ھاوڵاتیانی عێڕاق مافی خۆپیشاندانیانی ئاشتیانەیان ھەیە بە پێی بڕگەکانی ماددەی ئاماژەپێکراوی ٣٨.

ھەر وەک ئاشکراشە لە ھەرێمی کوردستان یاسایەک دەرناچێ کە دژبێ لەگەڵ دەستوری کۆماری عێڕاق، بێگومان ھەر سیستەمێکی دیموکراتیش شانازیە گەورەکەی ئەوەیە کە ئازادی ڕادەربرین فەراھەم بکات نەک ھەر جارەی بە بیانویەک ئەو مافە لە ھاووڵاتیانی وەرگرێتەوە، چونکە پێویستە ئەوەمان بیرنەچێ ئازادی ڕا دەبڕین چەترێکی گەورەیە بۆ ئازادیەکانی دیکە وەک ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن و چاپ وبڵاوکردنەوە. 

ئەوەی سەرەوەم بۆ ئەوە بوو کە بڵێم خۆپیشاندان مافێکی دەستوریە و ڕێگەپێدراوە کاتێک ھاووڵاتیان کێشەیەکیان ھەیە و دەسەڵاتیش گوێی لێناگرێ، جا ئەگەر بشپرسین ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان چ کێشەیەکیان ھەیە؟  ئەوا دەبێ(جا ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان چ کێشەیەکی نیە؟) لێرە تەنھا ناونیشانی کێشەکان دەنووسین نەبوونی مووچە دواکەوتن و پاشەکەوتکردنی بەبێ پاڵپشتی یاسا کێشە نیە؟.

دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان کێشە نیە؟ نەبوونی کار بۆ ھاووڵاتیان کێشە نیە؟ نەبوونی خزمەتگوزاری و نەوت وغاز و خراپی ڕێگاوبانەکان کێشە نیە؟ بەسیستەمکردنی گەندەڵی کێشە نیە؟ دیارنەبوونی داھاتی نەوتفرۆشتن کێشە نیە؟ سەربەخۆنەبوونی دادگاکان کێشە نیە؟ بەڵێ کێشەکان زۆر زۆرن و دەکرێ بڵێم لە ژمارنایەن بۆیە خۆپیشاندان ئێستا لە پێویستیش پێویست ترە.