سەردێڕ:

لە بارەی مەلا مەزهەر و کێشەکەی

1/27/2020 3:19:16 PM
19908 جار خوێندراوەتەوە
عومەر مامەکوردە
+ -

ساڵی ١٩٩٤ لە قۆناغی یەکەمی کۆلیژی زمانی زانکۆی سلێمانی بەشی خوێندنی ئیسلامی، ئەوەی ئێستا بۆتە مەلا، مەزهەرم ناسی، ئەوکات خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بوو و باوکی ئەو لە پشکی پارتی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو، مەلا مەزهەریش خوا هەڵناگرێ ئەو کات پێچەوانەی ئێستای پارتی بوونی خۆی پێ شەرم نەبوو.

دواتر دوای ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب مەلا مەزهەرم لە هەولێر بینیەوە کە ئاوارەی پارتی یەو لە دەستی یەکێتی ڕایکردووە، لە ساڵی ٢٠٠١ هەر چەندە دەستیشی شکا بوو، بەڵام چونکە ئاوارەی پارتی بوو وەزارەتی ئەوقاف ئەوی کردە یەکێک لەوانەی وەک (مرشد)کە بە ڕێگای وشکایی و بەناو موسڵ و بەغدادا بچێتە حەج.

لەبارەی ڕێکخراوەکانی ژنان دەمێکە بۆ خەڵک روونبووەتەوە کە بەشێک لەو ڕێکخراوانە دروستکراوی دوو حزبی دەسەڵاتن و پارەی زەبەلاحیشی بۆ خەرج کردوون، بۆ ئەوەی ببن بە بابەت و لە کاتی پێویست لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنێ، بۆیەش چەندین ناو و ڕێکخراومان بینی ماوەیەک دەبن بە (جان جاک ڕۆسۆ)ی زەمان، بەڵام چونکە کۆپین و وەک شاشە سوتاوەکانی سەردەمی جاران (جەمپ) یان لێدراوە بۆیە تەنها ماوەیەکە و پاداشتی کارەکەی خۆی وەردەگرێ و ئەچێتەوە و دائەنیشێت.

ئەوەمان لەبیر نەچێ زۆر لە هەڵسوڕاوەکانی ئەو ڕێکخراوانە بە ژن و پیاویانەوە، لە ژیانی خێزانداری خۆیان سەرکەوتوو نەبوون، هەندێکیان سەرەتا گوایە دژایەتی فرەژنی دەکەن کەچی دوای ماوەیەک ئەبینی خۆی بۆتە ژنی دووەمی هاوکارەکەی و لە پردێ و دیبەگەش گرێبەستی زەواجەکەیان کردووە!!!

بۆیە بەڕای متەوازعینانەی خۆم دەڵێم، بابەتی مەلا مەزهەر و هاوشێوەکانی دروستکراوی دەسەڵاتەو بۆ لە بیربردنەوەی کێشەی خەڵک و یاسای خانەنشین و مەشغوڵکردنی هاوڵاتییانە، بە شتی لاوەکی و بیربردنەوەی کێشە سەرەکیانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، کە خۆی لە دزینی نەوت و نەبوونی خزمەتگوزاری و دواکەوتنی مووچە دەبینێتەوە، بۆیە هەم مەلا مەزهەر وهاوشێوەکانی و هەم بەشێکی زۆری بەناو ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان هەردووکیان ئەم کێشانە دروستدەکەن و گەمەکە تەواو دەکەن.

لەگەڵ ئەوەش ئێمە خوانەنەخواستە نە لەگەڵ ئەوەی بێ ڕێزی بە پیرۆزیەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بکرێ نە خوانەخواستە کەسێک لەژێر هەر سیبەرێک بێ مافی مرۆڤ بە گشتی و مافی ئافرەتیش بە تایبەتی پێشێل بکات.

بۆیە پێویستە هاوڵاتییان زۆر وردتر و ژیرانەتر بیر لەو جۆرە کێشانە بکەنەوە و بەم گەمانەی دەسەڵات هەڵنەخڵەتێن، چونکە بەشێک لەو جۆرە مەلایانە کار بۆ دەسەڵات دەکەن و سۆزی موسوڵمانان و دڵپاکیان ئیستیغلال دەکەن لە پێناو ئامانجی دیکە، وە پێشتریش نمونەی لەم جۆرەمان بینیوە وەک مەلا بەشیر و جەندین مەلای تر هەبوون، کە زۆر توند بوون و تەنانەت دەیانوت تەوقە لەگەڵ ژنان حەرامە، کەچی ئێستا بەرپرسی پارتین و ئێستا بە ئاشکرا تەوقە لەگەڵ ئافرەت دەکەن و هیچیش پێان حەرام نییە.

هەرێمی کوردستان ئەو هەموو کێشەیەی هەیە، کەچی مەلا و بە ناو رۆشنبیر ئەم جۆرە کێشە لاوەکیانە دروستدەکەن و کێشە سەرەکیەکان لە بیر هاوڵاتییان دەبەنەوە.