سەردێڕ:

ئەوکاتەی جیاوازیەکان نامێنن مامەڵە لەگەڵ کێ دەکرێت

2/26/2020 2:31:10 PM
14990 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد حاجی ڕەشید
+ -

یەکێک لە و جیاوازیانەی کە زەرورە ھەبێت لە ناو ھێزە سیاسیەکاندا بریتیە لە دیدگای سیاسی جیاواز، بەواتایەکی دیکە دیدگای سیاسیە ھێزەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە لە ھێزێکی ڕادیکاڵەوە بۆ ھێزێکی میانڕەو، لە ھێزێکی کۆنزێرڤاتیڤ بۆ ھێزێکی کراوە، لە ھێزێکی ئایدیولۆجی بۆ ھێزێکی کۆمەڵەلایەتی، لە ھێزێکی نەتەوەیی بۆ ھێزێکی ئومەمی، لە ھێزێکی پاوانخواز بۆ ھێزێکی ئازاد و دیموکراسی و .....ھتد.

دیدگای جیاوازی ھێزەکان وایانلێدەکات لە ئاست بابەتە سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و مەزھەبی و نەتەوەیەکاندا کردار و ھەڵوێستی جیاواز و ھەندێجاریش پەرچەکرداری جیاوازیان ھەبێت، لە ھەمانکاتدا دیدگای جیاواز دەبێتە بەرنامەی جیاواز و ستراتیژی جیاواز و حکومەتی جیاواز و یاسای جیاواز و خزمەتگوزاری جیاواز و دەرئەنجام کۆمەڵگەش بەم جیاوازیانە دەتوانێت چاک لە خراپ جیا بکاتەوە و چاکان پاداشت بکات و خراپەکارانیش سزا بدات، گەشەی فیکری کۆمەڵگەش لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە نوخبەی سیاسی بتوانێت ئەو جیاوازیانە شرۆڤەبکات و بە ئاڕاستەیەکی تەندروست ڕێگەی نیشانبدات.

بەڵام کاتێک ھێزە سیاسیەکانی ئێمە بە بچوک و گەورەیانەوە، بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیانەوە، بە ئۆپۆزسیۆنی سلبی و ئیجابیانەوە، بە ھێزی ئیسلامی و سیکۆلاریانەوە، بە ھێزی نەتەوەیی و ئومەمیانەوە، بە ھێزی ئایدۆلۆجی و کۆمەڵایەتیانەوە، بەکۆنزێرڤاتیڤ و کراوەیانەوە ھەمان ھەڵوێستیان ھەیە لە مەڕ ھەموو ڕوداوەکان، ھەندێجاریش کێبڕکیانە لەسەر بابەتێک کە لە بنچینەدا ئەو ھێزە لە بونیەی فیکریدا دژە بەو ستراتیژو بۆچونە.

کاتێک بابەتێکی نەتەوەیی باس دەکرێت ھەموان نەتەوە پەرست و نەژاد پەرستێکی زۆر تۆخیان لێبەرھەم دێت، ھەموان بەیەک خیتابی سیاسی قسەدەکەن بەیەک وەفد بەشداری دەکەن بەھەمان بەیاننامە ڕای خۆیان دەردەبڕن.

خۆ ئەگەر بابەتەکە بۆنە و موناسەبەیەکی ئاینی بێت ھەموان دەبنە پۆست ئیسلامی ھەندێکیشیان تێیدەپەڕێنن لە ئیسلامیەکان زیاتر گرنگی بە بابەتەکە دەدەن.

کاتێکیش بابەتی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات تەواوی بەرنامەی حیزبەکان بەشێوەیەک لە یەک دەچێت ئەگەر مانشێت و لۆگۆی پارتەکانی لەسەر نەبێت نازانرێت بەرنامەی کام پارتی سیاسیە، بەمەرجێ ھەموو پارتێکی سیاسی سوور دەزانێت کە پێگە جەماوەرییەکەی بواری ئەوەی ناداتێ حکومەت پێکبھێنێت و بەرنامەی ھەڵبژاردنیش واداناڕێژرێت کە ئاماژە بدات بەوەی ئەوە بەرنامەی ئەو دەبێت ئەگەر بەشدار بوو لە حکومەت .

کاتێک حکومەت پێکدەھێنرێت، ھەموان بەرنامە و دیدگا و ستراتیژ و ھەڵوێستەکانیان لە بیردەچێت، ھەموو خەمیان دەبێت بە پشک لەو حکومەتە، نەبۆ خاتری ئەوەی ئەو پارتە سیاسیە لە ڕێگەی ئەو وەزارەتەوە کادری بەتوانای ھەیە و دەتوانێت خزمەت بکات، بەڵکو ئەو وەزارەتە گەورەترین سەرچاوەی داھاتە بۆ ئەو لایەنە سیاسیە، بەقەولی بەڵێندەرەکان (نان لە فڵان پرۆژەدایە).

لە ئێستادا پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتی عێراق لەئارادایە، بە پێچەوانەی دونیاوە دەویسترێت حکومەتێک پێکبھێنرێت کە وەزیرەکانی سەر بەپارتە سیاسیەکان نەبن یان دەکرێت سەربەلایەنی سیاسی بن، بەڵام ڕاستەوخۆ پارتە سیاسیەکان کاندیدیان ناکەن، لانیکەم بۆ ئەوەی وەلائی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێت لەگەڵ وەزارەتەکەی، قیامەت ھەستاوە و کورد و سوننە بەھیچ شێوەیەک قبوڵیان نییە، خۆشیەکەی لەوەدایە ئەو پارتە سیاسیانەی کە سوور دەزانن وەزیریان بەرناکەوێت ھەر داکۆکی لە پشکی ئەوانە دەکەن کە وەزیریان بەردەکەوێت، ئەمە ئەگەر بە ڕاستەوخۆش نەبێت بە ناڕاستەوخۆ ڕاستە، چونکە بە بەڵگەوە دەیڵێم چەند کۆبونەوەی ھاوبەش کراوە دووھێندە کۆبونەی ژێر بە ژێری دولایەنە و تاک لایەنە کراوە بۆ دانانەوەی وەزیرە پێشوەکان و دانانەوەی وەزیری حیزبی لە پارتە دیارەکانی ھەرێم.

بۆیە لەبەر نەمانی جیاوازی لە دیدگا و بەرنامە و ھەڵوێستەکاندا:

دەوڵەتە بیانیەکان و سەفارەت و ڕێکخراوە بیانیەکان و نێو دەوڵەتیەکانیش تەنھا مامەڵە لەگەڵ دوو پارتی سیاسی دەکەن بە تەسەلسول یەکەم و دووەم .

ھێز و قەوارە سونییەکان تەنھا مامەڵە لەگەڵ دووپارتی سیاسی دەکەن، بەرژەوەندییان لای ئەوانە.

ھێز و قەوارە شیعیەکانیش تەنھا مامەڵە لەگەڵ ئەوە لایەنە دەکەن کە بەئاشرا و بە ڕاشکاوی ھاوپەیمانیان بێت، لای گرنگ نییە کێ چی دەڵێت و چی ناڵێت، کێشەی ئەوەیش نییە کام ھەڵوێستە شەرمەزاریە و کام ھەڵوێستەش شکۆمەندییە، گرنگ ئەوەیە کام بڕیاڕ لە بەرژەوەندی خۆی بێت بەبێ سڵەمینەوە دەیدات و کێش بەدڵی نییە با تێر ئاوی سارد بخوات.

لەڕاستیشدا ئەوەتان بۆ سەلما کە کاتێک جیاواز بوون چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن بۆیە چی تر گلەیی ئەوە مەکەن بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێوە ناکرێت.

‌بەپەلە