سەردێڕ:

کاریگەرییەکانی نەبوونی توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی لە قوتابخانەکاندا

11/13/2019 2:52:15 PM
6709 جار خوێندراوەتەوە
جەزا والی
+ -

ئاشکرایە توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی ھۆکاری سەرەکی و فاکتەری یاریدەدەرە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی پەروەردەو بنەمایەکی سەرەکی سیستەمی پەروەردەی پێشکەوتووە،  سەرجەم کارەکانی توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ رێنمایی و ھۆشیارکردنەوەی خوێندکارە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەرونی و کۆمەڵایەتی و رەفتاریی و تەندروستییەکانی خوێندکارە، بۆ گەشەپێدانی توانا کەسیی و مرۆیی و سایکۆلۆجیەکانی خوێندکارە، بۆ پاراستنی خوێندکارانە لە خووە خراپ و حاڵەت و دیاردە خراپە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ پاراستنی خوێندکارە لە گرفت و نەخۆشییە دەرونیەکان، سیستەمی نوێی پەروەردەش جەخت لە سەنتەربوونی خوێندکار دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا قوتابخانە و مامۆستا و پرۆگرام بۆ خزمەت و پێگەیاندنی خوێندکارە، ھەروەک کۆی دامەزراوەکانی تری حکومەت لەخزمەتی ھاوڵاتیدایە، لەدەساڵی ڕابردوودا حکومەتی ھەرێم بەگشتی و وەزارەتی پەروەردە بەتایبەتی گۆڕانکارییەکی زۆری لە پرۆگرام و سیستەمی پەروەردەدا ئەنجامدا، بەئامانجی ئەوەی کە خوێندکار سەنتەری پرۆسەی پەروەردەو فێکردن بێت، بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا مرۆڤێکی تەندروست و بەرھەمھێن و رۆشنبیرو بڕوابەخۆبوو  بونیادبنێت، بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجەش پەروەردە پێویستی بە پسپۆڕی کۆمەڵناسی و دەروونناسییە ،کە وەک توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی لە ناوەندەکانی خوێندندا کار بکەن، لە کۆی نزیکەی زیاتر لەشەش ھەزار قوتابخانە نزیکەی ھەزار قوتابخانە توێژەری کۆمەڵایەتی یان توێژەری دەروونی بۆ دابینکرا، بەھۆی ئەم توێژەرانەوە کاری کۆمەڵایەتی زۆر گرنگ ئەنجامدرا، ھەزاران دایک و باوک رێنمایکران و ھۆشیاری دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستیان پێدرا، ھەزاران کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ڕەفتاری چارەسەرکرا، ئاستی زانستی لەو قوتابخانانەی کە توێژەریان ھەبوو زۆربەرزتربوو بە بەراورد بەو قوتابخانانەی کە توێژەریان نەبوو!، زۆر عادەتی سلبی و کلتووری دواکەوتوو بەھۆی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە لای ھەزاران خوێندکارو ھەزاران خێزان گۆڕا بە عادەت و کلتوری مەدەنی و مرۆڤدۆستانە، توێژەران لە قوتابخانەکاندا توانیان بەرێنماییە بەکۆمەڵییەکانیان بۆ خوێندکاران و بۆ دایک و باوکان ھۆشیاری و کلتوریی لێبوردەیی و ناتوندوتیژی بگەیەننە سەدان ھەزاران خوێندکارو دایک و باوک، توێژەران توانیان ھۆشیاری تەندروستی و ژینگەیی بگەیەننە ھەزاران خوێندکارو ھەزاران دایک و باوک، توێژەران بەھۆی کاری رۆژانەیان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەقوتابخانەو خوێندنگەکاندا سەدان کەسیان لەخۆکوشتن ڕزگارکرد، بوونە ھۆکاری ئەوەی ھەزاران قوتابی واز لەخوێندن نەھێنن و قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن بەسەرکەوتوویی ببڕن، ھەزاران قوتابیان لە گرێ و گرفت و نەخۆشییە دەرونییەکانیان ڕزگارکرد، توێژەران بەھۆی ڕێنماییەکانیانەوە ھەزاران خوێندکاریان لەلادانی رەفتاری پاراست و ھۆشیاریان کردنەوە، ئەگەر دامەزراوەیەکی زانستی توێژینەوەیەک لەسەر رۆڵی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی لە قوتابخانەو خوێندنگەکاندا ئەنجام بدات، دەرئەنجامی ئێجگار گرنگ و سەرنجڕاکێش دەردەکەون!. سەرەرای ئەم ھەموو ئەرکە گرنگ و زانستییە، کەبنەمای گۆڕانی کۆمەڵایەتی پێشکەوتوو لەم ئیشانەو ڕوودەدات، لە ساڵی(٢٠١٣) وە دامەزراندنی توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی وەستاوە، لە ساڵی (٢٠١٣) وە تا ئێستا، وەزارەتی پەروەردە سەرەرای قەیرانی دارایی ھەزاران مامۆستای بە گرێبەست و بە وانەبێژ بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان دابینکرد، بەجۆرێک نەیھێشت ھیچ قوتابخانە و خوێندنگەیەک بێ مامۆستابێتـ، مامۆستای سەرجەم پسپۆڕییە جیاوازەکانی بۆ سەرجەم قوتابخانەو خوێندنگەو تەنانەت پۆلەکانیش لەقوتابخانەکاندا لە شارو لادێ دابینکرد، کەبەراستی ئەم کارە جێگەی تەقدیرو بەرزنرخاندنە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە سەرەرای پێویستی زۆری قوتابخانەو خوێندنگەکان بە توێژەرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی، سەرەرای بوونی کێشەی زۆری کۆمەڵایەتی و دەروونی و رەفتاری، حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی ڕەزامەندییان نەدا لەسەر دابینکردنی توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی بەگرێبەست یان بەوانەبێژ بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان، لەکاتێکدا لەبنەڕەتدا پێویستییەکی پەروەردەیی بوو، بەھەمان شێوەی مامۆستایان توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونیش بۆ قوتابخانەو خوێندنگەکان دابینبکرایە، بەھۆی ئەم دانەمەزراندنەوە نزیکەی پێنج ھەزار قوتابخانە نەتوانرا توێژەری بۆ دابینبکرێت، ھەزاران کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی بە چارەسەرنەکراوی مایەوەو کاریان لەسەر نەکرا!، ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و لایەنی دەرونی و کۆمەڵایەتی قوتابیان و خوێندکاران دروستکردووە، لە ئێستا توێژەران و دڵسۆزانی پەروەردەو پسپۆڕانی بواری پەروەردەو دەرونزانی و کۆمەلڕناسی بەئومێدێکی زۆرەوە دەڕواننە کاری ئەم کابینەیەی حکومەت و بەرێزان وەزیری پەروەردەو سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت، بۆ  ئەوەی لەلایەک ئەم پێداویستییە گرنگەی بواری پەروەردە دابینبکەن و لەلایەکی تریشەوە سوود لەتواناکانی پسپۆڕانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی وەربگیرێت، بەئاراستەی خزمەتکردنی قوتابیان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە ئامانجی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ھاوچەرخ، لە ئێستادا ملیۆنیک و حەوسەدو پەنجا ھەزار قوتابی و خوێندکار لە یەکی بنەرەتی تا دوانزەی ئامادەیی لە ناوەندەکانی خوێندندا دەخوێنن، کەدەکاتە زیاتر لەیەک لەسەر سێی کۆی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان، خزمەتکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ژمارە زۆرە لە قوتابیان واتە خزمەتکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی یەک لەسەر سێی کۆی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان!، ھۆشیارکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە قوتابیان واتە ھۆشیارکردنەوەی یەک لەسەر سێی کۆی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان، لەئەنجامدا بەھۆی کاری توێژەرە کۆمەڵایەتی و دەرونیەکانەوە گۆڕانی کۆمەڵایەتی پێشکەوتوو  لەکۆمەڵگەدا ڕوودەدات.

تێبینی:

لەکۆی زیاتر لە (٦٠٠٠) شەش ھەزار قوتابخانەو خوێندنگە لەھەرێمی کوردستاندا، کەمتر لە ھەزار قوتابخانەو خوێندنگە توێژەری کۆمەڵایەتی و رێنمایکاری پەروەردەییان ھەیە، (٥٠٠٠) پێنج ھەزار قوتابخانەو خوێندنگە توێژەریان نییە!، زیاتر لە ( ٤٠٠٠) چوار ھەزار  توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی دانەمەزراون!.