سەردێڕ:

ئەوانەی کانی دەروێشی لێڵ دەکەن

7/14/2020 12:01:06 AM
11629 جار خوێندراوەتەوە
مەسعود هاشمی بەرزنجی
+ -

کۆچی دوایی یەکێک لە دیارترین ڕابەران و کەسایەتییەکانی تەریقەتی قادری خوالێخۆشبوو شێخ محەمەدی کەسنەزانی و بەدوایدا لێشاوی دەروێشەکانی قادری بۆ بەشداری کردن لە پرسەی ڕابەرەکەیان، ئەویش لە سەردەمی کۆرۆنا و لەبەرچاونەگرتنی ڕێنماییەکانی تەندروستی، مشتومڕێکی کۆمەڵایەتی دروست کردووە کە بە پێویستم زانی چەند تێبینییەک باس بکەم.

لە کوردستان ئایین لە ڕێگای عیرفانەوە خۆی پێناسە کردوە کە لە شێوازی دەروێشی، تەریقەت و سۆفیگەری لە کۆمەڵگای کوردیدا پراکتیز کراوە و تەمەنێکی درێژی لە کۆمەڵگای کوردیدا ھەیە. سۆفی، دەروێش، دێوانە و خاکسار ناوێکی کۆنە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا و بوونی ھەیە، واتە بەشێکە لە کەلتووری کۆمەلگای کوردەواری، وەک چۆن موحەڕەم و تاسوعا و عاشورا لە نێو خەڵکی ئێران و شیعەکان بە تایبەتی کەلتوورێنراوە و ساڵانە دەیبینین .

ھەرچەندە ھەموو کوردێک ئەھلی تەسەوف نەبووە، بەس کورد بە گشتی ئاشنایی بە ئەو دیاردەیە ھەیە، واتە حاڵ و جەزبەی دەروێشان و زیکری دەروێشان نمایشێک لە پەیوەست بوونی دەروێشان بە تەریقەتەوە نیشان دەدات، ھەر ئەم ئاشنا بوونە ھۆکارێک بوو بۆ پولیسەکانی ھەرێمی کوردستان کە تەقەیان لە لێشاوی دەربازبوونیان بۆ دیوی باشوور نەکرد، بەڵام کەمتەرخەمی دەسەڵاتی ئێران و ئاگا نەبوون بە کەلتوری کوردی و شارەزا نەبوونی سەرباز و پۆلیسی ئێران بە فەرھەنگی دەروێشی لە کوردستان بووە ھۆکاری تەقەکردن لە دەروێشەکان کە دەربازی باشور دەبوون، سەربازێکی تارانی یان ئەسفەھانی کە شیعە مەزھەبن بە ھەڵسوکەوتی تازیە بارێکی موحەڕەم ئاشنایە، ئەویش دیسان حازر نابێت تەقە لە ڕەشپۆشانی نێو تازییەی تاسوعا و عاشورادا بکات.

تەریقەت و تەسەوف ئایینی ئیسلامیان بە فیلتەری کەلتووری کوردیدا لە کوردستاندا تێپەڕاندووە و پەرە پێداوە، بە ھۆی کوچبەر بوونی کۆمەڵگای کوردەواری، ھەموو کوردێک بە ئایینی ئیسلام شارەزایی نەبووە، تەسوف واتە تەریقەتەکانی قادری و نەقشبەندی میکانیزمێک بوون بۆ ئیرشاد و بانگێشت کردنی خەڵک و لەم بارەوە مێژوویەکی درێژیان تۆمار کردووە، کە زۆر جارێکیش پشتگیری و ھاوکاری مادی کۆمەڵگای بە خۆوە گرتووە. تەکیە و خانەقا و تەسەوفی ئیسلامی لە سەدەی سێیەمی پاش ئیسلام لە بەغداد و فەلەستین بەدی ھاتووە و بەرەو کوردستان تەشەنەی کردووە و کاتێ کە تەکیە و خانەقا پەیدا بوون ، ئیدی کەم کەم دەبنە سەنتەرێک بۆ لایەنگران و شوینکەوتوان و تەنانەت خەڵکانی دیکەش کەڵکیان لێ وەردەگرت و زۆربەی جاران ھەژاران ڕوویان لەم سەنتەرانە کردووە و بە سەدان کەس لەم تەکیە و خانقانەدا گەورەبوون، کە ئەڵبەت دەیان کەسایەتی ئەھلی عیرفان ھەبوون کە بۆ خۆیان ڕابەرێکی پەروەردەیی بوون و شوێنکەوتووی زۆریان ھەبووە کە بۆ نموونە، سەید ڕەزا و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید دەتوانین ناو ببەین کە ئەو پەروەردەی عیرفانییە ھیچکات نەیھێشت لە بەرانبەر ستەمکار سەر دابنوێنن.

عیرفان و پەروەردەی عیرفانی لە ئەدەبیاتی کوردیدا زۆر گشتگیر بووە کە لە شیعر و شاعیردا خۆی نواندووە و لوتکەی زەق بوونەوەی تواناکانی نوخبەی ئەدەبی کورد بووە، ھزر و بیری عیرفانی، پەیوەندی نێوان خالق و مەخلوق، لە شاکاری شاعیرانی وەک مەلای جزیری، مەحوی، نالی، مەولەوی، فەقێ تەیران، سەید یەعقوب مایەشتی، و دەیان شاعیری تر بووە، بەڕاستی عیرفان و مەکتەبی عیرفان ھاندەرێکی حاشا ھەڵنەگربووە بۆ ھاندانی ئەم کەڵە شاعیرانە، کە کەلتوور و ئەدەبیاتی ئەمڕۆی کوردی بەم کەسایەتییانە قەرزدارە کە بناغەی دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردییان داناوە.

بەڵام ئایا کەسایەتییەکان کە ئەمڕۆ ڕێبەرایەتی تەریقەت دەکەن کەسانی عارفن؟ عارف بوونی کەسێک تەنیا لە چوارچێوەی تەریقەتدا پێناسە ناکرێت، بەڵکو بە دڵ ڕۆشنی مرۆڤ و پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کردگار گرێدراوە، کەسانێک بە کەم ئاگایی و بە ھەڵەکانیان، کانی و سەراوی خاوێنی دەروێشی لێڵ دەکەن و کەسی ئەھلی عیرفان لەگەڵ چینی سیاسی، واتە پارتە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی کوردی، کە بەداخەوە زۆربەیان میللەتی کوردیان سەرشۆڕ کردووە، بەراورد دەکەن، ئەو دەسەڵاتدارانە بە ناوی کوردایەتییەوە کەلتووری گەلی کوردیان تووشی ھەرەسی ئاکاری کردووە و لە ھاوردە کردنی داب و نەریت و قۆڕیاتی رۆژئاوا بگرە تا ھاوردەکردنی سەلەفییەتی تەعریبی و ئیخوانی ئەردۆغانی سەد ڕەحمەتیان بۆ کفن دزەکە دەرھێناوە، ھەر بۆیە نابێ کەسێکی عارف و دەروێشێکی خاوەن ئاکار لەگەڵ دەسەڵاتێکی گەندەڵدا بەراورد بکرێت.

ئەگەر قەرار بێ شێخایەتی و دەروێشی بخرێتە ژێر کاریگەری زریق و بریقی دونیایی و پێناسەی کەسێکی عارف گرێ بدرێت بە پێگەی دونیایی و سەروەت و سامانییەوە و پشتیوانی حکومەتییان ھەبێ، ئیدی مانایەکی تیادا نامێنێت، ئەودەم ڕۆحی عیرفانەکە دەمرێت، کردنەوەی دەرگای تەریقەت بەڕووی دەسەڵاتی سیاسی و بەکارھێنانی تەریقەت لە سیاسەتدا لێڵ کردنی کانی پاکی دەروێشانەیە، عارف بوونی شێخێک لە دەروێش بوون و خاکی بوونیدا دەبینرێت، لە سەربەخۆبوون و ھەڵسوکەوت و ھەڵوێستەکانیدا زەق دەبێتەوە، لە ڕاستیدا خەڵکانێک ئەھلی عیرفان ھەموو کەسێک بە عارف ناناسن بەڵکو کەسانی خاکی، واتە “خ” “ا” ک” “ی"، “خ “بە واتای خاکسارن و خاکی بوون ، خوداپەرست، و خاوەن ھیمەت، “ ا ” یان ئا ئەمین، ئیمان دار، “ک” بۆ کەرامەت پارێزی، “ی” بۆ یەقین بوون بە ئیمان و بڕوایەک کە بە ڕۆژی دوایی ھەیەتی، واتایەکی تر عارف کەسێکە کە بتوانێ دەستگیر و ڕێنمونی مرۆڤەکان بێ، نموونەی کەسانی عارف لە کوردستان کەم نین، وەک ھەریەک لەنووسەرەکان (تەھا سلێمان، عومەر مەحمەد، سمکۆسابیر، عەدالەت عومەر ساڵەح، مەحمەد حمەساڵەح تۆفیق، لەتیف فاتیح، عارف قوربانی) و چەندینی تر باسی ئەم چیرۆکەی خوارەوە دەکەن.

کاتێ شیخ حسەینی ھەزارکانی و بنەماڵەکەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەگەڵ بەشی زۆری دانیشتوانی ئاواییەکانی گەرمیان لەئاوایی ملە سورە دەستبەسەر دەکرێن و دواجاریش بەرەو بێسەر و شوێنکردن و کۆمەڵکوژکردن دەبرێن، حیزبی بەعس بۆ شێخ حسەین پێشنیار دەکات و پێی دەڵێ( خۆت و بنەماڵەکەت ئازاد دەکەین و بڕیاری سەرەوەمان پێیە) شێخ دەڵێت: یان ئازادی خۆم و قەومەکەم یان منیش لە گەڵ ئەوان دەبم، شێخ باسی عەشرەتیش ناکات، دەڵێت قەومەکەم واتە ھەموو و ئەو خەڵکەی کە دەستبەسەر کراون و دوایی ئەنفال کران، ھەروەک لە دووساڵی ڕابردوو لەسەر ئەم ھەڵوێستە و دۆکیۆمێنت کردنی، نووسەر "سمکۆ سابیر" کتێبێکی بڵاوکردەوە و بەداخەوەم دەرفەت نەبووە ئەو کتێبە ببینم، ھەربۆیە چاوەڕوانی جوانییەکان لە دەروێشێک یان شێخێک دەکرێت، شێخێکی باش دەروێشکی باشە.

ھەر لە ناوچەی گەرمیان دوورناکەوینەوە، شێخ فازیلی شیخ مەحمود گۆپتەپە لە شاری کفری، خەڵکی شارەکە بە دەیان کەرامەتی ئاکاری و خوداناسی لێ دەگێڕنەوە، ساڵی ١٩٨٢ حیزبی بەعس داوا لە برازایەکی شێخ فازیل واتا شێخ ئیسماعیل شێخ سەفائەدین دەکات کە چەک ھەڵبگرێت و چەند فەوجێک دروست بکات کە لەگەڵ حکومەتی ئێران بە شەڕ بێن، ئەگینا ڕەوانەی کەمپی ئەلتاشی ڕومادییەی دەکەن، ناوبراو دەڵێ چەکی من تەزبیحەکەمە و پێشنیارەکە ڕەد دەکات و ئیدی بە ھاوکاری چەند مەنسوبێکی بە دزییەوە شەوێک دەگەڕێتەوە بۆ ئێران ، لەوێش لە کرماشان حکومەتی ئێران بۆ دوو ساڵ ڕەوانەی بەندیخانەی دێزل ئابادی کرماشانی دەکات، بە کوردییەکەی لەم کەسانە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا کەم نین.

بە گشتی جوانترین سیمای ئایین لە روخساری عیرفاندا دەبینرێت تا وەکو بە ئایدولۆژی کردنی ئایین و مەزھەب پەرستی و تەکفیر کردنی خەڵک و سەنگەر لە یەکدی گرتن کە ماڵوێرانی بەرھەم دێنێ و تەنانەت ئیدی لێرەدا ئایین وەک خەتەرێک بۆ تەبایی کۆمەلگا پێناسە دەکرێت، لە عیرفاندا باوەشێکی دایکانە بە ڕووی مرۆڤەکاندا ھەردەم کراوەیە و بەبێ لەبەر چاو گرتنی نەتەوە و مەزھەب و ئایین، و ھەر ئەو ڕۆحە عیرفانییەیە کە تالۆرەنسی کۆمەڵایەتی بەرز دەکاتەوە و تەبایی کۆمەڵایەتی بەھێزتر دەکات، ھەڵبەت بەو مەرجەی کە مرۆڤی عارف کە پێوانەی “خاکی بوون” لە خودا بپارێزی، ڕێبەرایەتی بکات و ئینجا دەتوانێ دەستگیر و ڕێنما بێ، نەک ھۆکاری گومڕایی بێ.