سەردێڕ:

کەنەدا ئەمریکای بەزاند، ئەی کورد چۆن بەرەنگاری دوژمنانی ببێتەوە؟

5/26/2020 4:14:28 PM
9735 جار خوێندراوەتەوە
مەسعود هاشمی بەرزنجی
+ -

ھەرچەندە لە مێژوودا، کەنەدا چەندانجار ڕوبەڕوی ئەمەریکا بووەتەوە و ئەمەریکای بەزاندووە، بەڵام ئەمانە لە  سەردەمانێک بوو، کە بەریتانیا شەڕەکەی بۆ کردووە، واتە سەردەمانێک، کە بەریتانیا لە کەنەدا حوکمی دەکرد، بەڵام ئەم شەڕە تازەیەی کەنەدا و ئەمەریکا، شەڕ لە نێوان قازێکی کەنەدی و ھەڵۆیەکی ئەمەریکی بوو. بی بی سی بەشی فارسییەکەی ھەواڵێکی لەم چەشنەی بڵاوکردەوە کە گوایە قازێکی کەنەدی ھەڵۆیەکی ئەمەریکی بەزاندووە.

قازە کەنەدییەکە، کە بە Loon دەناسرێت و لەسەر یەک دۆلاری ئاسنی کەنەدیشدا وەک سیمبوڵێکی نیشتمانی لێدراوە loonie پێدەگوترێت. قازەکە توانیویەتی لەکاتی ھێرشی ھەڵۆکە بۆ سەر بێچووەکانی، ھەڵۆکە بکوژێت. ئایا ئەمە زەنگی شکستی ئیمپریالیستی ئەمەریکایە؟ باس لەسەر شەڕی تەکنۆلۆژی و دەوڵەمەندی بێت سنەیی گوتەنی، "کەنەدا حەدی چەس؟" ئەمەریکا کەنەدات بۆ لوول دەکات. لە بیرمان ناچێت، کە باوکی ھەر ئەم جەستن ترۆدۆی سەرۆکوەزیرانە، بە نیسبەتی ئەمەریکاوە، کاتی خۆی دەیگوت "ئێمە لە تەنیشت فیلێکی زەبەلاحدا دەژین، ھەر چەشنە جووڵەیەکی کاریگەری لە سەرمان ھەیە."

ئەمڕۆ مرۆڤ لە سەر ھەر ڕوداوێک شرۆڤەیەک دەکات، بە تایبەتی ئێستا کە گڵۆڵەی ئەمەریکا لە لێژییە، ئاسانتر تێی دەسوێت. لە پەرەگرافی سەرەوەدا، شرۆڤەکە لە سەر ئیرادە بوو، نەک پلە و پێگەی توانایی دوو دوژمن، کە لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیایەدا، بەرھەمی پار بۆ ئەمڕۆ کۆنە.

ئەگەر باسی ئیرادە بکرێت، کورد تا ئەمڕۆکەش شەڕی ئیرادەی کردووە، بەڵام ئایا ئیرادەی کورد لە بەرانبەر تەکنۆلۆژیای ھەنوکەدا، کە دوژمنێکی وەک تورکیای توشبووە، دەتوانێ چی بکات. بۆ نموونە لە شەڕی عەفرین بینیمان، کە چۆن ھێزی ئاسمانی تورکیا لە دوای ئەو ھەموو بەرخۆدانەی گەلی کورد و دۆستانی ئازادیخوازی، شکست پێبێنێت. لەوانەیە کەسێ بڵێ شەھیدبوون لە پێناوی نیشتماندا شکست نییە، بەڵێ منیش ھاوڕاتم، بەڵام ئەوە ھیچ لە ڕاستی ئەوەی کە عەفرین داگیرکرا، ناگۆڕێت.

دەگوترا کە ئەگەر ھێزی ئاسمانی تورکیا نەبوایە، کورد تا ئانکاراش، تورکیای دەپێچایەوە، لە بیرمان نەچێت کە شۆڕشگێڕانێکی زۆر لە ھەر چوارپارچەی نیشتمان لە شەڕی عەفریندا تێکەڵ بە کاروانی شەھیدان بوون. مەخابن، بەناو دۆستانی ئێمەش قەد ئەوەندە چەکیان پێنەداین، کە لە بەرانبەر دوژمنانی گەلەکەمان خۆڕاگر بین، ئەوان تەنیا چەکی شکستپێھێنانی دوژمنانی خۆیانیان بە ھێزە کوردییەکاندا، تەنانەت ئەگەر ھێزە کوردییەکان بیانتوانیبا تەنیا یەک فڕۆکەی ئێف ١٦ی تورکیا تێکبشکێنن، ئەودەم داستانەکە با عاقارێکی تردا دەرۆیشت.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، کورد دوای ئەو ھەموو چەکە قورسەی کە لە داعشی بە دەستیھێنا و یان لە ھاوپەیمانان بۆ نموونە میلانی وەرگرت، خۆ نەیتوانی خۆراگری بکات، ئەڵبەت لەو شەرەدا  نەبوونی ئیرادەی شەڕکردنیش، بەشێکی گرنگی داستانەکە بوو. کورد قەد نەیتوانی بە ئەندازەی قەبارەی خۆی چەک لە دۆستانی بەدەستبێنێ.

پارتی دیموکراتی کوردستان پێوەندی نزیک و ژێر بە ژێری لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیلدا ھەیە، کە ھیچ کوردێک ئەمەی پێ ناخۆش نییە و ئیسرائیلیش دوژمنی کورد نییە، کوردی جوو بەشێک لە پێکھاتەی گەلی ئیسرائیلە، بەڵام ھیچکات ئەو دۆستایەتییە نەیتوانی چەکێکی ئیسرائیلی بە کورد بدات، کە لە بەرانبەر ھێزی حەشدی شەعبی، کە دوژمنی سوێندخواردەی یەھوودە، بەکاربێنێ. لەوانەشە تەنیا لە بەشی ھەواڵگریدا کورد کەڵکی لێ وەرگرتووبێ، کە زۆرتر مەسرەفی داخلی ھەیە.

پەکەکە، لەگەڵ ئێراندا پێوەندی دوور تا نزیکی ھەیە، بە تایبەتی ھەرچەندە گوشاری تورکیا بۆ قەندیل زۆرتر بێت، ئەم نزیکییە زۆرتر دەبێت، کەچی چەک و تەقەمەنی و موشەکی ئێرانی بە دووری ھەزاران کیلۆمەترەوە گەیشتە دەستی حوسییەکان و ئەنجامەکەشی، سوپای سعودییەیان بە ئەو ھەموو دژە ڕادار و پاتریۆت و ئاواکسەوە بە چۆکدا ھێنا، بەڵام ھەڤاڵانی پارتی کرێکارانی کوردستان گولە قازیفەشیان دەست نەکەوتووە. لە شەڕی نیزامیدا بۆ بە چۆکھێنانی دوژمن چرچیل گوتەنی، "لەگەڵ شەیتانیش ڕێکدەکەوم."

کۆتا قسەم ئەوەیە، کە لە بەرانبەری پێشکەوتنە چرکەییەکانی دوژمنان و پڕ چەککردنیان لە لایەن دۆستەکانیان لە ئەوروپا و ئەمریکا، کە جارجاریش فرمێسکیش بۆ ئێمەی کورد دەڕژێنن، دەبێت کورد چی بکات؟ فڕۆکەی بێفڕۆکە Drone شەو و رۆژ بە سەر قەندیلدا دەسوڕێتەوە، چەندین سەرکردەی وەک دیار غەریب شەھید کران. تەنانەت ئێستا لە نێو خاکی باشوردا خەڵکی سڤیل، کە ڕوو لە چیاکان دەکەن ڕووتدەکەنەوە، تا دڵنیا بن کە چەک و تەقەمەنی پێنییە. دوو ساڵ پێش ئێستا، ئێران مووشەکبارانی بنکەکانی حدک و حدکای کرد و چەندین بەرپرسی شەھید کرد، لەوکاتەوە خەباتگێڕانی رۆژھەڵات بە پێچەوانەی پێشوو، ناتوانن چالاکی بکەن و  زۆر جارێک پێشمەرگەکانیان بە سەلامەتی ناگەڕێنەوە، شەھید و یان بە دیل دەگیرێن.

تەنانەت ئێران وەک تورکیاش لە باری تەکنەلۆژی و کەرەستەی جەنگیدا دەوڵەمەند نییە، بەڵام ھێشتا بەشی یەکلاییکردنەوەی شەڕ دژی کوردی پێیە. ئایا ئەم خەباتگێڕانە لە باری سەربازیدا، ڕاھێنانێکی مودێرن نەکراون؟ کە ئەمە بەرپرسیایەتی دەخاتە بەردەم بەرپرسانی پلە باڵای حیزبەکانی رۆژھەڵات، کە منداڵی خەڵک بەبێ پەروەردەکردن ڕەوانەی بەردەم قوڕگی شێر دەکەن. ئایا حیزبە کوردییەکان لە رۆژئاوا و ھەرێم و باکور و رۆژھەڵاتی نیشتمان، توانیویانە لە وزە و پسپۆڕی لاوانی کورد، کە توانای تەکنۆلۆژی و پیشەسازییان ھەیە کەڵک وەربگرن؟ لانی کەم لە ئاستێکی نزمیشدا بێ زەمینەی گەشەی تەکنیکی بۆیان فەراھەم بکەن و لە ھەمانکاتدا خەباتی مەدەنی زۆرتر و بەرفراوانتر مەیدانی پێبدرێت و ھەندێک ھەڵەی وەک شەڕی خەندەقەکانی لە باکور دووبارە نەبنەوە.