سەردێڕ:

ھەولێر و سلێمانی یەک سیستمی خێڵ بەڕێوەیان دەبات

11/3/2019 7:19:49 PM
6726 جار خوێندراوەتەوە
شێخە ڕەسوڵ
+ -

ھەولێر و سلێمانی ھەردووکیان ھەمان عەقڵیەت بەڕێوەیان دەبات، ھەمان سیستمی خێڵ.
ھەردوو خێڵ ھەمان جەوھەریان ھەیە، بەکەمێک جیاوازیی ڕووکەشەوە:

* لە سلێمانی دەتوانی بەرزتر بقیڕێنیت و لە ھەولێر دەتوانیت لەسەر جادەی پانتر خێراتر سەیارەکەت باژۆی.
* ئەو عەشیرەتەی ھەولێر بەڕێوەدەبات دەوڵەمەندترە و زیرەکانەتر مامەڵە لەگەڵ وەبەرھێنانی بیانی دەکات و باشتر ڕایاندەکێشێ بەرەو لای خۆی، ئەوەی سلێمانی بەڕێوەدەبات زیرەکانەتر خەڵکی بە ژاوەژاو و گەمەی لابەلاوە خەریک دەکات.

لەڕاستیدا بینای بەرزی کاک فڵان و جادەی پان و قیڕەقیڕێک کە کەس گوێی لێ ناگرێت، شتی شکڵی و لاوەکین، جەوھەرەکەیان سەیرکە؛ نزیکترین و باشترین نموونەش مامەڵەیانە لەگەڵ گرنگترین ناوەندی ڕۆشنبیری "زانکۆ".
ئەمیان زانکۆ بە مەڵبەند حاڵی بووە و ڕەسمێکی گەورەی سەرۆکی حیزبەکەی خۆی لە دەروازەکەی داناوە، ئەویان منداڵێکی عەشیرەتەکەی دەکاتە سەرۆکی زانکۆیەکی حکومی!
ئەگەر تاقەتتان ھەبوو وردتر ببنەوە و بچن سەرۆک بەش و ڕاگری کۆلێژ و تەنانەت بەشی زۆری ماستەر و دکتۆرای زانکۆکانی ھەردوولا بناسن، جا دەزانن بنەمای دانانیان چییە و چۆنە!

لە سیستمی خێڵدا سەرۆک خێڵ و بنەماڵەکەی، ناوچەیەک بە ھی خۆی دەزانێ و ئاساییە بەلایەوە دەست بۆ ھەر پنت و شوێنێک ببات، پرەنسیپ و شێوازێکی حوکمداریی سەردەم بەلایەوە گرنگ نییە، زانکۆ دەبەخشێتە کوڕەکەی، ھەر دەزگا و شوێنێکی بەدڵ نەبێ دایدەخات، سنوور دەکێشێ و بەدڵی خۆی ڕێگا دەدات کێ بچێتە ناوچەکەی و کێ نەچێ، بازگەکان دەکاتە شوێنی وەرگرتنی سەرانە و لێپێچینەوەی بەدەر لەیاسا، بە مافی خۆی دەزانێ ھەر ڕۆژنامە و کەسێک بەئاوازی ئەو نەخوێنێ بێدەنگی بکات، بەکورتی یاسا ئەوەیە کە لە دیوەخانەکەی ئەوەوە دادەڕێژرێ و بڕیاری لێ دەدرێ.

لەڕاستیدا ئەوەمان تێپەڕاندووە چیدی بە کردە و ھەڵوێستی ئەو دوو خێڵە بتاسێین، بەداخەوە جۆرێک لە ڕامبوون و ڕاھاتن دروستبووە کە دەشێ جۆرێکی ترسناک بێت لە شەرعیەت، بەڵام ھێشتا ئەوە گرنگیی خۆی ماوە ئەو ھەزاران کەسەی تا ئێستا ئومێدی حوکمدارییەکی باش و کارکردن بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان بەو خێڵانە ماوە، تێبگەیەنرێن بە سەرابێک خەڵەتاون ھەرگیز لێویان تەڕ ناکا.