سەردێڕ:

کوێرەڕێی جیۆپۆڵەتیکی کورد.. دەوڵەتێکی مەحاڵ و ھاووڵاتیبوونێکی دژوار

10/23/2019 5:50:05 PM
6046 جار خوێندراوەتەوە
ڕەفیق خووری
+ -

کوردەکان سەدەیەکە لە کێشەیەکی جیۆپۆڵەتکیدان. ئەوان لە نێو قوربانیانی جەنگدان کە "ڕۆڵێکی گەورەی بینیووە لە ڕێکخستنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"، بە ڕای دکتۆر ویلیام کوانت بەرپرسی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.

پێش جەنگی جیھانیی دووەم، لە ساڵی ١٩١٤، کورد وەک ھەر گەل و میللەتێکی دیکەی ناوچەکە "لەژێر دەسەڵات"ـی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو. یەکێتیی چیای لوبنان کاربەڕێکەری خۆیان و جۆرێک لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییان ھەبوو، ئەویش لەڕێی دەسەڵاتی کارگێڕی بۆ تیرەکان و فەرمانداریی ئەو مەسیحییانەی کە لوبنانی نەبوون و ئەودەم لەژێر چاودێریی حەوت دەوڵەتە پیشەسازییەکەی جیھاندا بوون (G٧). لە دوای جەنگ و ڕووخانی دەسەڵاتەکان، کۆنگرەی فرسای بەسترا لەگەڵ "مافی چارەی خۆنووسین" ئەمەش داوای ودرۆ ویڵسن سەرۆکی ئەودەمی ئەمەریکا بوو، وەک بڵێی ھەرلایەک لەسەر کاغەز شتێکیان دەست کەوتبێت، لەنێویشیاندا کورد. بەڵام کۆنگرەکە بۆ سیناریۆیەکی نێودەوڵەتی ئەنجام درابوو. لە کاتی جەنگدا ڕێککەوتنی پێشوەختە کرابوو؛ ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆی نێوان بەریتانیا وفەڕەنسا کە ڕووسیا لە نێویدا لایەنی سێیەم بوو. وەزیری دەرەوەی قەیسەریش لە دوای شۆڕش لە ساڵی ١٩١٧ پێش ئەوەی لە ڕێککەوتنەکە بکشێنەوە بە زارەکی ئاماژەی پێکرد.

یەکەم تانە کە لەلایەن عەرەبەکانەوە لێی درا ئەوە بوو بەریتانیا بەڵینەکەی جێبەجێ نەکرد سەبارەت بەوەی لە دوای بەشداریکردنیان لە "شۆڕشی گەورەی عەرەبی"ـدا لە دژی دەسەڵات، دەوڵەتی عەرەبی لە مەککەوە ھەتا دەریای ناوەڕاست بە سەرۆکایەتیی شەریف حسێن و کوڕەکانی بێت.

کاتێک فەرەنسا ئینتیدابی خۆی لە لوبنان و سووریا دانا و بەریتانیاش لە عێراق، فەڵەستین خۆی ئامادە کرد بۆ جێبەجێکردنی "بەڵێنی بەلفۆر" بە مانەوەی "نیشتمانێکی نەتەوەیی بۆ یەھوودییەکان"، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی شانشینێک بۆ خۆرھەڵاتی ئوردون دروست کرا، ئەویش بۆ ڕازیکردنی شازادە عەبدووڵڵا، لە دوای ھاتنەسەرحکومی شازادە فەیسەڵ وەک پاشا لە عێراق و لە ئانوساتی ڕووخانی دەسەڵاتداریی فەڕەنسا لە سووریا. دواتر ویڵسن شکستی ھێنا لە بەشداریپێکردنی ئەمریکا لە "کۆمەڵەی نەتەوەکان" کە سیستمەکەی گەشەی سەند و قسە لەسەر "سیستمێکی نوێ"ی بەھێز دەکرا. بۆچی؟ چونکە داوای کۆنگرێسی بۆ ھەمواری "پەیماننامەی فرسای" ڕەت کردەوە و ھەروەھا ڕازی نەبوو بەوەی پێشتوازی لە ئابوورییەکی مەزن کە جۆن ماینارد دەیویست کاروباری ھەموارکردنەوەی پەیماننامەکەی بۆ ھەڵسووڕێندرێ.

بەو شێوەیە کۆنگرێس تەسدیقی پەیماننامەکەی ڕەت کردەوە و ئەمریکا لە دەرەوەی کۆمەڵەی نەتەوەکان مایەوە. ئەوەش یەکەمین وانە بوو بۆ فرانکلین ڕووزفێڵتی یاریدەدەری وەزیری دەریایی کە سەردانی "فرسای" کرد و دواتریش بوو بە سەرۆک و گفتۆگۆی کۆنگرێسی ئەنجام دەدا، لە ماوەی گەشەسەندنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە دوای جەنگی جیھانیی دووەم. پاشان وانەی دووەم کورد بوو. گەورەترین مافیان پێشێل کرابوو لە پەیماننامەی سیڤەردا، لە ساڵی ١٩٢٠. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی سەرکەوتوانی جەنگ لە دروستبوونی دەوڵەتێکی گەورەی کوردی لەسەر خاکێک کە دراوە بە چوار وڵاتی وەک تورکیا وسوریا وعێراق و ئێران دەترسان. ئەوەیان بە دەسکاریکردنی بەرژەوەندییەکانیان دەزانی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو چوار وڵاتە خاکی کوردستان و خەڵکەکەیان لەدەست دەدا. لەگەڵ مەسەلەی نەوت و ئەگەری دەرکەوتنی لەو خاکەدا. دواتر تانەی دەوڵاتێکی مەحاڵ و تانەی ھاووڵاتیبوونێکی قورس، ددانیان بە فرەنەتەوەیی و دیموکراتیبوونی کورددا نەدەنا و نەیاندەھێشت خوێندن بە کوردی بێت و لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە گەشە بکەن.

تورکیای کۆماری کە ئەتاتورک دایمەزراند تەنگی بە کوردەکان ھەڵچنی، تەنانەت لە ناوھێنانی خۆشیان وەک کورد، ناوی " توکی چیایی" لێنان. دەبووایە کوردەکان چاوەڕێی تورگوت ئۆزالیان بکردایە بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدات بە زمانی خۆیان قسە بکەن. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش حزبەکانیانی بە "پشتیوانانی تیرۆر" لە سووریا و عێراق ناو دەبردن. کوردەکان بەشدارییان لە حزبە نیشتمانییەکاندا دەکرد، ھەندێکیان سەرۆکوەزیران بوون. دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتی "بەعس"دا شتەکان گۆڕان، سیاسەت گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بەسەردا ھات، کوردەکان بەعەرەب کران، پاشان چالاکیی سەربازی لە دژی "ھەڵگەڕانەوە و تیرۆر" ئەنجام درا.

ئەمە بووە ھۆی زۆربوونی ژمارەی پارتەکان، گرنگترینیشیان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو، بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گفتوگۆی لەگەڵ کوردەکان کرد و ھەندێک مافی پێدان. ئەمە پێش ئەوەی لێیان ھەڵگەڕێتەوە و سەرۆکەکانیان زیندانی و لە چیاکانی قەندیل، لە عێراق، جموجووڵی سەربازییان لە دژ ئەنجام بدا. لەگەڵ ئەوەی ڕێژێمەکانی دیکە لە ئێران و سووریا و عێراق سەرکوتیانی دەکرد، ھەستی نیشتمانپەروەری لای کورد بەھێزتر بوو. لەگەڵ ئەوەی ناوچەکە بە تەواوی بۆ جۆرێک لە "تایەفەگەری" ئاڕاستە کرا.

ڕۆژھەڵاتناس، بێرنارد لویس، ئاماژەی بەوە کردووە لە دوای جەنگی سارد ناسیۆنالیزمی عەرەبی کۆتایی پێ ھات، ڕۆڵی تورکیا و ئێران گەورە بوو، ھەروەھا ناسنامەی نیشتمانی کەمەنەتەوەکان ھاتە ئاراوە: "کورد و بەربەری" ئەمەش لە کتێبی "جەنگی نوێی عەرەب"ـی پڕۆفیسۆر "مارک لینش"دا ھاتووە، جەنگ لەڕێگەی ئەوانەوە دەکرا کە ناحکومی و بەھێز و جێگیر بوون.

کەم نین ئەو جارانەی کە کورد وەک کارتێک بۆ جەنگێکی گەورەتر لە خۆیان بەکار ھێنراون و دواتر لەڕێگادا فڕێ دراون. لە ماوەی جەنگی جیھانیی دووەمدا، "سۆفییەکانی" ئەو کاتەی کورد ھاوکار بوون بۆ دامەزرانی "کۆماری مەھاباد" لە ئێران. مەلا مستەفا بارزانی یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەو کۆمارە، دواتر، دروست بەھۆی ھاتنەئارای بەرژەوەندی لەنێوان گەورەکانیدا، کۆمارەکە لەناو چوو. لە ماوەی ململانێی نێوان ڕژێمی بەعس و ئێران، شا بە ھاوکاریی ئەمریکا شۆڕشی کوردی بە سەرۆکایەتیی بارزانی لە دژی بەغدا پڕچەک کرد. دواتر کە لە جەزائیر و لە ساڵی ١٩٧٥ سەدام چاوی بە شا کەوت، ئێران ئەم ھاوکارییەی کشاندەوە و ھەردوولا لەسەر "بەشکردنی شەتولعەرەب" ڕێککەوتن.

لە ناکۆکیی نێوان سووریا و تورکیادا، حافز ئەسەد ڕێگەی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا لە خاکەکەیدا بمێنێتەوە و مەشقی سەربازی بە ھێزەکەی بکات، ئەویش بۆ ئاسان ئەنجامدانی چالاکییەکانی لە تورکیادا. لەو کاتەی کە سلێمان دیمیریڵ ھێزی سەربازی ناردە سەر سنوور و ھەڕەشەی لە سووریا دەکرد، ئۆجەلان باجی ئەو دەرچوونەی دا و دەستبەسەر کرا و لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کرا. ئەمە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ "ڕێکەوتننامەی ئەدەنە" و ئێستاش سەرۆکەکان داوای گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە دەکەن.

جارێک، ئەمەریکا لە کاتی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەدامەوە کوردستانی پاراست و ڕێگەی نەدا فڕۆکەی تاران بە ئاسمانی کوردستاندا بفڕێت. ھەروەھا ھاوکاری کردن بۆ دروستکردنی ھەرێمێکی حکوومی سەربەخۆ لە چوارچێوەی دەستووری فیدراڵدا. جارێکێش لە ڕۆژھەڵاتی فوڕات لە شەڕی داعشدا ھاوکاری کردن و دواتر بەجێی ھێشتن و گەڕاندنیەوە بۆ گفتوگۆ و تێگەشتن لەگەڵ سووریا بە نێوەندگیریی ڕووسیا. ھەمیشە ئەمانە دووبارەن بۆ کورد. "کورد ھیچ دۆستێکی نییە جگە لە چیاکان". یارییەکە لە سووریاش زۆر ئاڵۆزە. دۆناڵد ترەمپ بە کشانەوە و پێدانی کارتی سەوز بە تورکیا بۆ داگیرکاری، ھاوکاری مۆسکۆ و دیمەشق و تاران و داعشی کرد. ئەردۆغانیش بە داگیرکارییەکەی ھاوکاریی ڕووسیا و ئێران و بەشار ئەسەد و داعشی کرد و دەستی گەورەش لە ئێستادا ڤلادیمیر پوتینە. ھیچ بوارێک بۆ پلانی ستراتیجی ئەمریکی نییە.

 

وەرگێڕان: ھێڤی فازیل