سەردێڕ:

عێراق ئەو ئەڵماسەی ورد و خاش ناکرێت

12/7/2019 8:15:32 PM
6745 جار خوێندراوەتەوە
ئارام عەلی عەزیز
+ -

 ئەمریکا و ئێران لە ھەوڵی دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی گەنجانی عیراق شکستیان ھێنا، دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەدولمەھدی وەکو دەریچەیەکی مەرجەعییەت بۆ کارلەکار نەترازان فڕێدرایە گۆڕەپانەکە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا بێ چاوپێکەتن لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم لە فرۆکەخانەی ھەولێر کۆبوەوە، قاسم سولەیمانیش گەیشتە بەغدا، ئامانجی ھەردووکیان یەکە، بەڵام بە دوو پلانی جیاواز، ئێران دەیەوێت لە رێگای شیعە و گۆڕینی داشی دامەکانییەوە، باری خواریان لە عیراق و ناوچەکەدا راست بکەنەوە، ئەمریکایش دەیەوێت لە رێگای کوردەوە دەستبەسەر سەرچاوەکانی نەوت و غازدا بگرێت.

راپەڕینە جەماوەرییەکانی عیراق، جگە لە بەغدا قورساییەکەی لە باشووری عیراق و پارێزگا شیعەنشینەکانە، ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئاستی جەنگی ئەھلی شیعە-شیعە، شەقامی شیعیی بە ھەموو ھێزێکیەوە بە چەک ڕووبەڕووی ھێزە چەکدارەکان و ھەندێک لە  میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران بوونەتەوە، مەرقەدی ئەلحەکیم و باڵەخانەی کونسولگەری ئێرانیان لە نەجەف و ماڵی  چەندین لێپرسراوی سەربازیی و ئەمنی ھێزەکانی عیراقییان لە ناسریە و چەند شوێنێکی دیکەدا سووتاندوە، ئێران ناتوانێت جارێکی دیکە کۆنتڕۆلی شەقامی شیعی لە عیراقدا بکاتەوە، لەبەر ئەوە بە دروشمی عیراقێکی سووتماک باشترە لە عیراقێکی سەربەخۆ سیاسەت دەکات، ئەمریکایش لە رێگای کوردەوە ھەوڵی ھەڵگیرساندنی جەنگی کورد و عەرەب دەدات، ئەویش لە رێگای خەونی لە مێژینەی کورد لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، لە کەرکوکەوە تا خانەقین و مەندەلی.

راپەرینی گەنجانی بەغدا و باشووری عیراق لە ناوەڕۆکی خۆیدا لەگۆڕنانی ھەموو ناسنامە تایەفیی و مەزھەبیی و قەومییە تەسکەکانە، گەڕانەوەیە بۆ ناسنامە شارستانیەکەی عیراقی دیرێن، بووژانەوەی شارستانیی عیراقی حامورابی و نارام سینە، وەک مۆدێلێکی رێبەرایەتی ئینسانیەت لەو ھەلومەرجە نا ئینسانیی و لەو کۆیلایەتیی و نەزانینەی سیستەمی ستەمکاریی لە ژێر ناوی جیاجیا بەسەر ئینسان و کۆمەڵگاکاندا سەپاندویەتی.

لەو روانگەیەوە ئەمریکا و ئێران ھەماھەنگ و کۆکن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی رۆڵە مێژووکردە حەتمییەکەی عیراق، ئینجا ئەمە بە سووتاندن و جەنگی تایەفی و مەزھەبی بێت، یان شەڕی کورد و عەرەب و کوردو تورکمان.

لەو چوارچێوەیەدا یەکێک لە سیناریۆکانی لێدانی عیراق، پلانی دابەشکردنی عیراقە، کە ئەمڕۆ لەسەر مێزەو جێبەجێ دەکرێت، لە رووی مێژوویەوە ئێران و تورکیا و مەشیخات و مەملەکەتی عوربانەکان، وەک بازنەی سیستەمی ستەمکاریی جیھانیی، ھەمیشە دژ بە گەلانی عیراق سەنگەرییان گرتوە و چ نەماوە بە گەل و خاکەکەی نەکەن، ئەمڕۆیش لە ژێر ناو و پڕۆژەی جیاجیا ھەمان رۆڵ دەبینن، بەڵام گەنجانی گۆڕەپانی تەحریر و گەنجانی ناسریە و نەجەف و بەسرە، سەلماندیان عیراق ئەڵماسە و وردوو ھەڕاش ناکرێت، عیراق سەر لە نوێ مێژوو دەستپێدەکاتەوە.