سەردێڕ:

جیھانگیریی و کۆتایی ئیمپراتۆریەتی شەشەم

11/18/2019 8:03:43 PM
5248 جار خوێندراوەتەوە
ئارام عەلی عەزیز
+ -

ھەڵوەشانەوەی دووجەمسەریی زەمینەی ئیستفرادکردنی ئەمریکای بە دونیا رەخساند،تاکجەمسەری ھاتە کایەوە و ئەمریکا ئیسلامی بە دوژمنی خۆی دانا و لەژێر ناوی سیستەمی نوێی جیھاندا ھەوڵی رێکخستنەوەی دونیای بە پێی فکر و بەھا و بەرژەوەندیەکانی خۆی دا.

جیھانگیری ( عەولەمە ) دوا قۆناغی مۆدێرنیتەیە، کە بە پێنج قۆناغدا تێپەڕیوە و ھەر قۆناغێکیشی لە بیروبۆچوونی ھەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشدا بەرجەستە بووە، ھەر لەبەر ئەوەش روسیا شوێنی یەکێتی سۆڤیەتی گرتەوە و دەرنەکرا، چونکە سیستەمەکە لەسەر پێنج بنیاتنراوە و پێنتاگۆنیە، دواتریش لەسیستەمی نوێی جیھاندا ھەر پێنج ئایدۆلۆجیا جیاوازەکە تەوحید بوون و بوو بە عەولەمە، کە لە ناوەڕۆکدا بە ئەمریکایی کردنی جیھانە لە ھەموو روویەکەوە، کە دەکاتە ئەمریکا ئەوەلەن (America first ). 
لە سیستەمی نوێی جیھاندا ئەمریکا خۆی کردە چەق و بە پاڵپشتی تەکنەلۆجیای پەیوەندیی و بە گرتنەبەری شێوازی جیاجیای سیاسەت و ئابووری و لە رێگای دامودەزگا نێودەوڵەتیەکان دەستیکرد، بە رێکخستنەوەی نەخشەی جیھان و دووبارە داڕشتنەوەی زاراوەکانی راست و چەپ و خۆرھەڵات و خۆرئاوا بە گوێرەی خۆی، تەنانەت قیاسات و پێوانە و کیلۆیان گۆڕی و خەریکبوون ناوی مانگەکانی ساڵ و شەوو رۆژیش بگۆڕن.
لەو چوارچێوەیەدا، بە نەمانی سۆڤیەت، ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتوەکان بە شکلی مانەوە، دوای گێچەڵکردن بە کۆریای باکوور،  ئەمریکا نەتەوەیەکگرتوەکانی لە رێگای فینانس نەکردنەوە لاوازکرد، ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپای دا لە رێگای دەرکەوتنی بریتانیا و بریکسیت، ھەوڵی دوورخستنەوەی چینییان دا لە بازاڕی جیھانی لە رێگای باجەوە، ھەروەھا لە ژێر ناوی جەنگی تیرۆر پەلاماری ئەفغانستان و عیراقیان دا. 
بەڵام بەھاری عەرەبیی و شکستی ئەمریکا لە عیراقی لانکەی ئایین و شارستانیەت، تاکجەمسەریی کۆتایی پێھێنا و سیستەمی جیھانیی و ئیقلیمی بەرەو ھەڵوەشانەوە برد، وەکو ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا گوتی، ئەمڕۆ سیستەمی جیھانی لە قەیرانێکی قووڵ و گەورەدایە و ھاوپەیمانی ناتۆیش لەسەرەمەرگدایە، بەمەش ئیمپراتۆریەتی شەشەم، کە ئەمریکا دەیویست دایبمەزرێنێت، لە ژێر ناوی ئەمریکا ئەوەلەن شکستی خوارد، ھەر لەبەر ئەوەیش رۆڵی ئەمریکا گۆڕدرایەوە بە رۆڵی روسیا بە تایبەت لە ناوچەکەماندا، ئەوەی ئەمریکا بە زەبری ھێز نەیتوانی بیکات، روسیا بە نەرمیی و لەژێر ناوی دۆستایەتی ھەوڵی جێبەجێکردنی دەدات، بەڵام ئەویش سەرناکەوێت.