سەردێڕ:

مرۆڤایەتی سەرلەنوێ دەبووژێتەوە

11/2/2019 9:31:32 PM
6000 جار خوێندراوەتەوە
ئارام عەلی عەزیز
+ -

خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی عێراق، لوبنان، جەزائیر و سودان و چیلی و چەندین دەوڵەتی دیکەی ئەوروپایی دەیسەلمێنن، کە ئەو خۆپیشاندانانە سەرھەڵدان و بەھاری ئینسانن. داواکاریی و دروشمی خۆپیشاندەرانیش وەکو یەکن، کە خۆی دەبینێتەوە لە کۆتایی ھێنان بە  نادادپەروەریی و راماڵینی گەندەڵکاران.

ئەم بەھارە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست  ھەڵقوڵا، ھەنگاو بە ھەنگاو گەورەو فراوان بوو، ھەڵە نیە ئەگەر  پڕۆسەکە بە مەنجەلێک بشوبھێنین ، کە لە بنەوە بڵق دەدات و دەکوڵێت تا دەگاتە سەرەوە. بنەوەی سەرھەڵدانەکە لە تونس و میسر دەستیپێکردو گەیشتە لیبیاو یەمەن و سوریا، قۆناغی دووەمی بەھارەکە گەیشتە فەرەنسا و ئەوروپا و بووە بەھاری فەرەنسایی، قۆناغی سێیەم گەیشتە سودان و جەزائیرو باکوری ئەفریقیاو بوە بەھاری ئەفریقایی، ئەمڕۆیش گەیشتە عیراق و لوبنان و بوو بە جیھانیی. داواکاری تەواوی خۆپیشاندەرانیش ھێنانە کایەی دادپەروەریە، لە ناوەڕۆکی خۆیدا گەڕاندنەوەی شکۆمەندیە بۆ ئینسان. ناسنامەی ئینسان بوون تیایدا زاڵە بەسەر ھەموو ناسنامە ناڕەسەنەکان.

گەندەڵکار و کەرەستەکانی سیستەمی ستەمکاریی ، ئینجا چ حکومەت بێت یان پەرلەمان، چ حزب بێت یان دیکتاتۆرەکان بەم سەرھەڵدانانە ھەڵدەوەشێنرێنەوە و دەنیشێنرێن و دواتر فڕێدەدرێنەدەرەوە، لە جێگای ئەوانیش سیستەمی دادپەرەوەریی تازە دادەمەزرێنرێت.

بەو واتایە ئەم پرۆسەی بەھارە گێژەنێکی مێژووکردە، بە شەپۆلەکانی کۆن قووتدەدات و لە ھەناوی خۆیدا نوێ دێنێتەکایەوە. کۆن ھەڵدەوەشێنێت و لە گەرمەی جەنگ و ململانێشیدا لە گەڵ ئەم کۆنە، بابەتیانە پێداویستیەکانی سیستەمی نوێ وەکو پرۆسەیەکی دیالێکتیکی فەراھەم  دەکات. بەو مانایەی پرۆسەی رووخاندن و بنیاتنانەوەی لە یەک کاتدایە. بە ھەموو ماناکانی وشە شۆڕشە. شۆڕشێک کە سیستەمی جیھانیی کۆتایی پێدێنێت و فڕیی دەداتە ناو زبڵدانی مێژوو.

ئەم بەھارە، سایکس پیکۆو سیستەمە دیکتاتۆریەکانی خۆرھەڵاتی ناوەراستی لەناوبرد، زەمینەی بیروبۆچوون و ناسنامە ناڕەسەنە رەگەزپەرستەکانی بە ھەموو جۆرەکانیەوە نەھێشت، ئاسۆیەکی فراوانی ئینسانبوون و ھاووڵاتیبوونی کردەوە، کە لە ژێر سایەی دەوڵەتی قانوندا، ناوکی ئایدۆلۆجیی یەکەی نوێی سیستەمی جیھانی پێکدەھێنێت.

لەو روەوە ئەو رووداوو گۆڕانکاریانە، ئەو بەھارو سەرھەڵدانانە لە کەسایەتی نەخشەی خاکی پیرۆزی نێوان فورات و نیلدا، کە لانکەی شارستانیەت و سەرەتای دەستپێکردنی مێژووە، وەردەچەرخێن بۆ بووژانەوەی شارستانیی و،  دواجار کۆتایی بە تەواوی سیستەمیی ستەمکاریی جیھانی دێنێت، کە لە رووداوەکانی رۆژگاری ئەمڕۆماندا ئاوابوونی خۆرەکەی دەبینین. بەمەیش نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش ھەڵدەوەشێنەوە، سیستەمی نوێ لە جێگەی ئەوان دێتەکایەوە، بەمەیش شکۆمەندی بۆ ئینسان دەگەڕێنرێتەوەو سیستەمێکی دادپەروەر دادەمەزرێنرێت.