سەردێڕ:

ئەو کچەی وەکو گەنجترین پەرلەمانتاری سویسرا ھەڵبژێردرا

9/28/2020 7:04:57 PM
6754 جار خوێندراوەتەوە
نەریمان ئاغالى
+ -

ئەو کچە تەمەنی ٢٠ ساڵە، دوێنێ بۆ پەرلەمانی ئەو کانتۆنەی لێی دەژیم ھەڵبژێردا، بەوەش بوو بە گەنجترین ئەندام پەرلەمانی سویسرا.

ئەمە دراوسێمانە، پێش چەند ساڵێک تەباشیرێکی بەدەستەوەبوو لەسەر شەقامی گەڕەکەکەمان ھێڵی خەت خەتێنی دەکێشا.

باوکی لە ئەفریقاوە ھاتووە و دایکی خەڵکی سویسرایە، خوێندکاری کۆلێژی یاسایە، وەرزشکارێکی چالاکە، پێشنیاز و بیرکردنەوەی جوانی بۆ بەڕێوەبردنی شار ھەبوون و لەبواری ژینگەپارێزیدا چالاکە، ئەوەش ھۆکاربوو بۆ دەرچوونی.

ئیدی نە کەسی بەرپرسی ھەیە و نە منداڵی بنەماڵەی بەرپرسەکانە، پێشتر لۆتی پێش ھیچ کام لە میدیا و بۆنەکانیش نەبووە.

سەرەڕای ھەبوونی نەیاری سیاسی و حزبە رکابەرەکان، کەس لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا فەزیحەی ئەخلاقی بۆ دروستنەکرد گوایە پێشتر وێنەی ھەیە ناوکی دیارە و پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ئەم و ئەو ھەبووە.

ئەم ئاستی پێشکەوتنە بە تەنیا بە دەسەڵات و سیستم دروستناکرێت نا، بەڵکو دەبێت خەڵکی خۆشیان بتوانن بیربکەنەوە و ھۆشیان بەکاربێنن.

ساڵی داھاتوو، عێراق و ھەرێم ھەڵبژاردن دەکەن، بزانن چۆن زۆربەی خەڵکی ھەموو شتێک لەبیردەکەن و دەکەونەوە پەڕۆ راوەشاندن و قوونبادان و دیسان دروستکردنی پرسی ئەخلاقی بۆ یەکتری.

خەڵکی کە نایانەوێت یان ناتوانن سەربەخۆ بیربکەنەوە، دەسەڵات ھەر نیوەی خەتای ئەو دۆخەی دەکەوێتە ئەستۆ، لە نیوەکەی تر رێک خۆت بەرپرسیت.