سەردێڕ:

بایکۆت و کاریگەریی لەسەر رووداوەکان

10/15/2019 12:32:44 PM
10448 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد قادر
+ -


لەگەڵ دەسپێکی ھێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چەمکی بایکۆت بۆتە ویردی سەر زوبانی ھاوڵاتیان و ھەمووانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە. بە جۆرێک چەندین لاپەڕە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراونەتەوەو بە ھەزاران شوێنکەوتوویان ھەیە. دەتوانین بڵێین یەکەمین لاپەڕەی پێویست و خزمەتگوزارییە کە لە ماوەیەکی کەمدا زۆرترین شوێنکەوتووی بۆ خۆی کۆکردبێتەوە، بێگومان ھۆکارەکەی روونەو پێویست ناکات ھیچی لەسەر بڵێین. 

بایکۆت واتە بەکارنەھێنان و نەکڕینی کاڵاو کەل و پەل و خزمەتگوزارییەکانی بەرھەمھێن لەلایەن بەکاربەرەوە. وشەی بایکۆت ئەگەر مانایەکی نەرێنی بۆ بەرھەمھێن ھەبێت ئەوا مانایەکی ئەرێنی بۆ بەکاربەر ھەیەو مایەی دڵخۆشییە بۆی وەک فشارێکی مرۆیی-کۆمەڵایەتی- سیاسییە بۆ ناچارکردنی بەرھەمھێن بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامەو پرۆگرامێکی دیاریکراو.

بایکۆت وەک چالاکیەکی گرنگی ئەرێنی-نەرێنی بەکاربەر لە جیھاندا بڵاوەو لەکاتی دابەزینی ئاستی باشی بەرھەماکان یاخود سەرھەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان کۆمەڵگەو دەوڵەتاندا پەیڕەوی لێدەکرێت. لە ھەردوو روانگەی زیانی ئابووری و ناشیرینکردنی وێنای بەرھەمھێن لەلای بەکاربەر کاریگەری دروست دەکات. 

بایکۆت وەک چەمکێک لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا لەلایەن O’Malley کە کارکەرێک بوو لە کێڵگەیەکدا بەکارھێنراوە، مێللی داوای لە ھاوڕێکانی لە (ئاودێرو شۆفێر و شوان و باخەوانەکان) کرد لە رێگەی وازھێنانیان لە کارەکانیان فشار بخەنە سەر خاوەن کێڵگەکەیان بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانیان. لەم کارەشیاندا سەرکەوتوو بوون و خاوەن کێڵگەیان ناچارکرد بە چاککردنی باری ژیانی کارکەرانی کێڵگەکە. 

نموونەی بایکۆت لە مێژوودا زۆرە. بۆ نموونە کاتێک ساڵی ٢٠٠٣ فەرەنسا دژی داگیرکردنی عێراق بوو لەلایەن ئەمریکاوە. ھاوڵاتیانی ئەمریکا ھەستان بە بایکۆتکردنی خواردنەوە فەرەنسییەکان بە تایبەتیش شەراب، لە ماوەی شەش مانگدا زیانی زیاتر لە ١٢ ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی شەرابی فەرەنسی کەوت. نموونەیەکی دیکە تورکیایە، کاتێک ئیتالیا لە ساڵی ١٩٩٨ پاش دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان ئامادە نەبوو ئۆجالان تەسلیمی تورکیا بکاتەوە، ھەڵمەتێکی بەرفراوانی بایکۆتی بەرھەمی ئیتالی لەلایەن ھاوڵاتیانی تورکیاوە و بە پشتیوانی رێکخراوەکان و دەوڵەت جێبەجێکرا. بەھۆیەوە ئیتالیا ناچاربوو ئۆجالان لە وڵاتەکەی دەربکات و پاش چەند مانگێکیش لە کینیا دەستگیر کراو تەسلیمی تورکیا کرایەوە. 

بایکۆت دەکرێت لەلایەن چەند کەسێک یان رێکخراوێک یان دەوڵەتەوە سەرپەرشتی بکرێت، بێگومان باشترین بایکۆت ئەوەیە کە خۆڕسک بێت و لەناو ھاوڵاتیانەوە دەستپێبکات و پاشان رێکخراوەکان و دواتریش دەوڵەت پشتیوانی بکات. دەبێت ئەوەش بزانین بایکۆتی بەرھەمێک واتای بەکارنەھێنانی ئەو بەرھەمە بە یەکجاری نییە. بەڵکو دوو واتای ھەیە، یەکەمیان دۆزینەوەی بەدیلی بەرھەمەکە لە کۆمپانیاو دەوڵەتێکی دیکەوە. دووەمیان دەکرێت بەکاربەر بگەڕێتەوە بۆ بەکارھێنانی بەرھەکە ھەرکاتێک کۆمپانای یاخود دەوڵەتی بەرھەمھێن دەستی ھەڵگرت لەو بەرنامەو سیاسەتەی کە بۆتە مایەی بایکۆتی بەرھەمەکانی لەلایەن بەکاربەرەکانەوە. 

بایکۆتی بەرھەمە تورکیەکان جۆراوجۆرەو پێویستی بە پلان و بەرنامەی فراوانە. بە گشتی سێ جۆری بایکۆتی بەرھەم ھەیە کە بریتین لە بایکۆتی کورتخایەن و مامناوەندو درێژخایەن. دەکرێت خواردەمەنی و کەلو پەلی رۆژانەو جل و بەرگ بایکۆتی کورتخایەن بکرێت و لەگەڵ دەستبەرداربوونی تورکیا لە ھێرشی بۆسەر رۆژئاوا بایکۆتی ئەو بەرھەمانە بشکێنرێت. بەڵام بایکۆتی درامای تورکی کە ئێستا ھەلێکی زۆرباشە بۆ بایکۆتکردنی ئەو درامایانە پێویستە وەک سزایەکی سەختی ئابووری، کلتووری، سیاسی بەکاربھێنرێت و تا ماوایەکی زۆر ئەو درامایانە بڵاونەکرێتەوە. 

ئەو کەسانەی کە پێیان وایە ئەگەر ھاوڵاتیان بایکۆتی بەرھەمی تورکی بکەن دەمرن لە برسا لە ھەڵەدان، چونکە بەدیلی بەرھەمی تورکی لە ھەرێمدا بوونی ھەیە، جگە لەوەش لەم چالاکییەدا زەرەرمەندی یەکەم تورکیایە، ئەگەر بەھۆی ئەم بایکۆتەوە ھێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رانەگرێت، ھیچ نەبێت زەرەرێکی باش لەرووی مادییەوە لە کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی ئەو وڵاتە دەکەوێت. بێگومان بەشێک لە بازرگانە کوردەکان و ھاوڵاتیانیش لەوانەیە زیانیان بەرکەوێت. لێرەدا پێویستە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی نەتەوەو یەکبوونمان ھەرکەسەر بە پێی توانای خۆی شان بداتە بەر ئەو زیانە کەمەی بەری دەکەوێت و خۆڕاگر بێت. 

ماوەتەوە بڵێین بایکۆت چالاکییەکی گرنگ و کاریگەرەو مێژوویەکی کۆنی ھەیە، ھەرچەندە سنورو قەبارەی چالاکیەکەش بچووک بێت دواجار کاریگەری خۆی دەبێت. چونکە ھەم دەبێتە مایەی زیانی مادی و تەنانەت کۆمەڵایەتیش لە دەوڵەت و کۆمپانیای بایکۆتکراو، تا رادەی مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان و ھەمیش شکانی ناوبانگی ئەو بەرھەمانە. لە ھەمانکاتدا دەوڵەت و کۆمپانیای بایکۆتکراو لە رادەی ستەم و سیاسەتی خراپ و دوژمنکارانەی خۆیان تێدەگەن ھەوڵ بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەی ئاشتیانەو دەربازبوون لەو قەیرانە دەدەن.