سەردێڕ:

بۆ ئەوەی مێژوو چەواشە نەکرێت، لە بارەی قسەکەی ترەمپەوە

10/14/2019 8:54:17 PM
27296 جار خوێندراوەتەوە
د. کەیوان ئازاد ئەنوەر
+ -

ئێمەی کورد ھەڵەیەکمان کرد، دەبێت پەندی لێوەربگرین. (دۆناڵد ترامپ)ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کردەوە سەیرەکانی، جارێکی تر کورد خستەوە ژێر پرسیارەوە، کاتێک باسی لەوە کرد: کوردەکان لە دوو جەنگی جیھانی و شەڕی نۆرماندیدا ھاوپەیمانیان،ەبوو وە ھاوکاری نەکردون، تا ئێمڕۆ پشتیوانییان لێ بکەین.

ئەگەر قسەکەی (دۆناڵد ترامپ) بە لای زۆرینەی کوردەوە ھەڵەیە و پاساوەکە بەوە دەھێننەوە، کە کورد دەوڵەتی نەبووە، تا ھاوکاری ھاوپەیمانان بکات لە ھەردوو جەنگەکەدا، یان وەک ھەندێک دەڵێن: کورد لە جەنگی جیھانی دووەمدا لەبەرەی ھاوپەیمانان بوو، تا دژیان بوەستێ، وەک (ترامپ) وتویەتی...بۆ وەڵامی ئەو پرسیار و چەواشەکاریانە، ئەرێ پێم ناڵێن ھاونەتەوەکانم بۆ ئەم ڕووداوانە دەڵێن چی؟؟
لە جەنگی جیھانی یەکەمدا (۱۹۱٤-۱۹۱۸ز)دا:

٭ شێخ مەحموودی نەمر سەرکردایەتی ھەزار چەکداری ھۆزەکانی (ھەمەوەند و جاف و جەباری و زەنگنە و دەلۆ....تاد) کرد لە شەڕی (شوعیبە)ی باشووری بەسڕە لە (نیسانی۱۹۱٥ز)و چووە لەپاڵ دەوڵەتی عوسمانی بەحیساب موسڵمانی سووننە و دژ بە سووپای بەریتانیای بە حیساب مەسیح و کافر!! شەڕەکەش بە شکستی عوسمانییەکان و ھۆزە کوردەکان کۆتایی ھات.

٭ کوردەکانی باکوور چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانی و لەساڵانی (۱۹۱٥-۱۹۱٦ز) بەپیلانی عوسمانییەکان و بەناوی غەزاوە بەشداربوون لە کۆمەڵکوژی نزیک بە یەک ملیۆن ئەرمەنی!

٭ کوردەکانی خۆرھەڵات کە خاکەکەیان لەباکوور کەوتە دەست ڕووسەکان و لە باشووری کەوتە دەست ئینگلیزەکان، کەوتنە دژایەتی ھەردوو ھێزەکە! بە یەکگرتووی نا، بە پەرتەوازەیی و ناوچەیی! لەبری ئەوەی ھاوپەیمانی بۆ ئەوان دەرببڕێ، دژ بە دەوڵەتی قاجاری!

٭ کوردانی خۆرئاواش لەپاڵ سوپای عوسمانی و لەژێر کاریگەری غەزادا چوونە پاڵ عوسمانییەکان و شەڕی بەریتانییەکانیان کرد!
ئەمە لەکاتێکدا بوو (شەریف حوسێن کوڕی عەلی) شەریفی مەککە و پارێزەری ماڵی خودا لە کەعبەی پیرۆز، بەرەیەکی شەڕی دژی عوسمانییە موسڵمانە سووننەکان کردەوە و چووە بەرەی بەریتانیای مەسیحی بەحیساب کافر لای کورد! دیارە خۆ (شەریف حوسێن)یش لەساڵی (۱۹۱٦ز) دەوڵەتی نەبوو، تەنیا کەسایەتییەکی ئایینی بوو وەک )شێخ مەحموودی نەمر). ھەروەھا لە جەنگی جیھانی دووەم (وەسی عەبدولیلا)ی بنەماڵەی (شەریف حوسێن)و وەسی لەسەر پادشای ئێراق و (عەبدولڵا کوڕی حوسێن) پادشای ئوردون چوونە بەرەی ھاوپەیمانان
جووەکانیش، کە پەرتەوازە بوون و خاوەن دەوڵەت نەبوون، دوای کشانەوەی ڕووسەکان لە جەنگەکە بەھۆی سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتوبەرەوە لەساڵی (۱۹۱۷ز) توانیان دەوڵەتی ئەمریکا بھێننە جەنگەکەوە و بچێتە پاڵ ھەردوو دەولەتی بەریتانیا و فەڕەنسا، بەوەش (ئارسەر بلفۆر)ی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەتێکی بۆ جووەکان لە فەڵەستین بە (لۆرد ڕۆچێڵدی جوو)دا. تەنانەت لە جەنگی جیھانی دووەمیشدا وەک ھێزێکی چەکدرای بێ دەوڵەت چوونە بەرەی ھاوپەیمانان.

لە جەنگی جیھانی دووەمیش ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد دژ بە دەوڵەتانی (ئێراق، ئێران، تورکیا، سوریا) بوو، لەکاتێکدا ئەو دەوڵەتانە چوونە بەرەی ئەڵمانیای نازی و دۆستەکانی و کەوتنە ژێر کاریگەری بیری ئاریایی.

زۆر لەسەری بڕۆن بە ھەزاران بەڵگەنامە و داتا و ئاماری مێژوویی، ئەو ڕاستیانەشتان دەخەمە خزمەت. 
لێرەوە بەپێ ئەزموونەکانی مێژوو، ئێمەی کورد بەشی خۆمان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش وەردەگرین..بەشەکەش باشووری کوردستان و خۆرئاوای کوردستان لێ سوودمەند دەبن. ھەموو باشوور و خۆرئاواش نا، بەشێکیان.
دە ئیتر تێبگەن ھەڵەی ئێمەی کورد لە کوێدا بووە؟