سەردێڕ:

دەقی وتاری مەزڵوم کۆبانێ لە گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی

10/14/2019 7:53:19 PM
21125 جار خوێندراوەتەوە
مەزڵوم کۆبانێ
+ -

 بۆ یەکەمجار لەنێو پەشێوی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەمان جیھان ناوی ئێمەی بیست، ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە). من وەکو سەرکردەیەکی باڵا لە ڕیزەکانیدا خزمەت دەکەم. ھەسەدە ٧٠٠٠٠ شەڕڤانی ھەیە کە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٥ وە دژی جیھادیە توندڕەوەکان و نەیارانی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی ژنان جەنگاوە. ھەسەدە بووەتە ھێزێکی خەباتکاری ڕێکخراو و پڕۆفیشناڵ. ھەرگیز تاکە فیشەکێکیان بە ئاراستەی تورکیا نەتەقاندووە. سەرباز و ئەفسەرە ئەمریکیەکان ئێستا بەباشی دەمانناسن و ستایشی چالاکی و لێھاتووییمان دەکەن.

ھەمیشە بە ھێزەکانمانم ووتوە ئەو جەنگە ھی ئێمەیە! تیرۆریستە جیھادیەکانی داعش لە سەرانسەری جیھانەوە بۆ سووریا ھاتبوون. ئێمە ئەو کەسانەین کە دەبێت شەڕیان لەگەڵ بکەین، چونکە ئەوان خاکەکەمانیان داگیرکردووە، گووندەکانمانیان تاڵانکردووە، منداڵەکانمانیان کووشتووە و ژنەکانمانیان کردووەتە کۆیلە.

بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان لەو مەترسیە گەورە ڕزگار بکەین، ١١٠٠٠ سەربازمان لەدەستدا کە ھەندێکیان لە ئازاترین سەرباز و فەرماندەکان بوون. ھەمیشە بە ھێزەکانمانم ووتوە کە ئەمریکا و ھێزە ھاوپەیمانەکانی دیکە ھاوبەشی ئێمەن، بۆیە پێویستە ھەموو کاتێک گەرەنتی ئەوە بکەین کە زیانیان پێنەگات.

لەنێو پاشاگەردانی جەنگدا، ھەمیشە، بەپێچەوانەی نوێنەرە ناحکومیەکانەوە پابەندی ئەتەکێت و ڕەوشتەکانمانەوە بووین. ڕێکخراوی (القاعدە)مان تێکشکاند و داعشمان بنبڕکرد، لەھەمان کاتدا سیستەمێکی بەڕێوەبردنی گونجاومان لەسەر بنەمای حکومەتی بچووک و فرەڕەنگی و جیاوازی بنیاتنا. لەڕێگەی دەسەڵاتە خۆجێیەکانەوە 

خزمەتگوزاریمان بۆ ھاوڵاتیانی کورد و عەرەب و سریانی و کریستیانەکان دابینکرد و بانگەشەی ئەوەمان کرد کە ناسنامەی نەتەوەیی سووریای فرەڕەنگ ھەموو پێکھاتەکان بگرێتەوە. تێڕوانینی ئێمە بۆ داھاتووی سیاسی سووریا بریتییە لە لامەرکەزی فیدراڵی بە ئازادی ئاینی و ڕێزگرتن لە جیاوازیە ھاوبەشەکانە.

ئەو ھێزانەی کە فەرماندەییان دەکەم لە ئێستادا تەرخانکراون بۆ پاراستنی یەک لەسەر سێی خاکی سووریا دژ بە دەستدرێژیێک لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوە جیھادیەکانی. ئەو ناوچەیەی کە بەرگری لێدەکەین لەماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ئەو خەڵکانەی کە ڕزگاریان بوو لە جینۆساید و پاکتاوی نەژادی کە لەلایەن تورکیاوە لەدژی کورد و سریانی و ئاشووری و ئەرمەنیەکان ئەنجام دراوە.
ئێمە پارێزگای لە زیاتر لە ١٢٠٠٠ تیرۆریستی زیندانی داعش دەکەین و خێزان و منداڵە توندڕەو پەروەردەکراوەکانیان  لەخۆ دەگرین. ھەروەھا ئەو پارچەی سووریاش لە میلیشیا ئێرانیەکان دەپارێزین.

کاتێک ھەموو جیھان پشتی تێکردین، ئەمریکا دەستی ھاوکاری درێژ کرد. لەسەر داوای ئەمریکا ڕەزامەندیمان دەربڕی چەکە قوڕسەکانمان لە ناوچەی سنووریی لەگەڵ تورکیا بکێشینەوە, پێگەکانی بەرگریمان چۆڵ بکەین و پاشەکشە بە ئەزمووندارترین چەکدارەکانمان بکەین. تا ئەوکاتەی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی بووایە لەگەڵمان، تورکیا ھێرشی نەدەکردە سەرمان.

ئێستا وەستاوین و سینگمان بەڕووی ھێرشی تورکیا واڵا کردوە.
سەرۆک دۆناڵد تڕەمپ لە زووەوە بەڵێنی کشانەوەی یەکە سەربازیەکانی ئەمریکای دابوو. ئێمە لەوە تێدەگەین و ھاوسۆزی دەردەبڕین. باوکان دەیانەوێت منداڵەکانیان ببینن لەسەر کۆچیان پێدەکەنن، خۆشەویستان دەیانەوێت گوێیان لە دەنگی چرپەی ھاوژینەکانیان بێت، ھەمووان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

ھەرچۆنێک بێت ئێمە داوا لە سەربازە ئەمریکییەکان ناکەین کە لە گۆڕەپانی جەنگدا لەگەڵمان بن. ئێمە ئەوە دەزانین کە ئەمریکا پارێزەری جیھان نییە. بەڵام دەمانەوێ کە ئەمریکا ڕۆڵی گرنگی خۆی بگێڕێت لە ھێنانەدی چارەسەرێکی سیاسی بۆ سووریا چونکە ئێمە دڵنیاین کە ئەمریکا توانای تەواوی ھەیە لە نێوەندگیری لەنێوان خۆی و تورکیا بۆ ھێنانەدی ئاشتیێکی ھەمیشەیی.

ئێمە وەک چەمکێکی بنەڕەت باوەڕمان بە دیموکراسی ھەیە، بەڵام لەژێر ڕۆشنایی ھێرشەکەی تورکیا و ئەو ھەڕەشە وجوودیەی کە بەھۆیەوە ڕووبەڕووی خەڵکەکەمان بووەتەوە، لەوانەیە وا پێویست بکات بە ھاوپەیمانەکانماندا بچینەوە. ڕژێمی سووریا و ڕووسیا چەند پێشنیارێکیان کردووە کە بۆی ھەیە ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگار بکات کە لە ئێستادا لەژێر پارێزگاریدا دەژین. متمانە بە بەڵێنەکان ناکەین، ڕاستیت بوێت، قوڕسە کە بزانی دەبێت متمانە بە کێ بکەیت.

ڕوونە کە ھەڕەشەی داعش ھێشتا لە ئارادایە بەشێوەی تۆڕێکی شانەی نوستوو کە توانای یاخیبوونی ھەیە.

ژمارەی زۆری بەندکراوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی  لە بەندیخانەی نەگونجاو وەک  بۆمبی کات بۆ دانراو وایە  کە لەوانەیە لە ھەرکاتێکدا بێت بتەقێتەوە.
ئێمە دەزانین کە پێوویستە سازشێکی ئازار بەخش بۆ مۆسکۆ و بەشار ئەسەد بکەین ئەگەر کاریان لەگەڵ بکەین. بەڵام ئەگەر پێویست بێ  لە نێوان  سازشکردن و جینۆسایدی خەڵکەکەمان  یەکێکیان ھەڵبژێرین ، بە دڵنیایەوە ژیان بۆ خەڵکەکەمان ھەڵدەبژێرین.

ئەگەر ئەمریکا بەبێ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، یان داھاتووێکی ئارام و جێگیر بڕوات، ئەوا سوریا لەبەردەم دوو ھەڵبژاردەدایە:  ڕێباز خوازێکی ئایینی یاخود شەڕێکی خوێناوی ڕەگەزی ــــ مەگەر ئەوەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھێز و توانای  خۆی بەکاربھێنێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک پێش ئەوەی بکشێتەوە.
باوەڕی قووڵ بە دیموکراسی ھۆکاری بەستنی ھاوپەیمانیمان بوو لەگەڵ ئەمریکادا. ئێمە بەھۆی ئەو قەیرانانەی ئێستا نائومێد ڕووی تێکردووین. خەڵکەکەمان لەژێر پەلاماردایە و سەلامەتی ئەوان گەورەترین نیگەرانیمانە. لێرەدا دوو پرسیار دەمێنێتەوە: چۆن دەتوانین بەباشترین شێوە خەڵکەکەمان بپارێزین؟ ئایا ئەمریکا ھێشتا ھاوپەیمانمانە؟

و:محەمەد ڕەحمان