سەردێڕ:

دار ھەڵبڕە، دزەکان بەدەنگ دێن

3/26/2020 12:57:29 PM
8752 جار خوێندراوەتەوە
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی
+ -

وەڵامێک بۆ داردەستەکانی سەرۆک  

 ئەو کاتەی ئێمە بەرگری لە موچەو قوتی خەڵکی دەکەین، داردەستەکانی سەرۆک بەدەنگ دێن؟

خەڵکی کوردستان باش دەزانێت پارەی نەوت کە لە ٩٥% داھاتی ھەرێمی کوردستانە لای ئێوەیە! ئێوە مەبەستم تاڵانچیەکانی نەوتی کوردستان، کە دەیان ساڵە پارە و داھاتی نەوتی کوردستان رەوانەی بانکەکانی دەرەوە دەکەن.

ئێوە لە خۆتان پرسیەوە نوێنەری خەڵکن یان کادری دەزگا ئەمنیەکەی سەرۆکی حکومەت؟ سەرۆکێک کە لە مانگی نیساندا توانای دابینکردنی موچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ نیە، حەق نیە دەستبەرداری ئەو ھەموو بەڵێنە بێ کردارە ببێ کە بە خەڵکی داوە؟

سەرۆکێک کە کاری سەرەکی بووەتە بازرگانیکردن بۆ کۆمپانیا و بانکەکەی خۆی!  میللەتیش برسی و بێ موچە و ھەژار و نەدار چاویان لە دەستی خواپێداوانی وڵاتە، تا ژەمێکی خواردیان بۆ دابین بکەن سەرۆک موچە نەدا و سوتەمەنی نەدا و کارەبا نەدا ئیدی چی مانایەک بۆ سەرۆکایەتیەکەی دەمێنێتەوە ؟

ئێوە دەزانن ئێمە ناتوانین بەندە بین و بەندایەتی بنوێنین؟ ئێمە لەبەردەرگای زەلیلی نەوەستاوین ھەرکەس ناوی سەرۆکی ھێنا پەلاماری بدەین؟ ئێمە داردەست نین ھەرکات بیانەوێت خەڵکیمان پێ سەرکوت بکەن.

ئێمە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکین، بەرگریکردن لە ماف و نان و ئازادیان بە بچوکترین ئەرک دەزانن، واجبمانە داوای مافیان بکەین لەداھاتی ئەم ھەرێمەی کەلای ئێوەیە و چەندین ساڵە بنەماڵەیەکی پێ دەوڵەمەند دەکەن!

بانکەکانتان لێ پڕ کردووە، ئێستەش ئێوەیان بەرداوە بۆ بەرگری لێکردنیان تاکو کەس باسی دزی و تاڵانیان نەکات!
دڵنیابن لێتان بێدەنگ نابین.

ھەرکات ئێمە باسی دزی دەکەین ئێوە پەلامار دەدەن.

ئێمە باسی قوتی دزراوی خەڵک دەکەین ئێوە دەست ھەڵدەبڕن..؟

کاتێک باسی داھاتی نەوت ئەکەین.. ئێوە گیڤ دەبنەوە! 

شەرمەزارییە نانی نوێنەرایەتی میللەت بخۆیت و لەبری بەرگریکردن لە قوتی خەڵکی، لەبەردەرگادا وەستاون و پاسی دزان دەکە!.

لە پێناو رازی بوونی دڵی سەرۆکدا، پشت لە حەق و مافی خەڵکی رەشورووت دەکەن و روشتان لای بزەی سەرۆکە.

دڵنیابن لێتان بێدەنگ نابین ...