سەردێڕ:

تەقیمکردن و تاقیکردنەوەی قوتابیان

8/26/2019 2:11:17 PM
3848 جار خوێندراوەتەوە
شاسوار کەمال مەحمود
+ -

ئەم باسەی بەردەستتان توێژینەوەیەکی تیۆری و ناساندنێکی گشتگیری زانستییە دەربارەی تەقیمکردن کە بە بەشێکی دانەبڕاوی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دادەنرێت لەسەرتاسەری جیھاندا. ئامانج لە نووسینی ئەم توێژینەوەیە بریتیە لە ئاشناکردنی مامۆستایان و پەروەردەکارانی ھەرێمی کوردستان دەربارەی پرۆسەی تەقیمکردنی قوتابیان، تا ببێتە ھاوکارێک بۆیان لەکاتی راپەڕاندنی کارەکانیان و وتنەوەی وانەکانیاندا.

ھەبوونی تێگەیشتنی راست و دروست دەربارەی ھەر بوار و لایەنێکی پەروەردە و فێرکردن دەبێتە ھۆی ئەوەی کارەکان بە دروستی بەڕێوە ببرێن و ھاوکات ووزەیەکی زۆریش دەگەڕێتەوە بۆ ھەمووان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا، بەپێچەوانەوە نەزانینی راستی و دروستی ھەر بوار و بابەتێکی پەروەردەیی دەبێتە ھۆی نەھێنانەدی ئامانجەکان و بەھەدەردانی توانا و کات و پارەی لایەنە پەیوەندیدارەکان. ھەربۆیە توێژینەوە لەم بابەتە لە ئێستادا گرنگی بەرچاوی خۆی ھەیە.

تێگەیشتن لە تەقیمکردن

وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، تەقیمکردن (یاخود نرخاندن) بریتیە لە کۆمەڵێک رێگا کە بەھۆیانەوە ئاستی پێشکەوتن و بەدەستھێنانی فێرخوازان دەزانرێت. لەرووی بنەچەوە ئەو زاراوەیە لە وشەی (assidere) لاتینی وەرگیراوە کەمانای (دانیشتن لەپاڵ یەکدا-sit by side ) دەگەیەنێت. پەروەردەکاران لەپاڵ فێرخوازاندا دادەنیشن بۆ فێربوون لەبارەی توانست و پاشاخان و ئامانجە پەروەردەییەکان و دەرئەنجامە پێشبینی کراوەکانی خۆیان و نقوم بوون لە ژیان و گۆشەنیگای فێرخوازاندا. لەگەڵ ئەوانەشدا،  لە بواری پەروەردەو فێرکردندا، تەقیمکردن:

•       رێگایەکی بەدواداچوونە بۆ زانینی رادەی فێربوون.

•       رێگایەکە بۆ بەدەستھێنانی فیدباکی پێویست.

•       پرۆسەیەکە بۆ ھەڵسەنگاندنی قوتابیان لە ناو بواری پەروەردەدا.

•       پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ ھەڵسەنگاندنی فێرکردن و فێربوون.

•       پرۆسەیەکە پێمان دەڵێت کە چۆن فێرکردن و فێربوونی باش بەردەوام بێت.

بۆچی تەقیمکردن ئەنجام دەدەین؟

تەقیمکردن و تاقیکردنەوەکان شت گەلێک نین بەبێ ھۆ ئەنجام بدرێن، بەڵکو وەک تەواوی بوارەکانی دیکەی پەروەردە و فێرکردن کۆمەڵێک مەبەست ھەیە لە ئەنجامدانیان، لەوانە ئامانجی کارگێڕی، ئامانجی پێڕاگەیاندن، ھەروەھا ئامانجی فێرکاری وەک لەخوارەوە ئاماژەمان پێداون:

ئامانجی کارگێڕی - Managerial:

•       پرۆسەی تەقیمکردن سەرکەوتوویی سیاسەتەکانی حکومەت نیشان دەدات.

•       ھەروەھا لەو رێگایەوە مامۆستایان و پەروەردەکاران ئاستی پێشکەوتنی قوتابیان دەزانن.



ئامانجی پێڕاگەیاندن- Communicative:

•       پرۆسەی تەقیمکردن، زانیاری پێویست دەداتە دایکان و باوکان لەسەر پێشکەوتنی منداڵەکانیان.

•       ھەروەھا مامۆستایان و پەروەردەکاران ئاگادار دەکاتەوە لە رادەی زانیاری و کارامەییەکانی قوتابیان.

ئامانجی فێرکاری- Pedagogical:

•       تەقیمکردن ئاستی سەرکەوتنی فێرکردن ھەڵدەسەنگێنێت.

•       پاڵپشتی لە فێرکردن دەکات بە دابینکردنی فیدباک و دانانی پلانی ئایندە.

•       ھانی قوتابیان دەدات بۆ فێربوون و یارمەتیان دەدات لە گەشەپێدانی تواناکانیان.

•       یارمەتی مامۆستایان دەدات بۆ ئەوەی بزانن لەسەر رێی راستی فێرکردنن یاخود نا.

•       دڵنیایی ئەوە دەدات کە پڕۆگرامێکی باش گەیەندراوەتە قوتابیان.

•       رێگایەکە بۆچاودێریکردنی ئەوەی چ جۆرە کواڵیتیەکی پەروەردە پێشکەش کراوە.

چ کاتێک تەقیمکردن کاریگەر دەبێت؟

مەرج نیە ھەموو تەقیمکردنێک پێویست بێت و بەسوود بێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی تەقیمکردن کاریگەر بێت دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە دەمانەوێت چ شتێک بۆ خۆمان (وەک مامۆستا) و قوتابیان بەدەست بھێنین.

بۆ ئەوەی تەقیمکردن پرۆسەیەکی کاریگەر بێت دەتوانین ئەم خاڵانەی خوارەوە وەک رێنیشاندەرێک پەیڕەو بکەین. تەقیمکردن کاریگەر دەبێت ئەوکاتەی:

•       ھەموولایەک لە مامۆستایان و پەروەردەکاران و قوتابیان و دایکان و باوکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشداربن تیایدا.

•       گرنگی دەخاتە سەر بوارێکی دیاریکراوی پەروەردە و پێشخستنی فێرخواز (وەک تاک).

•       گرێدراو بێت بە ئامانج و دەستکەوتە پەروەردەییکانەوە.

•       پەیوەندی بە بابەتەکانەوە ھەبێت.

•       پێشکەوتنی قوتابیانمان پێ بڵێت و رێنیشاندەربێت بەرەو چۆنیەتی چاککردنیان.

زیاتر لەوەش، چۆن مامۆستایان لەکاتی وانە وتنەوەدا پلانی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ چۆنیەتی وتنەوەی بابەتەکانیان، بەو شێوەیەش لەسەر مامۆستایان و پەروەردەکاران پێویستە پلان و ستراتیژی ئاشکرایان ھەبێت کاتێک دەیانەوێت کارەکانی خۆیان ھەڵبسەنگێنن. ھەربۆیە پێیوستە ھەموولایەنێکی پەیوەندیدار ئاگاداری ئەم پرسیارانە بن:

•       چی؟- ئامانج و مەبەستی تەقیمکردنەکەمان چی دەبێت؟

•       چۆن؟- بەچ شێوازێک ئەو کارەمان ئەنجام دەدەین؟ کێ بەرپرسە لە ئەنجامدانی کارەکەمان؟

•       لەکوێ؟- لە چ ژینگە و شوێنێکدا کارەکەمان بەڕێوە دەچێت؟

ھەروەھا پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت، کە تەقیمکردن کاریگەری راستەوخۆی لەسەر فێربوون و فێرکردن ھەیە، ھەربۆیە پێویستە مامۆستایان و پەروەدەکار ئەم راستیە لەبەرچاو بگرن و ھەوڵ بدەن پرۆسەی تەقیمکردن و تاقیکردنەوەکان لە پێناو فێربوون و پێشخستنی قوتابیاندا بێت نەوەک تەنھا بۆ دەرچوونی قوتابیان بێت لە پۆلێکەوە بۆ پۆلێکی تر. ئەوەی یەکەمیان کاریگەری ئەرێنیە و ئەوەی دووەمیشیان جۆری نەرێنیە.

جۆرەکانی تەقیمکردن چین؟

پرۆسەی تەقیمکردن، پرۆسەیەکی فرەلایەنە و کۆمەڵێک رێگای جیاواز ھەن بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، ئەوەی پێویستە لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە کە چ شتێک تەقیمدەکرێت و چۆن تەقیمدەکرێت و لە چ ژینگەیەکدا پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت.

ئەمانەی خوارە جۆرە سەرەکیەکانی تەقیمکردنن کە مامۆستایان و پەروەردەکاران دەتوانن لە پرۆسەی فێرکردندا بەکاریان بھێنن. دەکرێت مامۆستایان زیاتر لە جۆرێک بەکار بھێنن بۆ ئەنجامدانی تەقیمکردنەکانیان ئەوانیش بە پێی گونجان و سروشتی بابەتەکانیان.

رێگا سەرەکییەکانی تەقیمکردن بریتین لە:

١-      ئەزموون و تاقیکردنەوەکان (Exams and Tests): لەسەرەتاوە ئاماژەمان بەم دوو چەمکە کردوە.ئەنجامدانی ئەزموون و تاقیکردنەوەکان شێواز و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بەوھیوایەی بتوانین لە ئایندەیەکی نزیکدا شتێک لەو بارەیەوە ئامادە بکەین.

٢-      کویز (Quiz): تاقیکردنەوەیەکی بچووکە مامۆستایان دەتوانن ناو بەناو ئەنجامی بدەن.

٣-      چاودێریکردنی پۆل ( Class Monitoring): لێرەدا مامۆستا چاودێری پۆل دەکات و بڕیار لەسەر پێشوەچوونی قوتابیان و پۆلەکە دەدات.

٤-      پێشکەشکردنی پۆل (Class Presentation): لەم رێگایەدا قوتابیان راپۆرتی زارەکی یاخود نووسراو پێشکەش بە پۆل دەکەن و مامۆستاش تەقیمی خۆی دادەنێت.

٥-      چاوپێکەوتن (Interview): لەم شێوازەدا مامۆستا چاوپێکەوتن لە گەڵ قوتابیان دەکات بە تاک تاک یاخود بە کۆمەڵ لەسەر بابەتێک و دواتر تەقیمی خۆی دادەنێت.

٦-      تەقیمکردنی ھاوتەمەن- ھاوپۆل   (Peer Assessment): لەم شێوازەدا مامۆستا کاری قوتابیەکان دەدات بە یەکتری تاوەکو ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و تەقیمی خۆیان بدەن  بە مامۆستا. لەم شێوازەدا مامۆستا رێنیشاندەری پێویست دەدات بە قوتابیان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

٧-      راپۆرت و پرۆژە( Reports and Projects): لێرەدا قوتابیان راپۆرت و پرۆژە بە تاک تاک یاخود بە ھاوبەشی ئامادە دەکەن لەسەر بابەتێک. لەم شێوازەدا مامۆستا رێنیشاندەری پێویست دەدات بە قوتابیان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

٨-      تەقیمکردنی بەجێھێنان(Performance Assessment):  

بەکاردێت بۆ تەقیمکردنی شارەزاییە تەتبیقیەکان کە پێویستیان بە جێ بەجێکردن ھەیە.

٩-      پۆرتفۆلیۆ (Portfolio): بریتیە لە کۆمەڵێک کاری قوتابی کە لەماوەیەکی زەمەنیدا بەرھەمی ھێناوە و لەو رێگایەوە مامۆستا ئاستی پێشکەوتن یاخود پێشنەکەوتنی قوتابی دەزانێت.

١٠-   خۆ تەقیمکردن (Self Assessment): قوتابیان کارەکانی خۆیان ھەڵدەسەنگێنن  لە رێگای کۆمەڵێک رێنیشاندەرەوە کە مامۆستا دایناوە بۆ ئاڕاستەکردنیان لە ئەنجامدانی ئەو کارەدا.



کۆتایی

پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن کارێکی قورس و ھەمەلایەنە و ئەنجامدانیشی پێویستی بەکاری ھەرەوەزی و ھیممەتی ھەموولایەک ھەیە. یەکێک لەو لایەنانەی کە پێویستە بەردەوام کاری  تێدا بکرێت بریتیە لە ئەزموونەکان و تەقیمکردن=(نرخاندن).

خۆش بەختانە، وەزارەتی پەروەردە لە ئێستادا بەردەوامە لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی کە لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەستی پێکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا شێوازی ئەنجامدانی ئەزموونەکان بڕیاری گۆڕینی ریشەیی دەربارە دراوە ئەویش بە پەیڕەوکردنی (شێوازی ھەڵبژاردن) لە قۆناغەکانی خوێندن بەگشتی و پۆلەکانی ٩ و ١٢ بەتایبەتی.

بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە، لە کۆتایی ئەم توێژینەوە کورتەدا حەزدەکەم چەند بیرۆکەیەک بخەمە روو بەو ھیوایەی سوودی ھەبێت بۆ ھەمووان:

١.      ئەنجامدانی رێژەی ١٠٠%ی شێوازی ھەڵبژاردن تەنھا بۆ پۆلەکانی ٩ و ١٢ بێت و    تەنھا بۆ ئەزموونەکانی نیشتمانی و بەکالۆریا.

٢.      لە تەواوی قۆناغەکانی خوێندن و ئەنجامدانی ئەزموونەکانی وەرزیدا پێوستە مامۆستایان بە پێی سروشتی بابەتەکانیان شێوازی جۆراوجۆر بەکار بھێنن (وەک: ھەڵبژاردنMultiple Choice ، پڕکردنەوەی بۆشاییFill in the Gaps، بەیەک گەیاندنMatch، پرسیار بۆ تێگەیشتن Understanding، راست و ھەڵە True   &  False...ھتد) ئەویش لە پێناوی ئەوەی تەواوی تواناکانی قوتابیان لەبەر چاو بگیرێن.

٣.      ھەروەھا پێویستە لەسەر وەزارەت و مامۆستایان تەنھا گرنگی نەخەنە سەر تاقیکردنەوەی قوتابیان بەڵکو پێویستە بەشێوەیەکی سەرەکی گرنگی بخەنە سەر تەقیمکردنی قوتابیان (کە تاقیکردنەوە رێگایەکە لە رێگاکانی تەقیمکردن).

لەو چوارچێوەیەدا، لەگەڵ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکاندا، باشترە مامۆستایان شێوازی جۆراوجۆری تەقیمکردن پەیڕەو بکەن بەپێی گونجان و سروشتی قوتابخانە و بابەتەکانیان (وەک چالاکی رۆژانە، ئەنجامدانی کویزQuiz، چاودێریکردن قوتابیان Observation، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن Interview، نووسینی راپۆرت و پۆرتفۆلیۆ Reports and Portfolios، رەنگدانەوە Reflection، خۆ تەقیمکردن  Self-Assessment، ... ھتد). ئەم جۆرە تەقیمکردنانە ھانی قوتابیان دەدەن ببنە بەشێک لە پرۆسەی فێرکردن و مامۆستایانیش ئاستی راستەقینەی قوتابیانیان بۆ دەردەکەوێت.

سەرچاوەکان:

١-      Mousavi, Seyyed Abbas. An Encyclopedic Dictionary of language Testing. ٤th ed. Tehran: Rahnama Press, ٢٠٠٩.

٢-      Rayment,Tabatha. ١٠١ Essential Lists on Assessment. London NewYork: Continuum International Publishing Group, ٢٠٠٨.

٣-      Schmitt, Norbert. An Introduction to Applied Linguistics. Ed. London: Arnold Publishers, ٢٠٠٢.

٤-      Thornbury, Scott. An A-Z of ELT. Oxford: Macmillan Publishers Limited, ٢٠٠٦.