سەردێڕ:

کۆرۆنا و کورد و ژمارە

3/15/2020 12:26:42 AM
4503 جار خوێندراوەتەوە
شوان محەمەد
+ -

 
وتاری میدیای بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لەم قەیرانە هەمە لایەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستە جیاجیاکان دروستیکردووە، دەتوانین بڵێین نا زانستی ترین گوتارە، هۆکارەکەشی زۆر ئاسانە، لەبەر ئەوەی گوتاری بەرپەرسانی کورد، ژمارە و ئامار و وردبینی تێدا نییە.
گوتاری بەرپرسانی هەرێم لە سەرۆکەوە، بۆ پەرلەمان بۆ سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان، تا دەگات بە پارێزگار و قائیمقام و خوارتریش، زۆربەیان رازێندراونەتەوە بە ئامۆژگاری و ڕێنومایی، لەکاتێکدا هەرکەسێک سەرەتایترین خوێندەواری هەبێت دەتوانێت، ئەم هۆشیاریی و رێوشوێنانە لەبارەی  ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە رێگای میدیاکان و سۆشیال میدیاوە بە ئاسانی دەستبکەوێت، ئەوەی غائیبە لە گوتار و  کۆنگرە رۆژنامەگەریەکانی بەرپرسان و بەیاننامە رۆژنامەوانیەکانیاندا " ژمارەیە".
لە گوتاری هەر حوکمڕانییەکیشدا بەتایبەتی لە پرسێکی وەک " کۆرۆنا "دا کە رەهەندی ئابوری و تەندرووستی و ژیاری و  کۆمەڵایەتی هەیە"ژمارە" بەشی سەرەکی و پانتایی بەرفراوانی داگیر نەکردبوو، ئەوا ئەو دەسەڵاتە نەپلانی هەیەو، نە دەزانێت چی دەکات و، لەگەڵ درێژبوونەوەی کاتی قەیرانەکەشدا، جگە لەشکست هیچ  لێ چاوەڕوانی ناکرێت.
تا ئێستا کەس نازانێت پلانی حکومەتی هەرێم چییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە؟ ئەگەر مانگێکی خایاند، یان چەند مانگێک، چەند خۆی لەهەموو روویەکەوە بۆ ئامادەکردووە؟ ئەگەر تووشبووان بە ڤایرۆسەکە تەشەنەی کردو خەڵکێکی زۆر تووشبوون، پلانی "B " ی حکومەتی هەرێم چییە، چۆن دامودەزگاکانی حکومەتی بۆ ئامادەکردووەو چەند پێداویستیەکانی بۆ دابین کردووە، یان دەیکات؟.
لە ئێستادا حکومەت دەتوانێت چەند نەخۆشخانە  بەتەواوی ئامێرە پزیشکیەکانەوە دابین بکات، لە گەڵ توول سەندنی نەخۆشیەکەدا دەتوانێت چەند ئامادە بکات؟
تا چەند کۆمەڵگای ئامادە کردووە؟ ئەوەی تا ئێستا دەکرێت لەسەر ئاستی هۆشیارکردنەوەی خەڵک هەر ترساندن و رێنوماییکردنی خەڵکە، واتە حکومەت و کۆمەڵگا هەر لە پێگەی بەرگریکردندایە، ئەی تەیاردان و رێکخستنی خەڵک، کوا هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرگرتن و هێرشکردنە سەر ئەم ڤایرۆسە، ئایا ئێمە هەر لە پێگەی بەرگریدا بین، تا تەواو ورەو وزە لەخەڵک دەبڕێت، یان بە بەشداری تیمی خۆبەخشی خەڵک لە پێگەی بەرگریەوە کۆمەڵگا بگوازینەوە بۆ پێگەی هێرشکردن.
با پرسین، ئایا حکومەتی هەرێم لەرووبەروبوونەوەی لەگەڵ ئەم قەیرانەدا کەس دەزانێت، بودجەی چەندی بۆ تەرخانکراوە؟ چۆن دابەشیکردووە؟ چەندی بۆ وەزارەتەکان؟ چەندی بۆ پارێزگاکان؟ چەندی بۆ خوارترە؟ ئەگەر کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا درێژەی کێشا، لەم دۆخە پڕ لە قەیرانەدا، قەیران لەگەڵ بەغداو، قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت، چۆن حکومەت کۆمەڵگا بەڕێوەدەبات و، بودجە بۆ هەموو بوارەکان بە کۆرۆناشەوە، دابین دەکات؟
تا ئێستا کەس نازانێت حکومەتی هەرێم چەند نەخۆشخانەی بۆ ئەم بوارە هەیە، لە دوو مانگی داهاتوودا دەتوانێت چەندی تر ئامادە بکات؟ چەند قەرەویڵەیەی بە ئامێری تەندروستی تەواوە بۆ دابین دەکات؟
با دوور نە پرسین، گفتوگۆ لەسەر ئێستای دۆخەکە بکەین، چەند کارمەندی تەندروستی لە کاردان بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە رۆژێکدا چەند کاتژمێر کاردەکەن؟ چەندی ترمان ئامادە کردووە ئەگەر تووشبوان زیادی کرد بتوانن لەگەل ئەمانەی ئێستادا رووبەرووی ببنەوە؟
ژمارە زۆرە تۆ لە حکومەتی هەرێم بپرسیت و ئەو زانیاری پێ نەبێت، یان نەیەوێت بیڵێت، وەک زۆر بواری تری ئەم وڵاتە بە نهێنی بمێنێتەوە، دوور مەڕۆ رۆژانە چەند ئۆتۆمبیلی بەنزین و گازویل بە شۆفیرە ئێرانییەکانەوە دێنە هەرێم، ئایا هەموویان پاکژدەکرێنەوە، چەند ئۆتۆمبیلی بار هەڵگر بە شۆفێرەکانیانەوە دێنە دەروازە سنوریەکان، ئایا لەکاتی ئاڵوگۆڕی بارەکاندا چەند لە ژێر کۆنترۆڵی تەندروستیدان؟
ئەمانە هەموویان ژمارە بوون، دڵنیام لای ئێوەش زۆر پرسیارتان هەیە لەسەر ژمارە کە تا ئێستا لەم قەیرانەدا روون و دیارنین.. تکایە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم چیتر ئەگەر وتارتان خوێندەوە، کۆنگرەی رۆژنامەگەریتان ئەنجام دا، یان راگەیاندنی رۆژنامەوانیتان بڵاوکردەوە، تەنها ژمارەی تووشبوان و مردوان و ڕزگاربووەکانمان بۆ ئامار مەکەن، چیتر لەتەک ئامۆژگاریەکان و رێنومای و بڕیارەکانتاندا هەندێک ژمارەشمان پی بڵێن، بۆ ئەوەی ئێمەش لای خۆمانەوە دەستمان لەسەر دڵمان داگرین و بڵێن " سوپاس بۆ خوا حکومەتەکەمان بەژمارە قسە دەکات و پلانی هەیە". 

 

‌بەپەلە