سەردێڕ:

​ھێزگەلی نوێ دەرگاکانی داھاتوو دەکەنەوە

8/20/2019 10:45:25 PM
3621 جار خوێندراوەتەوە
هیوا عەبدوڵا
+ -

ئەگەر ھێشتا زوو بێت بڕیار لەسەر رووداوگەلێک بدەین کە کراوەن بە رووی ئەگەرەکانیاندا، ئەوا ئەنجامەکان ھەرچییەک بن گەڕانەوە بۆ دواوە لە ئارادا نیە، چونکە ئەوەی روودەدات لاپەڕەیەک دادەخات و یەکێکی دیکە دەکاتەوە، بە ئەندازەی ئەوەی دەمانباتە ناو سەردەمێکی نوێوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەر سەردەمێک کۆمەڵێک پێداویستی خۆی ھەیە.

ئەوەی کە گرنگە ھێزگەلی نوێ رەچاوی بکەن ئەوەیە کە وانەی سود لێوەرگیراوی قەیرانە ھەمیشەییەکان ئەوەیە کە دەرفەتی دەرچوون و رزگاربوون لە باردانابێت ئەگەر لۆژیکی دژبوون و ئەقڵیەتی دوورخستنەوە و زمانی بە خائینکردن ھەموو ئەو شتانە تێکنەشکێندرێن کە دەبنە مایەی قوڵکردنەوەی لێکدابڕان و سەرھەڵدانی پێکدادانەکان، بەو پێیەی کۆمەڵگا خۆی تۆڕێکی کارلێکردنە، ھەروەھا ھیچ شتێک ھێندەی بیرکردنەوەی یەکلایەنانە مینڕێژی پڕۆژە و سیاسەتەکان ناکات، چونکە ئەو بڕوا ھەڵبژاردەخوازنەی بانگەشە بۆ قۆرخکردنی حەقیقەت دەکەن دەچێتە خانەی بەکەم سەیرکردنی ئەویتر و مرۆڤبوون و لانی کەم دەستدرێژیکردنە سەری بە شێوەیەکی سیمبولی.

ھێزگەلی نوێ لە ئاسایشخوازیەوە بۆ مەدەنیخواز

 چەمکی ھێز روو لە گۆڕانە چونکە چیتر ھێزی رووھەڵماڵراو بە توندوتیژی و جەنگ و کارەساتەکانیەوە، خاوەن عەقڵەکان و ئەوانە فریونادات کە سودیان لە وانەکانی ئەو جەنگانە وەرگرتووە کە لەسەردەمێکدا تەنھا وێرانکردنی لێ بەرھەم ھاتووە، ئەو گۆڕانە دەتوانین بە لە دایکبوونی نەرمەھێز گوزارشتی لێبکەین کە لەو داھێنان و دۆزینەوەدا بەرجەستە دەبێت کە دەبێتە مایەی دەستکەوت و کارگەلی بە بایەخ، جا لە بوارەکانی زانست، ئەدەب و ھونەردابێت بە گشتی یان لە جیھانی ئامێر و کەرەستە سودبەخشەکاندا بێت یان لە پەرەپێدانی شێوازەکانی ژیان و شێوەکانی حکومڕانی چاکدا بێت.

ئەو رژێمانەی کە حکومڕانەکانی سەرکوتکردنی ئازادییەکان و زەوتکردنی مافەکان پیادە دەکەن، یاخود لە نوێکردنەوەی ئابوری و چاککردنی ئاستی بژێویدا شکستدەخۆن یاخو ناتوانن بنەماکانی دەوڵەتگەلی بەھێز پێکبھێنن، لای میللەتەکانیان سەرچاوەکانی ھێز و بەگری وێران دەکەن.

بە پێچەوانەشەوە ئەو حکومڕانانەی بە چاکی کارەکانیان بەڕێوەدەبەن  وچاودێری بەرژەوەندی کۆمەڵگەکانیان دەکەن و وەبەرھێنان لە سامانەکاندا دەکەن، جا لەسەر ئاستی ئابوری بێت بە بنیاتنانی مۆدێلی پەرەپێدانی سەرکەوتوو یان لەسەر ئاستی سیاسی بە گۆڕان لە رژێمگەلی ئاسایشخواز و پۆلیسیەوە بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئەو جۆرە ھێزانە و سیستەمی حکومڕانییەکانیان لە ئاستی دەرەوەدا شایستەی تێڕامان و ستایشکردن دەبن، بەئەندازەی ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددا و فشارەکان کە لە دەرەوەڕا ھەڵدەکەن بەھێز و کارامەتر دەبن.

ھێزگەلی نوێ و ئایدۆلۆژیا

 ئەو سیستمانەی کە لە سایەی شۆرشە ئایدۆلۆژییەکان لەناو سیستەمێکی تێکئاڵاودا دروستدەبن، مێژوو دەریخستووە کە رابەرانی ئەو سیستەمە شتێک دەڵێن و پێچەوانەکەی دەکەن، چونکە ئەوەی ئەربابەکان رایدەگەیەنن ئەوەیە کە کۆشش دەکەن شکاندنی کۆتوبەندەکان و وردوخاشکردنی بتەکان، ئەوەش لە پێناوی رزگاری مرۆڤدا، بەڵام دەرکەوت ئەو ھیزانەی ھەڵگری بەرنامەیەکی ئایدۆلۆژین ئینجا لە ژێر دروشمی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتیدابووبێت دواجار شێوازێکی نویێ کۆیەلایەتی بەرھەمھێناوەتەوە، لەبەر ئەوەی لۆژیکەکەی رزگارکردن نەبووە بەڵکو لۆژیکی سڕینەوە بووە، چونکە بایەخ دەدات بە لە قالبدانی ئەقڵەکان و جۆشدانی حەشاماتێک لە خەڵکی.

تایبەتمەندی ئەو جۆرە ھێزانە ئەوەیە بەردەوام نابێت ئەگەر دوژمنگەلێک رووبەڕووی خۆی دانەنێت بۆ بەگژداچوونەوە و ریشەکێشکردنیان، ئەو ھێزە لە کاتی نەبوونی دوژمنەکاندا دەیانخوڵقێنێ، چونکە ئەوە ھۆی بوون و شێوازی کارکردنییەتی.

ھێزگەلی نوێ میللەت دروستدەکەن

 میللەت بەھۆی فرەڕەنگی و زیندوویەتییەوە دەوڵەمەند و بەھیزە، بەڵام جەماوەر بەھۆی تاکەکانییەوە کە کۆپی یەکترن ھەژارو بۆشە. میللەت لە تاکی کارا  و سەربەخۆی خاوەن عەقڵ پێکدێت، بەڵام جەماوەر تۆپەڵێکی یەک رەنگە، کە چاوەڕوانی خاوەنەکەی دەکات لە بری ئەو بیربکاتەوە. میللەت داھێنان دەکات و ژێوار بۆخۆی دروستدەکات، بەڵام جەماوەر خۆی نیە، بەڵکو کەرەستەیەکە بۆ ستەمکاری و ئامێرێکە بۆ ھێزە ستەمکارەکان بۆ وێرانکاری.

خالێکی دیکە جیاواز ئەوەیە میللەت ھەرکاتێک ھەستی بەوەکرد رابەرەکەی لە دژی ئەو بەرنامەیە دەجوڵێتەوە کە بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوو گۆڕانکاری بەرپا دەکات، بەڵام جەماوەر سەرکردەکانی خۆی دەپەرستێ و ئەوان پیرۆز دەکات، بۆیە ئەو نەتەوانەی پەیوەندی نێوان خۆیان وحکومڕانەکانیان وەکو سەرۆک وجەماوەر دروستکردووە، پیرۆزکردن و دڕندەیی و لە ناوچونیان بەرھەمھێناوە و میللەت و کۆمەڵگا بەدەستیانەوە ناڵاندویانە.

ئومێد لەسەر ھێزە نوێیەکان ھەیە لە دامەزراندنی سیستەمێکی نوێدا کە بتوانن شتانێک لە خۆ بگرن کە رژێمەکانی پێشوو فەرامۆشیانکردبوون، پەردەپۆشیانکردبوون، پەکیانخستبوون، یان وێرانیانکردبوون.