سەردێڕ:

كوژرانى گه‌نجێك به‌ده‌ستى شۆفێرى ماتۆرسكیلێك و چه‌ند سه‌رنجێك ..

8/19/2019 5:50:45 PM
9999 جار خوێندراوەتەوە
به‌ختیار محەمەد عەبدوڵا وكاروان محەمەد سدیق
+ -

شەوی رابردوو تاوانێک لە قەزای چەمچەماڵ روویداو گەنجێک کوژرا و بکوژەکە ماتۆرسکیلێکی پێ بوو تابلۆی پێوە نەبوو.
لێرەدا چەند ئامارێک لەسەر ماتۆرسکیل دەخەینەڕوو تاوەکو ئێستا لە سنوری ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، (٥٥٢.٧٨١) سوارڕەو تۆمارکراوە کە تۆماری ماتۆسکیل تەنھا (١٠٩٤٥ ) بووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٢٠١٩ (٢٦٤١٥) سوارڕەو تۆمارکراوە کە تۆماری ماتۆسکیل تەنھا یەک ژمارەیە.
ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆسکیلیان ھەیە(٣٨٤٨) کەسە.
لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا (٧٥) ھاوڵاتی بە رووداوی ھاتووچۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەست داوە کە لەم ژمارە (١٨) کەس شۆفێر و سەرنشینی ماتۆسکیل بووە.
وە ھەر لەم ساڵدا(١٤٥٩) ھاوڵاتی بە رووداوی ھاتووچۆ بریندار بوون کە (٤١٣) کەس شۆفێر یاخود سەرنشینی ماتۆرسکیل بوون.
وە ھەر لەم ساڵدا (٨٢٠) سوارڕەو تووشی رووداوی ھاتووچۆ بوون کە (٥٦) سوارڕەو لەجۆری ماتۆرسکیل بوون. وە بەبەردەوامی بە رێگای نایاسایی بەشێوەی پارچە لە خاڵە سنوریەکانەوە ماتۆر دەھێنرێتە پارێزگاکانی ھەرێم وە لە دوکانی فرۆشتنی ماتۆڕەکان پارچەکان دەبەستن و بە نایاسایی بە ھاوڵاتیان و گەنجان دەفرۆشرێن.
لەبەرئەوەی لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر ماتۆسکیل بە نایاسایی لەسەر شەقام و رێگاوبانەکان ھاتووچۆ دەکەن کە نە تابلۆیان پێوەیە نە شۆفێرەکانیان مۆڵەتی لێخورینیان ھەیە وەک چۆن لە رابردوودا بۆچوون و پێشبینیمان خستۆتەڕوو لە بەکارھێنانی ماتۆرسکیل لە سەرپێچی و تاوانەکاندا ئێستاش  دووبارەی دەکەینەوە بەم دۆخە پێشبینی ئەوە دەکرێت کە تاوانی زیاتر و مەترسیدارتر ئەنجام بدەن لەبەرئەوە کاتێک کە ماتۆرسکیل تابلۆی نەبوو لەکاتی ئەنجام دانی سەرپێچی ھاتووچۆیان ئەنجام دا تاوان و دۆزینەوە و ئاشکرا کردنیان قورس و گرانە.

- دەبێت بەرێزان لە وەزارەتی ناوخۆ چۆن لەرابردوو بۆ چارەسەرکردنی ئوتومبێلی بێ سەرەتا و ئەوروپی بڕیاریان بە تۆمارکردن و بنەبڕکردنی ئوتومبێلی بێ سەرەتا ئاواش بڕیارێک دەربکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ماتۆرسکیل لە کوردستان.
- دەبێت چارەسەری کێشەی ھەمیشەیی ماتۆرسکیلەکان بکرێت و نەک ئەو ھەڵمەتانەی کە لەرابردوودا بۆ دەستبەسەراگرتنی ماتۆرسکیل و دروست کردنی بابەتی راگەیاندن بۆ چەند رۆژێک دواتر گێڕانەوەی ئەو ماتۆرسکیلە دەست بەردا گیراوانە بە مەرجی دەرھێنانی مۆڵەت و دووبارە سوڕانەوەیان بەسەر شەقام و رێگاوبانەکان بە بێ تابلۆ، قسەی ئێمە لەسەر ئەم گرفتە ئەوەیە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراو و دەزگاکانی مافی مرۆڤ و داواکاری گشتی چارەسەرێکی ڕیشەیی و یاسایی بۆ ماتۆرسکیلەکان دابنرێت.