سەردێڕ:

نەوەی نوێ و جیاوازی ئەم ھێزە نوێیە

8/18/2019 1:14:40 PM
2642 جار خوێندراوەتەوە
هەوراز زایر
+ -

باس لە دروستبوونی ھێزێکی نوێ ناکەم کە ٢ ساڵ نابێت تەمەنی، باس لە تێپەڕبوونی چەند مانگێک دەکەم لە ئۆپۆزسیۆن بوونی ئەو ھێزە لە کوردستان، کە خزمەتی ئەزمونی سیاسی و داھێنانی جۆرێتی حزبایەتی کردووە لەم ھەرێمە.

بەباشم زانی چەند خاڵێک بیری خوێنەرانی ئەزیز بخەمەوە کە ئاخۆ جیاوازی نەوەی نوێ چییە لە ھێزە تەقلیدیە کۆنەکان؟

١- ھاوڕێکانمان ڕۆشتن و خیانەتیان لە دەنگی دەنگدەران کرد، لە بری ئەوەی ئێمە جنێویان پێ بدەین، ئێمە داوای لێبوردنمان لە دەنگدەران کرد کە خەڵکی ناشایستەمان کاندید کردوە و وەک پێویست لێکۆڵینەوەمان نەکردووە.

٢- گرتنی خۆبەخشان و گەنجان بەبێ ھەبوونی بەڵگە و ھەڵکوتانە سەر بارەگاکانمان، بۆ یەکجاریش بیرمان لە بژاردەی نا مەدەنی نەکردووەتەوە، بەڵکو سەلماندمان کە بەھێزی لە عەقڵدایە نەک لە چەک، ئەوەتا ئێستا ھەمووان دەبینن کە نەوەی نوێ نەک لاواز نەبووە، بەڵکو لە جاران زیاتر پشتیوانی جەماوەری ھەیە.

٣- یەکەمجارە سەرکردەی ھێزێکی ١٥٠ ھەزار دەنگی(کە دڵنیام تەزویر نەبووایە، نەوەی نوێ زۆر لەو دەنگە زیاتری دەھێنا) بە پێی خۆی بچێتە بەردەم دادگا و بێتاوانی خۆی بسەلمێنێ، چەندین ڕۆژ بێ ھەبوونی بەڵگە لە ژوری تاکە کەسیدا بھێڵدرێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر و لای حیزبە تەقلیدییەکان ھیچ حساب بۆ دادگا و یاسا نەدەکرا و گەر روداوێکیش رویبدایە ئەوا کوڕی فەقیر بە کوشت دراوە و زیندانی کراوە، نەک کەسی یەکەمی حیزبەکە.

٤- شێوازێکی نوێی حیزبایەتیمان داھێنا کە بریتیە لە دروستکردنی ڕکابەری لە نێوان ھێزەکاندا لە پێناو خزمەتی زیاتری خەڵک، لە بری ئەوەی ھاوڵاتی بدەین بە کوشت و بیانکەین بە مەقاش، ھاوڵاتی سوودمەندی یەکەم دەبێت لەم کێبڕکێیە و لەم ململانێیە، باشترین نمونەش پردی سماقوڵی و تونێلی دەربەندیخان و چەندین پرۆژەی تر، کە لێرەوە دەمانەوێت بە ھەموو خەڵکی بڵێین حیزبایەتی بریتییە لە خزمەتکردنی خەڵک، نەک دروستکردنی کێشە بۆ خەڵک.

٥-نەوەی نوێ تاکە جوڵانەوەی سیاسییە کە ڕەتی دەکاتەوە بودجە لە حکومەتی ھەرێم وەربگرێت و ئامانجی پۆست و پارە و بودجە نییە، بەڵکو ئامانجی گەورەتری ھەیە و دەیەوێت نیشانی ھاوڵاتییانی بدات کە حیزبایەتی بازرگانی و پارە پەیداکردن نیە، بەڵکو خزمەتکردنی خەڵکە.

٦-ھێزەکانی دەسەڵات یەکەمجارە ڕووبەڕووی ھێزێکی جیاواز ببنەوە لە ھەموو ڕویەکەوە جیاوازبێت لە پێکھاتە و ڕیتمی حزبەکانی پێشوو، بۆیە نازانن بە چ شێوازێک مامەڵەی لەگەڵ بکەن، حەجمی راستەقینەی نەوەی نوێ و شێوازی کارکردنی شۆکی کردوون، لە ڕەدفیعلدا چەندین فشاریان کردووەتە سەر سەرۆک و خۆبەخشانی، بەڵام بێ ئومێد بوون لەوەی ئەم ھێزە ناشرین بکرێت لای خەڵکی و ڕۆژ بەڕۆژ پشتیوانی و سۆزی خەڵکی زیاتر دەچێت بەلای نەوەی نوێدا.

بۆیە لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە گرنگە ھێزی سیاسی لە شتێکدا کێبڕکێ و ملانێ لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا بکات، کە ئەو نەیبێت، بۆنمونە ئەو گەر ھێزی ھەیە، ئەوا گرنگە تۆ عەقڵ بەکار بھێنیت، پشودرێژ بیت، ئامانجی خۆت بزانیت و رێگاکەت ون نەکەیت بۆ ئامانجەکەت، وە ھەتا فشاری زیاتر لەسەر ئەم ھێزە مەدەنیانە بکرێت ئەوا ئەزموونی جیھانی سەلماندویەتی کە جەماوەری ئەم ھێزانە زیاد دەکات، بە مەرجێک ھێزەکە بتوانێت بەردەوامبێت و لە پرنسیپەکانی خۆی لانەدات و پشودرێژ بێت و بەرگە بگرێت.

دڵنیام لە نەوەی نوێ پێکھاتە و سەرکردایەتیەکی ھێندە پتەوی ھەیە کە لەژێر ھیچ فشارێکدا سازش لە مافی ھاوڵاتییان ناکات و دەستبەرداریی ئەو پرانسیپانە نابێت کە لەسەری دامەزراوە و باوەڕی پێی ھەیە.

وەک پێشتر بەردەوام وتومانە، ئەمە شەری ئیرادەیە، براوە ئەو کەس و لایەنەیە کە ئیرادەی ناشکێت و بەردەوام دەبێت و کۆڵ نادات.