سەردێڕ:

پەیامەکانی پشت گەورەکردنی سلێمانی و لێدانی بارزانی

1/25/2021 9:33:19 AM
23698 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر کاروانى
+ -

کورتە فلیمەکەی ئەم دوواییەی ئێرانیەکان لەسەر رۆڵی سلێمانی لە پارێزگاریکردن لە ھەرێم بەرامبەر داعش و سوکایەتی بە بارزانی لەم کاتەدا، ھەڵگری زیاد لە ئاماژە و پەیامێکە، لەوانەش: 

١- بوون و مانەوەی ئێوە بە ھەڵوێست و بڕیاری ئێمەوە  بەندە، چونکە ناتوانن لەسەر پێی خۆتان بووەستن و بەرگری لە خۆتان بکەن.

٢- ھەر کاتێک بمانەوێت دەتوانین ھەڕەشەتان لەسەر دروست بکەین و ناچاری پەناھێنانتان بۆ ئێمە بکەین، لەبەر ئەوە بیرکردنەوەتان لە دەرچوون لە چوارچێوەی ستراتیژی ئێرانی بێ سودە؟

٣- ئێمە دۆستی راستەقینەتانین و لەکاتی پێویستدا فریاتان کەوتووین نەک تورکیاو ئەمەریکا، بۆیە لەسەرە پێچەکاندا بزانن ڕوودەکەنە کوێ و چاوەڕوانیتان لەکێیەو بەرژەوەندی کێ دەپارێزن.

٤- ھاوکاری کردنی تورکیا لەدەرەوەی دیدو بەرژەوەندی ئێرانی و تێگەیشتنی ئەو بۆ پەکەکەو سیاسەتی عێراقی باجی ھەیە.

٥- باس لەدۆستایەتی بایدن و بارزانی دادتان نادات، ئەوە ئێمەین چارەنوسی بارزانی دیاری دەکەین نەک بایدن.

٦- ڕەچاوکردنی دیدو بەرژەوەندی ئێران لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و گرێدراو بە مشت و مرەکانی سەر بودجە.

۷- توندکردنی جەنگی دەرونی ئێرانیەکان کە شارەزاییەکی 
زۆریان تێیدا ھەیە بەرامبەر ھەرێم بۆ دوو مەبەست: 

ئـ- زیاتر بێمتمانە بوونی گەلی ھەرێمەکە بەخۆی و قوڵکردنەوەی ئەو بێ ھودەییەی قەیرانەکان بەرامبەر ئێستاو ئایندەی خۆی بۆی دروست کردووە.

ب- قوڵکردنەوەی ململانێ حیزبی و دابەشبوونە نێو خۆییەکان.

لە راستیشدا دوای خوا و پێشمەرگە ئەوەی ھەرێمی لە وێرانی و بەموسڵبوونی شارەکانی پاراست، ھێزی ئاسمانی ئەمەریکاو قەناعەتپێکردنی خۆرئاوا بوو بە دەستێوەردان. دەنا لەبەردەم شۆکی سەرەتادا بەرگریکردن لەشارەکان ئاسان نەبوو. 

ئەم فلیمە و بەچاودادانەوەی دەیانجاری ئێرانیەکانیش بۆ یارمەتیدانەکەیان، بۆ ئاستی زەلیل کردن، پێمان دەڵێت، ھەموو پێویستیەکمان بە وڵاتانی دراوسێ و چاوبەرەو ژێر بوونیان و یەکتر سوککردنمان لەناوەوە، باجی قورسی بەدواوەیە. ئەوەی  ئێمەشی بێ ھەیبەت کردووە، دۆخی  دابەشبوون و ناکۆکی نێو خۆیی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و لەسەرپێ خۆنەوەستانی ئابوری و نەبوونی ستراتیژی نیشتمانیی ھاوبەشە. فھل انتم منتھون.