سەردێڕ:

لەمەڕ فتواکەی لیژنەی فتوای یەکێتی زانایان و دین و ئەخلاق

12/13/2019 8:59:16 PM
6604 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر کاروانى
+ -

فتواکەی لیژنەی فتوای یەکێتی زانایان دەربارەی ئافرەت و بەکارھێنانی تاکسی کاردانەوەی جۆراو جۆری لێ کەوتەوە. ئێمەش لای خۆمانەوە حەزدەکەین ئەم چەند سەرنجە دەربارەی فتواکەو کێشەکانی و پەیوەندی بەدین و ئەخلاقی خەڵکەوە بخەینەڕوو:


١ - فتوا لەم جۆرە شتانەدا تاکە کەسییەو ناگشتێنرێ، ھەرکاتێ گشتێنرا تێکەڵ بەسیاسەت و ململانێی سیاسی دەبێت.


٢ - فتواکە لەچەند ڕوویەکەوە کێشەی ھەیە لەوانەش:


ا / تۆمەتبارکرنی ھەزاران پیاوی شۆفێری تاکسی بەھۆی ھەڵەی چەند کەسێکەوە.کەکارێکی ناڕاستە.


ب / ڕووکردنە قوربانی لەبری تاوانبارو سەرچاوەی کێشەکە!.سەرچاوەی کێشەکە بەو ئەندازەی ھەبێت، ھەندێ سایەق تاکسییە، بۆیە دەبێت زمانی زانایانی ئاین لەوان وحکومەت بێت ولەڕێی کەمکردنەوەی کێشەکان لای ئەوانەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت. بۆنموونە مەرج دابنرێ بۆ شۆفێری تاکسی، چوونە ناو خولی پێشوەختەو دانانی سیستمی چاودێری و..ھتد نەک بەھۆی کێشەیەکی جوزئیەوە حوکمێکی کوللی بدرێت.


ج/ فتواکە ڵەگەڵ واقیعی ژیانی ئەم سەردەمەو ڕۆڵی ئێستای ژنی موسوڵماندا ناگونجێ، کەلەدەرەوەیەو کاردەکات و بەمە ئیحراجیی بۆ دروست دەبێ و لاوازیش دەردەخرێت.


د/ ئەگەر فتواکە لە دەرگای کەمکردنەوەی خراپەوە بووە، ئەوا باسی خراپەی ئەخلاقی لەم سەردەمەدا زۆر لەم شتانە قوڵترە.دروستکردنی گومان وشت کردن بەقەزیەو گەورەکردنیشی بەوجۆرەی فتواکە کردویەتی، بەدگومانی و بێ متمانەیی زیاد دەکات و کۆمەڵگەش بەرەو ھەڵوەشانەوەی زۆرتر دەبات، چونکە متمانە بەردی بناغەی ژیانی کۆمەڵایەتییە، گەر مرۆڤ و لەوانەش ئافرەت گومانی زۆر لەدەوروبەری کۆمەڵایەتی خۆی بکات و وابزانێ بنەڕەت لەکۆمەڵگەدا بۆتە خراپەکاری و ئیستغلال، بەربەستی ئەخلاقیان لاواز دەبێت و لەخودی خۆیدا دەچێتەوە خزمەتی خراپەکاری. ئەمە جیایە لە پێویستی ھوشیاربوون و دوورکەوتنەوە لە متمانە بەھەموو کەس کردن و ساویلکەیی.

ە/ لەڕووی پەروەردەیشەوە فتواکە کێشەی ھەیە، چونکە بەگوێرەی تێگەیشتنێکی بەرتەسک بۆ ڕێسای( درءالمفاسد اولی من جلب المێالح ) وخۆکەناردان وکشانەوە لەژیان بنیاتنراوە و ڕوانگەیەکی ئیسڵاحی کۆمەڵایەتیشی نییە. کەدەخوازێت مرۆڤ لەسەر متمانە بەخۆبوون و ھەست بەھێز و کەرامەت و ڕێسای(المۆمن القوی خیر واحب الی اللە من المۆمن الچعیف) دابڕێژرێت وئازاو ئازاد بێت و بخرێتە ناو جەرگەی ژیان و لەوێوە ڕوبەڕووی لەڕێ لادان وخراپە ببێتەوە. ئافرەتی موسوڵمانی سەردەمیش دەبێت بەگوێرەی ئەم ڕوحیەتە بەھێزە پەروەردە بکرێت نەک وەک کائینێکی لاوازی بێ دەسەڵات وێنا بکرێت.


٣ - پێمان وایە ئەم مەسەلەیە بابەتی فتوانیەو دەچێتە چوارچێوەی ڕێنوێنی ئەخلاقیەوە.


٤- گرنگە بزانین ھەر لەبنەڕەتەوە فتواو دین یەک شت نین، ئەوەی دینە بۆھەموو باوەڕداران پابەندکەرە، ھەرچی فتوایە کارپێکردنی وەستاوەتە سەر باوەڕپێبوون و قەناعەتتی شەخسی باوەڕداران.


٥ - ڕاست نیە ئە م مسەلە بۆلێدانی پێگەی زانایانی بەڕێزی ئاینی لە کوردستان بەکاربێت و زیاد لەپێویست گەورە بکرێت و بخرێتە چوارچێوەی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. بۆئەوەی ئەمەش ڕوونەدا گرنگە زانایانی بەڕێزی ئاینی و ھێزو ناوەندە ئیسلامیەکانی کۆمەڵگە خۆیان ڕەخنە لەفتواکە بگرن و داوای پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی ھەڵەیەک بکەن کە دەتوانرێت بەکاربھێنرێت بۆ کەمکردنەوەی ھەیبەت وکەسێتی مەعنەوی دین و زانای ئاینی و دروستکردنی وێنایەکی دابڕاو لە ژیانی سەردەم بۆیان.