سەردێڕ:

دەربارەی پێشمەرجەکانی بەنیشتیمانی کردنی ھێزی پێشمەرگە

11/13/2019 10:07:25 AM
4563 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر کاروانى
+ -

مەسەلەی بەنیشتمانی کردنی ھێزی پێشمەرگە تاکو ئێستا نەبۆتە پرسێکی جیدی دەسەڵات لەکوردستاندا، ھێندەی موجامەلەی داوای ھاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکانە، بەو ئەندازە تا ئەم ساتە وەختە و بەگوێرەی زانیاری و ئاگاداری ئێمە، ڕانگدانەوەی بوونی ئیرادەی نیشتمانیی بەبڕشت وپێداگرنیە. بەنیشتمانی کردنیش واتاو ئاماژەکانی ڕوونن، تەنھا بە یەکگرتنەوەی ھێزەکانی ھەفتاو ھەشتا نایەتەدی، بەڵکو چەندین ھەنگاوو بڕیاری بوێرانەی دەوێت لەوانەش:

١- قەدەغەکردنی بێ ئەملاو ئەولای کاری حیزبی لەنێو ھێزە چەکدارەکاندا.
٢- دوورخستنەوەی ھێزەکە لەسیاسەت وململانێ سیاسی و حیزبیەکان و جێکردنەوەی ئەمە لەدەستوردا.
٣- دەرگاکردنەوەی کۆلیژە سەربازییەکان بەڕووی ھەموو ڕۆڵەکانی نیشتیماندا، بەمەرجی یەکسان و کۆتایی ھێنان بەو دۆخەی ئێستا کەچەندین توێژ لەسۆنگەی ئینتیمای سیاسی یاخود بێ ئینماییەوە، بۆیان نیە لەو کۆلیژانەدا بخوێنن!
٤- قەدەغەکردنی ئەندامانی ھێزە چەکدارەکان و پێشمەرگە لەبەشداری کردن لە ھەڵبژاردنەکاندا، بۆ ئەوەی ھێزێک بێت دووربێت لە ململانێی سیاسی و وەلائی تەنھاو تەنھا بۆ نیشتمان بێت.

ئەم خاڵە پێشمەرجێکی دیموکراسی و ھەڵبژاردنی پاکیشە لەھەرێمدا. لاشم سەیربوو ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو لەسۆنگەی بێ ئاگایی لەم مەسەلە یاخود ھەندێ بەرژەوەندی کاتی خۆی، لەقۆناغی ڕابردوودا ئەم پرسە گرنگەی نەوروژاند و بەرگری لێ نەکرد. کە ئەگەر ئەمە سەری بگرتایە مەسەلەی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی حەفتاو ھەشتاش ئاسانتر دەبوو. بەحوکمی ئەوەی بەدانپیانانی بەرپرسی ھێزەکانی حەفتا لە بەردەم پەڕلەمانتاراندا، ئەم دووھێزە لەبنەڕەتدا بەمەبەستی ھەڵبژاردن دامەزرێنراون. بەشێ لە زەبردان لە ناوبانگی پێشمەرگەش ھەرلەم میانەوە بووە، بەحوکمی تێکەڵاوبوونی ئەم ناو و ھێزانە بە ساختەکردنی ھەڵبژاردنەکان، کەئەوەش زوڵمێکە لە ناوی پێشمەرگە و خەڵکە نیشتمانپەروەرەکەی نێو ئەو دووھێزەش کراوە.

٥پەیڕەوکردنی سەربازگیری بەزۆر ئەگەر بۆماوەی چەند ساڵێکی دیاریکراویش بووبێ.  داڕشتنی بەرنامەیەکی تێرو تەسەلی پەروەردەی نیشتمانی ھێزەکە و عەقیدەیەکی سەربازی نوێ.