سەردێڕ:

خیانەت لە وێنە گەورەکەیدا

8/31/2019 12:21:20 PM
6461 جار خوێندراوەتەوە
پەیکار عوسمان
+ -

(٣١ی ئاب و ھاوشێوەکانی، لە شەڕی ناوخۆوە ھاتوون، شەڕی ناخۆ لە حیزبی چەکدارەوە ھاتووە، حیزبی چەکدار لە فیکرەی شۆڕشی چەکدارییەوە ھاتووە، شۆڕشی چەکدارییش لە بڕوابوون بە توندوتیژییەوە ھاتووە) ئەمە ھەمووی یەک پاکێجەو خیانەتی عوزماش ھەموو پاکێجەکەیە، نەک تەنیا بەشێکی.

عەمالەت لەو ساتەوە دەسپێئەکا کە چەک ئەکەینە شانمان، خیانەت لەو کاتەوە دەسپێئەکا کە شۆڕش ھەڵئەگیرسێنین، ناپاکی سیاسیمان وا بەسەر نوکی شمشێرەوە! 
چونکە بێ پشتیوانی ئەملاولا شۆڕشی چەکداری ناکرێت، بە حوکمی جوگرافیاش، ئێمە لە شۆڕشدا ھەمیشە پشتمان بە یەکێ لەو چوارلایە بەستووە، کە ھەر خۆمان پێیان ئەڵێین دوژمن!!

یەعنی لە ڕاستیدا، ئێمە لە چەکەوە یاخی نەبووین، ئێمە لە چەکەوە تەسلیمبووین. ئێمە لە شۆڕشەوە بەرگریمان دەست پێنەکردوە، ئێمە لە شۆڕشەوە جاشێتیمان دەستپێکردوە. ئێمە لە شەڕەوە نەبووین بە پارێزەری ماف، بووین بە فرۆشیارو ھەڕاجکەری ماف!

ئاخر جاشەکان تەنیا ئەوانە نین کە چەکیان بۆ ڕژێمی (ئەلف) ھەڵگرتووە دژی شۆڕش، بەڵکو شۆڕشگێڕەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان چەکداری ڕژێمی (بێ) بوون و ئەوانیش بە دیوێکا ھەر جاش بوون، ئەسڵەن ئەم جاشەی دووەمە کە ھۆکارو پاڵنەری دروستبوونی جاشی یەکەمیشە!

شەڕەکانی ناوخۆ کە خیانەتی ھەرە گەورەیە، کێ کردویەتی و ئەیکا؟ ھەر حیزبی چەکدار، ھەر (پارتی و یەکێتی و پەکەکەو کۆمەڵەو دیموکرات..) ھەر ئەوانە کە پێیان ئەڵێین پێشمەرگەو گەریلاو قارەمان و شۆڕشگێڕ!

شۆڕش شەرعەیەتی شۆڕشگێڕیت بۆ ئەھێنێ و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیش عەبایەکە دزی و خیانەت و شەڕو پیاوکوشتن و تیرۆرو مافیایی و تاڵانی و ھەموو شتێک دائەپۆشێ، ھەموو شتێکی لە پاڵا ئەکرێ، جگە لە دیموکراسی!

تۆ ئەگەر بتەوێ ئەزموونێکی دیموکراسی دەستپێبکەیت، ئەبێ شەرعەیەتی شۆڕشگێڕی کۆتایی پێبێنیت. چەکی شۆڕشگێڕەکان ئەگەر نەکرێ بە چەکێکی نیزامی، ئەزمونێکی تری ستەمکاری دروست ئەکاتەوە نەک ئەزمونی ڕزگاری.

نەوشیروانیش بە حوکمی پاشخانە مەعریفییەکەی، پێش ھەمووان عەقڵی بەمە ئەشکێ و ئەگەرچی خۆی قائیدی ڕاپەڕین و شۆڕش و شەڕو شۆڕە، کەچێ ھەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕاپەڕینەوە، دێ باسی ھێزی نیزامی و حکومەتی دامەزراوەو کۆتایی ھێنان بە شەڕعیەتی شۆڕشگێڕی ئەکات. (ھەر ئەوەی کە ئەڵێ من بەو ھەموو مواسەفاتەوە لە خۆم ڕانابینم ببم بە محافزی سلێمانی..) 
ئەتوانین بڵێین ئەو پیاوە تاکە سەرکردەی دیموکراسی ئێمەیە، چونکە لە مەترسی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی تێگەیشتووە!
ئەگەرچی کەس شەرعیەتی شۆڕشی بەقەت ئەو نیە، کەچی نەک لەسەر ئەو وەتەرە یاری ناکات، بەڵکو ھەر لە سەرەتاوە ئەیەوێ ئەو وەتەرە بپچڕێنێ، چونکە ئەزانێ وەتەری خیانەت و ستەمکاریشە!

کاتێ ئاپۆش لە پرۆسەی ئاشیتیدا داوای چەکدانان لە قەندیل ئەکات، لەڕاستییا داوای تەسلیمبوونیان لێناکات، بەڵکو ئەیەوێ تەسلیمبوون کۆتایی پێبێنێت! چونکە لە وێنە گەورەکەداو لە نەتیجەدا، چەک ھەمیشە فاکتەری تەسلیمبوونمانە نەک یاخیبوونمان.

ئەمەوێ بڵێم ئێمە لەگەڵ چەکا کەسایەتییەکی تێکشکاومان ھەیە، کە ھەمیشە مەشروعی خیانەت و عەمالەت و جاشێتییە. 
بۆ ئەوەی بگەین بە کەسایەتییەکی ترو پەروەردەیەکی تر، ئەبێ چەک لە شانمان و توندوتیژی لە عەقڵمان داکەنین. 
ئێمە بە چەکەوە بمانەوێ و نەمانەوێ ھەمیشە لەسەر ھێڵی خیانەتین، تەنیا بە فڕێدانی چەک ئەتوانین بکەوینە سەر ھێڵی نیشتمان.