سەردێڕ:

چارەمان چیە؟

8/13/2020 1:43:35 PM
4789 جار خوێندراوەتەوە
هەردی عەباس
+ -

ئەو دەسەڵاتدارە شکستخواردوانەی بەغدا یاخود ھەرێمی کوردستان کە لەدوای ساڵی نەوەدویەک و روخانی رژێمەوە حوکم دەکەن، ئەوانەی پێیاندەوترێت زومرەی سیاسیە شکستخواردوەکان (الگبقە السیاسیە الفاشلە) لە ئێستادا بە ھەموو پێودانگێک بێکەڵک و فاسد و پەککەوتە و داڕیزیون، ھەر جۆرە چاوەڕوانی و ئومێدێکی خێر پێیان، یەکسانە بە درێژکردنەوەی عومری بەدبەختی و بێچارەیی ئەو خەڵکە داماوە.

تایبەت بە ئێرە، دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەپاش ئەو ھەمو ھەلە زێڕینەی دوای روخانی رژێم ھاتە بەردەسیان، ھەر لە فروانبوونی سەرچاوەی ئابوری و ھەمواربونی دۆخی نێودەوڵەتی و سەقامگیری سیاسی و ئارامی ناوخۆیی، کەچی سەلماندیان پیاوی پرۆژە و دەوڵەتداری نین و ناتوانن واز لە عەقڵیەتی فەرھود و دواکەوتوویی بێنن (وەک نوسەرێکی ئیسرائیلی لەم دوایانەدا لەژێر ناونیشانی"چ شورەییەکە!..خەونە کوردیەکە شکا" ئاماژەی پێدابو).

ئەمانە ئیدی لەپرۆژەی کاولکاری و چەتەبازی و ڕاوڕوت بترازێ، ھیچێکیان پێ نەماوە و بەپێی ھەموو پێدراوێکی مێژوویی و قۆناغەکانی گەشەسەندنی سیاسی، توانای ھەڵسانەوەیان نەماوە. ئەمە ئیتر حەقیقەتێکی چەسپاوە، چ لە ناوەوە یاخود لای ھێزە نێودەوڵەتیەکان.

کەواتە ئەمانە بەسەرچوون و ماوەتەوە کەی وەلا بنرێن، بۆ ئەوەش ئێمە پێمانوایە مەسەلەکە تەنھا کاتە و ھیچی تر.

ئێستا لە بەغداد دوای داڕوخانی تەواوەتی وڵاتەکە بەدەست چینە سیاسیە فاشیلەکەی دوای سەردەمی شڕەخۆریی دوھەزاروسێ، لە دەرئەنجامی ناڕەزایەتی و قوربانیدانی خەڵکی و ھاوکات گۆڕینی دیدی زلھێزەکان لەھەمبەر ھاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە (کە ھۆکارێکیان نائومێدی ئەو ھێزانەیە لە دەسەڵاتی کوردی)، فرسەتێکی بێوێنە ھاتۆتەکایەوە بۆ ئەوەی خەڵکی چینە فاشیلەکە وەلا بنێن و ئاھێک بەبەر دۆخی ھیچباش نەبوی وڵاتیاندا بێنن، ئەمەش بەندە بە دوو پێشمەرجی سەرەکیەوە کە ئەوانیش؛ فشار و داواکاری بەردەوام و زیاتری خەڵکیە لە حکومەتەکەی مستەفا کازمی، بۆ ئەنجامدانی گۆڕینی راستەقینە و دامەزراندنەوەی جۆرێک لە سیستم و بەرقەرارکردنەوەی دەوڵەتی قانون. ھاوکات پشتیگیریکردن لە ھەنگاوەکانی چاکسازی و ڕوبەڕوبوونەوەی ھێرشی ھەڵگەڕاوەی گروپ و تاقمە گەندەڵ و شکستخواردوەکان. لە لایەکیترەوە توانایی و سەرڕاستی خودی کازمی و تیمەکەی لەگەڵ بەڵێن و کارنامەکەیدا سەنگی مەحەکی سەرکەوتنی پرۆسەکەن ..

جێی ھۆشدارییە کە لە حاڵەتێکدا خەڵکی باشور ئەو فرسەتە نەقۆزنەوە، رەنگبێ ئیتر بۆ چەند دەیەیەکی تریش ئاسۆیەکی ئەوتۆیان لەبەردەمدا روون نەبێتەوە و دوکەڵی ئەم ئاگرە لە وڵاتدا بەزویی دانەمرکێتەوە.

بۆ خەڵکی کوردستان رەنگە ئەم فرسەتە نەختێک درەنگتر بێتە کایەوە، ئەویش بە ھۆکاری مێژوویی و نەبونی پاشخانێکی دەوڵەمەند لە پرۆسە سیاسیەکەدا، بەوەی رەنگە وەک بەغدا نەتوانرێت بە ئاسانی بەدیل و کەسایەتی نوێ تەرح بکرێت، سەرباری ئەوەش جیاوازی کوردستان و بەغدا لەڕووی پێگە و قورسایی سیاسی لە ھاوکێشە و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا ڕۆڵی کاریگەری ھەیە، بەداخەوە لەکوردستاندا ئەزمونی کاری ناڕەزایەتی ریشەیەکی ئەوتۆی مێژووی نیە و پلانەکانی دەسەڵات و شکستی ھێزە ناڕازیەکان و چەند فاکتەرێکی تری ناوخۆیی و دەرەکی لە ڕابردودا، کاریان لە بێئومێدبون و بێ متمانەیی خەڵک کردوە، کات و کۆششی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی ئەڵقەی ناەزایەتیەکان ڕێکبخرێن و سەرلەنوێ بونیاد بنرێنەوە.

بۆیە لێرە بەدواوە دەبێ خواست و داواکاری ھەر جوڵە و حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی ڕاستەقینە کە ئامانج لێی گۆڕینی واقعی مەنگی سیاسی کوردستان بێت، دەبێ بریتیبێت لە ھەڵوەشاندنەوەی کابینەی وەزیرانی کوردستان و پێکھێنانی ئەنجومەن یا حکومەتی کاتی ڕزگاری نیشتمانی بە بێ بەشداریپێکردنی کەسایەتیە شکستخواردوەکانی ڕابردو(ھاوشێوەی حکومەتەکەی کازمی)، کە ئەرکی ئەنجومەنەکەش بریتی بێت لە چاکسازی و گۆڕینی سیاسی و ئابوری و بەرقەرابونی یاسا لە سەقفێکی زەمەنی دیاریکراودا، تا ئەو کاتەی زەمینە لەبار ئەبێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوە جیھانیەکاندا.

بۆ ئەمەش سەرەتا دەبێت ھەوڵ بدرێت ئەم گوتارە بکرێتە داخوازیەکی جەماوەری، لەپاڵ خەبات بۆکردنی لەناوەوەدا پێویستە سود لە ھەر پۆتانشیەڵێکی بەغدا و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانیش وەربگیرێت، بەمەرجێک داخوازیەکە ھی خەڵکی کورستان و لەبەرژەوەندی ئەوانیشدا یەکلایی بێتەوە.