سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی لە عێراقی دوای قۆناغی راگوزەردا

4/13/2021 10:31:20 AM
3372 جار خوێندراوەتەوە
ئاریان فەرەج
+ -

لە وادەی تێپەڕینی ھەژدە ساڵ بەسەر ئازادیی عێراقدا، سەرۆکی ھەرێم بۆ ھەوڵی داڕشتنی تان و پۆی قۆناغێکی نوێی وڵاتەکە، لەبەغدا بوو. ئەوھەژدە ساڵەی ناولێنا قۆناغی ئینتیقالی، تا بتوانرێ خاڵی کۆتایی بۆ دابنرێ و لەسەری دێڕێکی نوێدا دەست بە نووسینی حەرفی یەکەمی قۆناغێکی نوێ بکرێت. 

نێچیرڤان بارزانی لەم سەفەرەیدا، ھیچ کەسی نەبوارد و ھەمووانی دواند. بێ ھیچ ھەڵاوێردێک، ئانشکی لە ئانشکی ھەموان دا. تەوقەی کۆرۆنایی لەگەل کۆک و ناکۆک، میانڕەو و توندئاژۆ، دۆستانی دوێنێی خەباتی ھاوبەش دژی دیکتاتۆریەت وھەڵکەوتوانی ئەمڕۆش کرد. ئەوراستییەشی بوێرانە قبوڵکرد و درکاند کە نەوەیەکی نوێی سیاسەت لە عێراقدا ھاتونەمەیدان کە زاکیرەی ھاوبەشیان لەگەل خەباتکارانی دوێنێ نیە و بەشێک نین لەو مێژووە و بۆیەش دەبێ بە لۆژیکێکی تازە و داناییەکی نوێ بدوێنرێن. 

سەرۆک نێچیرڤان لەدەسپێکی ھەوڵەکانیەوە بۆ چارەی کێشەکانی ھەولێر- بەغدا، چاوی لە چارەیەکی ستراتیجی و بنەڕەتییە کە ھەردوولا بە یەکجاری لە دڵەڕاوکی رزگار بکات و سەرڕەحەتی و ئاسودەیی بۆ کوردستانییان و ھەموو ھاوڵاتیانی عێراقیش بێنێتەدی. 

چارەیەکی ھەمیشەیی نەک شڵۆق و بێ متمانە و بەرھەڕەشەی ھەڵوەشانەوە و پاشگەزبوونەوە. 

نیاز وھەنگاونان بەرەو چارەیەک کە میللەت دڵتەئمین بکا و ئۆقرەیی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لە تەواوی عێراقدا بەدی بێنێ، ھەرگیز بە قۆڵی یەکدی بادان، یەکتر غافڵاندن، دەستی دەستی و کات بەڕێکردن، بە لێکجیاکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و ئاڕاستەکان، بە دنەدانی پاشماوەی ھزری شۆڤێنی و رقەبەرایەتی نەتەوەیی، بە بەگژیەکداکردنی شەقامەکان، بە کاڵکردنەوەی زاکیرەی ھاوبەشی نێوانمان، بە پێداگیریی لەسەر خیتابی نەزۆکی شانی خۆ تەکاندن لە خەتا وشانی بەرامبەر رەتاندن بە خەتا، بە بوغزاندنی یەکدی و نائومێدبوون لەیەکتر، بە نادیدەگرتن و کەمدیدە گرتنی ھەڕەشە و تەحەدییاتی ھاوبەش، نایەتەدی. 

نیچیرڤان بارزانی لەم سەردانە جیاوازەدا بەرپەری بوێری و ئاشکراگۆیی و راستگۆییەوە گووتی: ھەموومان لە رابردوودا ھەڵەمان کردووە، داننان بەو ھەڵانەدا باشترین گەرەنتییە بۆ دوبارەنەکردنەوە و سوودلێوەرگرتنیان. 

لە دانوستان وئاشتەواییدا، چەمکێک ھەیە پێی دەڵین ( ئاشتیی ئازایان)، ئەو جۆرە لە ئاشتەوایی بە جوامێر و ئازایان دەکرێ، ئەو لایەنەی دەستپێشخەری لێ دەوەشێتەوە ھەڵە لەسەر خۆی قبوڵدەکات، جیا لەوەی ئازایەتی و بوێری خۆی دەسەلمێنێ، جورئەت بە بەرامبەرەکەشی دەدات بەشە ھەڵەی خۆی بەئەستۆوە بگرێ. ئەوکات زەمینە و دەرگا و ئاسۆیەکی ئومێدبەخش لەسەر چارەسەری جددی و بنەڕەتی و یەکجاری ولەسەر کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ واڵا دەبێت. ھەڵەکانی رابردووش دەبنە دەرسبەخش و ئەزموون. بنەماکانی دید و تێگەیشتنی ھاوبەش بۆ ئایندەی ھاوبەش، بۆ ناسینی کێشەکان و ھەم بۆ چارەسەرکردنیان دێنەئاراوە. 

ھەر ئەو ئازایەتی و راستبێژییە دواجار زھنیەتی ھەمووان ئامادە دەکات بۆ باوەڕھێنانی درەنگ وەخت بەو حەقیقەتەی کە (نە بێ شیرازەیی و بێ ھەیبەتی و شپرزەیی و پاشاگەردانی و قەرانباریی بەغدا) بە خێر و قازانجی کوردستان دەشکێتەوە، (نە ئابڵوقەدان و لاوازکردن و کاڵکردنەوەی فیدراڵیەتی کوردستان و ھەژارکردنی خەڵکەکەی و ئینکاری مافە دەستورییەکانی)، ھەیبەت و ھێز و سیادەت بۆ بەغدا دەگێڕێتەوە. نە ئەوان بە ئیفلیجکردنی گەشەی کوردستان، گەشە دەکەن، نە ئێمەش لە ژیر ئاستەنگ و ئابڵوقەی ئەواندا دەتوانین درێژە بەگەشەی خۆمان بدەین.

بە پێچەوانەوە و ھەروەک سەرۆکە داناکەی ھەرێمی کوردستان راشکاوانە گووتی، کوردستان دەبێ لە قوڵاییە ستراتیجییەکەی کە عێراقە، ھێز و پشتیوانی دەستەبەر بکات و ھەر لەو پێودانگەشەوە دەبێ بە گەڕانەوەی سەروەری و پێگەی ھەرێمی و جیھانیی بۆ عێراق و بەھەر پێشکەوتن و بەرەوپیشچوون و تەنانەت قیرتاوکردنی شەقامێکی شارێکی باشور، دڵخۆش بێ. لەبەرامبەردا ئەوانیش جیا لە پەسەندی بی چەندووچوونی مانا راستەقینەکەیی فیدرالیزمی کوردستان و کۆتاییھێنان بە نکۆڵی لە مافە دەستورییەکانی خەڵکەکەی، گەشە و پەرەسەندنی ھەرێم بە گەشە و پەرەسەندنی بەشێکی ووڵاتەکەیان بزانن و ئافەرین و پشتیوانی لێبکەن. 

لە روانگای نێچیرڤان بارزانیدا و لە دووڕیانی، یان ھەموومان شکستخواردوو و دواکەوتوو، یان ھەموومان سەرکەوتوو و گەشەکردوو، کۆی پێکھاتە و لایەنەکانی عێراق لە راستەڕێی دووەمدا، دەتوانن یەکبگرنەوە.