سەردێڕ:

سەیید عەممار و ماڵەکانی کورد!

2/28/2021 4:29:52 PM
3773 جار خوێندراوەتەوە
ئاریان فەرەج
+ -

شێوازی سەردانەکەی ھەفتەی رابردووی سەید عەممار حەکیم بۆ کوردستان، جێی سەرنج بوو، پەیامی ھەستیار و دەلالاتی جددی لێدەخوێنرێتەوە.   

سەرۆکی رەوتی حیکمە گەرچی بۆ یادکردنەوەی شەھیدی میحراب تەشریفی ھێنابوو، بەڵام لەم تەوقیتی سەروبەندی ھەڵبژاردنەدا و بە ھەڵسوکەوت و شێوازی رێکخستنی بۆنەکەدا، زۆر شتی گووت.

سەیید رووی نەکردە ماڵی کورد، رووی کردە ماڵەکانی کورد! 
ئەو بۆ یەک بۆنە، دوو مەراسیمی سازدا، یەک لە سلێمانی و یەک لە ھەولێر!  دوو ووتاری جیای بە دوو ناوەرۆکی جیاواز خوێندەوە، یەکێکیانی لەگەڵ ھەولێر گونجاند و ئەوی دیکەیان لەگەڵ سلێمانی!  وەک ئەوەی لە دوو جوگرافیای سیاسیی جیا و دوو دەسەڵاتی جیا و دووقەوارەی جیا و دوو مێژووی جیا و بۆ دوو گەلی جیا بدوێ!.

 ئەو ھەڵسوکەوتەی سەیید، گوزارشت بوو لەو وێنا نوێیەی لە زھنی ھەر ئەو نا، بەڵکو لە زھنی زۆرێک لە نوخبەی سیاسیی عێراقدا دەربارەی کوردستان دروست بووە و پییانوایە ئەوان چیتر لەگەل ھەرێمێکی خاوەن یەکبەرژەوەندی لە مامەڵەدا نین و ئیتر بە جددی و وەک فاکت و مۆرک، نەک وەک ناکۆکیەکی لاوەکی، دەڕواننە ترازان و دابەشبوونی سیاسی نێوخۆیی کوردستان و حساباتی ئینتخابی و غەیرە ئینتخابیی خۆیانی لەسەر دادەڕیژن. وێنایەک خۆمان خوڵقاندومانە و، ئاسایی و چاوەڕوانکراوە نەک ھەر بە دڵی ئەوان بێت، بەڵکو کار بۆ تۆخکردنەوەشی بکەن.

دەلالاتی پشتی ئەم بە دووکەرت بینینەی کوردستان، لای پەرۆشانی ئێستا و ئایندەی  میلەتەکەمان، جیا لە ئەسەف و نائومێدییەکی گەورە،‌ ھیچ ھەستێکی دیکە ناوروژینێ، بەڵام بریا ئەم ھەستە تاڵە ھەموو شتێک بوایە.  مەترسیی جددی ئەوەیە،‌ نوخبەی سیاسیی عێراق قەناعەتیان وابێ دابەشبوونی سیاسیی لە ھەرێمدا بە ئاستێک قوڵە، دەبێ بکرێتە بنەما لە پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکانی ھەڵبژاردنی داھاتوو و رەنگڕیژکردنی عێراقی دوای ھەڵبژاردنیشدا، کە بەداخەوە ئاماژەی لەو جۆرە قەناعەتە و گرەولەسەرکردنی،‌ نەک ھەر لە سەردانەکەی حەکیم، بەلکو لە کۆی کێشمەکێشی ساڵی رابردووی بەغدا و ھەرێمدا، بە روونی دەخوێندرێتەوە.

پێدەچێ، بە قەناعەتی ئەوان، پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی کوردستانی بۆ بەشداریی ھەڵبژاردن بە یەکگرتوویی و بە ناسنامەی کوردستانی، بووبێتە بەشێک لە رابردوو، بۆیەش بژاردە و ئەگەری نزیک، داخڵبوونی کوردە بۆ ناو ھاوپەیمانییەکانی عێراق. ئەوەش ئەھوەنە، بەڵام ئەگەری زۆر خراپ ئەوەیە ئەگەر ھاوپەیمانییەکی عێراقی نەتوانێ پارتی و یەکێتی لەنێوخۆیدا کۆبکاتەوە، ئەو دوو ھێزە سەرەکییەی کوردستان رووبکەنە دوو ھاوپەیمانیی عێراقی جیا، حزبەکانی دیکەش ببنە بەشێک لەم دابەشبوونە.

گەر ئەوە رووبدات، گومان لەوەدا نییە کە ناوەندایەتییەک بە ناوی نوێنەرایەتی و خاوەندارێتی دۆزی میللەت و بەرژەوەندی و مافی ھەرێمی کوردستان تا ئەندازەی نەمان، کاڵدەبێتەوە. ھەر لایەنێکی کوردی کە جاران بەشێک بوو لە نوێنەرایەتی پێکھاتەی کوردستانی، دەبێتە دەنگێکی نزم لە ھاوپەیمانی وئەجیندایەکی عێراقیدا. چیتر بە ناوی ( کوردستان و پێکھاتەی کوردی و کوردستانییەوە) نوێنەرایەتییەکی یەکگرتووی دەنگ زوڵاڵ لە ھاوکێشەی عێراقدا نامێنێ، ھەڵبەت ئەوکات دۆز و قەزیەی مەرکەزیی میللەتی ئێمە مەعلوم نییە چی لی دێت!. 
جاران کورد لە بەغدا، بە خاوەندارێتی قەزیەکەی سەنگی ھەبوو، ئیتر ئەو سەنگە بە ژمارەی کورسی و دەنگ و ھی ھەر حیزبەش بە جیا دەپێورێ و دەنگ و کورسیی کوردیش مەعلومە چەندە، چ جای دابەشی ئەحزاب و ئەحزابیش دابەشی ھاوپەیمانییەکانی عێراق بن ‌!. 

 ئەگەری سەیرتریش ئەوەیە، دابەشبوونی کورد بەسەر ھاوپەیمانیی جیاجیادا، بە پێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و سەرکەوتنی ھاوپەیمانییەک و سەرنەکەوتنی یەکێکی دیکەیان، رەنگە ھێزەکانی کورد بەسەر حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا دابەش بکات، واتا پارتی یان یەکێتی دوور نییە یەکیان لە حکومەت ‌بێ و یەکیان لە ئۆپۆزسیۆن، حیزبە کوردستانییەکانی دیکەش بەسەر ھەمان پۆلێندا دابەش‌بن. پرسیار ئەوەیە: لە ھاتنەئارای ئەگەرێکی لەو جۆرەدا، داخوا ئیستحقاق و ماف و بەرکەوتی کورد بەو بەرکەوتەشەوە کە لە پۆست و پێگە سیادییەکاندا، ھەیەتی، چی لیدێ و چەندی دەمێنێ و بەر کێ دەکەوێ.

بە کورتی: گەر کورد بە پەرتەوازەیی داخڵی ریزبەندییەکانی ھەڵبژاردن بێت،  مامەڵە لەگەل کورد بە بنەوانەوە دەگوڕدرێت و لە(مامەڵە لەگەڵ گەل و دۆز)ێکەوە دەگۆڕدرێت بۆ (مامەڵە لەتەک ژمارەیەک لایەنی کوردی لە چوارچێوەی چەند ھاوپەیمانییەکی عێراقیدا). ئەوکات پێناسە بۆ دۆزی کورد و مافەکانی، ئەو پێناسانە دەبن کە ئەو ھاوپەیمانییانە ھەیانە بۆ دۆزی کورد، نەک ئەوەی کورد جاران بۆ دۆزەکەی خۆی ھەیبوو!. 
بۆ بەرگرتن لەم ئەگەرە ترسناکە، چارەسەر و دەرەتان تەنھا کۆتاییھێنانە بەم دابەشبوونە کوردکوژە و ‌تا کات بەرەیەوە ماوە ھەموان لە ژێر چەتری سەرۆکایەتی ھەرێمدا کۆببنەوە. ئەوکات کورد ھەر بژاردەیەک بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بگرێتەبەر، گەر بە یەکگرتوویی بێت نەک بە پەرتەوازەیی، باسێکی دیکەیە.