سەردێڕ:

راپۆرتەکەی میترۆ و ھەڵوێستی سەرۆکی ھەرێم

1/23/2021 3:30:46 PM
9126 جار خوێندراوەتەوە
ئاریان فەرەج
+ -

راپۆرتی ئەمساڵی سەنتەری میترۆ، (٣٨٥ )پێشێلکاری بەرامبەر (٢٩١) میدیاکار و دامەزراوەی میدیایی تۆمارکردووە. ئەگەر دامەزراوە پەیوەندارەکان، دوای ووردبینی و بەدواداچوون،‌ نیوەی ئەم ژمارەیەش بۆ سەنتەرەکە راستبکەنەوە. ئینجاش ئەو نیوەیەی دەمێنێ ھاوشانی ناوەڕۆکی چەند راپۆرتێکی دیکەی نێودەوڵەتی کە بە ھەمان نەفەس باس لە رەوشی ئازادی رۆژنامەگەریی لەکوردستان دەکەن، ئاماژەی خراپن و مایەی ھەڵوەستەلەسەرکردنن.

بۆ ھەرێم و میللەتێک کە دەیان ساڵە دەیەوێت وێنەیەکی جیاواز لە ناوچەکە و دەوروبەری نیشانبدات و رێزگرتنی ماف و ئازادییەکانی وەک نەگۆڕێکی چەسپاو لەسەر خۆی قبوڵ کردووە، ئەم جۆرە راپۆرتانە نە مایەی پشتگوێخستن و بەھەند وەرنەگرتنن، نە بە ئاسانییش دەخرێنە خانەی بوختان و  ئیفتیرای ناحەزانەوە.

ئازادی رۆژنامەگەریی وەک ماف و ئازادییە رێزلێگیراوەکانی دیکە، سەرمایەی مەعنەوی ھەرە بەنرخ و بەڵگە و پێوەری دیموکراتخوازی و دەسەڵاتی رەشیدن لەم ھەرێمەدا و کەڵەکەبووی دەیان سال ھەوڵ و پابەندی و پەرۆشین. بۆیە چەندی خۆبەخۆ چاودێر بین بەسەر ئەو بوارانەوە و چەندییش ھاوکار و سوپاسگوزاری ئەو رێکخراوانە بین کە راستگۆیانە و بابەتییانە لەگەڵمان چاودێریی رەوشەکە دەکەن و کارەکەیان بە قەولی سەرۆکی ھەرێم بە خزمەتی ئەزمونەکەمان بزانین، ھێشتا کەمە.

بەڵام بە دیوێکی دیکەشدا کە ناکرێ نادیدەی بگرین، ئەو ھەموو پێکداھەڵپژان و لێکنەگەیشتنەی لە نێوان دامەزراوەکان و میدیاکاراندا ھەن و ئەو ژمارە زۆرەی پێشلکارییان لێکەوتۆتەوە، ئەگەر بەشێکی ھەڵە و پێشێلکاری بێ بەھانەی دامەزراوەکان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان بێت بەرامبەر میدیاکاران، بەشێکیشی لە ئەستۆی نابەرپرسیاری و ناپیشەیی و بێباکیی ئەو بەشە لە میدیاکارانە کە بێدەربەستن لەوەی نائاگایانە ببنە مایەی تێکدانی ئۆقرەیی کۆمەڵایەتی و ھاندانی رق و کینە و توندئاژۆیی و پاشاگەردانی و یاساشکێنی. دەبێ ئەو راستییە ببینین کە چەندە رۆژنامەنووسی بوێر دووچاری رێگری دەبێتەوە، ھێندەش میدیاکاری کەمئەزمون و بێئاگا لە یاسا و ئەرکی دامەزراوەکان، تووشی بەریەککەوتن لەگەل دامەزراوەکان دەبێتەوە. 

ووتەکانی سەرۆکی ھەرێم لە دیداری رێکخەری سەنتەری میترۆ و لە کاتی وەرگرتنی راپۆرتی پێشێلکارییەکاندا، جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی نابێ رێکخراوەکانی چاودێری ماف و ئازادییەکان سەرزەنشت بکرێن، دەبێ زەمینەی کاریان خۆشتر بکرێ و راپۆرتەکانیان بەھەند وەربگیرێ، نابێ ھیچ کەس لەسەر ئازادی بیرکردنەوە و رادەربڕین بگیرێ، دەبێ یاساکانی کاری رۆژنامەوانی و پێدانی زانیاری و رێکخستنی خۆپیشاندان وەک ھەن پەیڕەو بکرێن و نابێ یاسای دیکە جێیان بگرێتەوە، یاساکانی رێکخستنی بواری رۆژنامەگەری بە رۆژنامەگەریی ئەلکترۆنیشەوە دەبێ بە بەشداری و پەسەندیی خودی ئەھلی کارەکە داڕیژرێن، کاری رێزلێگیراوی رۆژنامەوانان لە کاری ئەو کەسانە جیابکرێتەوە کە بە مەبەست ھانی توندرتیژی و رق و کینە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەدەن. ئەمانە پرنسیپگەلێکن کە وەک باوەڕی نەگۆر لە دیدی نێچیرڤان بارزانیدا چەسپاون، ھاوکات داواکاریی بەردەوامی رۆژنامەنووسانیشن و پێوەری نێودەوڵەتیشن بۆ رێکخستنی کایەی میدیا، ‌ھەر بۆیە دەکرێ ببنە مانیفێستێک کە باڵاترین دەسەڵاتی ھەرێم و میدیاکاران لەسەر ھاوڕایی و تێگەیشتنێکی ھاوبەش کۆبکاتەوە و لە سایەیدا رۆژنامەنووسان بێ گێچەڵ کاری خۆیان بکەن. بە جۆرێک نە شێوازی کاری ئەوان و نە کاردانەوەی دامەزراوەکانی حکومەت، ئەو وێنا زیانبەخشە تۆختر نەکەنەوەکە لەسەر رەوشی ئازادیی رۆژنامەگەریی لە کوردستاندا دروست بووە. 

دواجار دەبێ ھەموومان بگەینە ئەو باوەڕەی کە کۆی کایە و بوارەکانی ئەم ھەرێمەی ئێمە، جگە لە لێکگەیشتنی ھاوبەش، بە ھیچ لۆژیکێکی دیکە بەڕێوەنابرێن.