سەردێڕ:

ھەمومان یەک خۆرمان لێ ھەڵدێ و یەک ئاسمان داماندەپۆشێ

6/2/2020 11:38:50 PM
7421 جار خوێندراوەتەوە
ئاریان فەرەج
+ -

پارساڵ و لە رێورەسمی سوێندخواردنیدا، بەم رستەیەی سەرەوە پەیامەکەی کۆتاییپێھێنا و زۆریشی مەبەست بوو بەرلە سوپاسی ئەوانەی دەنگیان پێدا، سوپاسی ئەوانە بکات کە مافی دیموکراتییانەی خۆیان لە دەنگپێنەدان و ئیعترازدا پیادەکرد و وێنایەکی ئازادانەیان بەو دیمەنە بەخشی کە تێیدا نێچیرڤان بارزانی متمانەی پەرلەمانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەدەستھێنا.

ھەر ئەو پەیام و سوپاس و ئەو تێگەیشتنە بۆ مافی جیاوازی و ئیعتراز، بووە ھەوێن و ھێندەی نەبرد سەرکردەکانی (موالات و موعارەزە)ی لە ژێر سایەی چەترئاسای قوبەی سەرۆکایەتی و لە دەوری مێزێکی بازنەیی کۆکردەوە. لە ھەردوو دەستی راست و چەپیشی، دوو تێکۆشەری دێرین، نەک وەک جێگر، بەڵکو وەک تەواوکاری سایە و سێبەری ئەو چەترە دەرکەوتن کە بەڵێنیدا کۆکەرەوەی ھەموو کوردستانییان بێ بە کۆی جیاوازییەکانیانەوە. دیمەنی دەسپێکی ئەوێ رۆژێ بە دڵی گەل و بارتەقای ئاڵنگاری و پڕکێشییەکان و پڕ پڕ بوو لە ئومێد.

کایەی سیاسیی کوردستان (چەند وێستگەیەکی پڕشنگداری لێ بترازێ) قەت نەقسی لە رق وقین و یەکدی رەتکردنەوەدا نەبووە، بەدبەختانە لەو بوارەدا نەک ھەر کورتمان نەھێناوە، بەڵکو بارتەقای دەیان جار ماڵی خۆ وێرانکردن، رق و نکۆڵیکاری و ناتەباییمان شک بردووە و رەنگە لەو بەھرەدارییەدا کەس شانی لە شانمان نەدابێ. ئەوەی تێیدا کورتمان ھێناوە، ئەوەی دەگمەن و دانسقە و پێویستە، تەبایی و لێکبوردن و قەدری خەبات و رۆڵی یەکدی زانینە. ئەوەی دەگمەن و ھونەرە، روانگەیەکی میانڕەوە کە جیاوازییەکانمان لە یەکتر بە تابۆ و خوێنی نەبڕاوەی سیاوەش نەزانێ. کوردستان و کایە سیاسییەکەی عەیامێکە سیغناغە لە لێکترازان و سەنگەر لێکدیگرتن، ئەوەی دەگمەن و غائیبە و دەبێ بێتەمەیدان، لێبوردەیی و یەکدی قبوڵکردن و خڕبوونەوەیە لە دەوری کۆمەڵێ ئامانج و پرنسیپی ھاوکۆیی. دەیان ساڵە سەررێژین لە رق و ناتەبایی، کەچی خەڵک و خاکەکەمان، ژین و مانەوەمان، لەوەتای ھەن، تینوون بە ئاشتەوایی و ھەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ.

ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتی ھەرێم بە نێو جەنجاڵی و زەمینەی نالەبار و پڕکێشی و ئاستەنگی جۆراو جۆردا تێپەڕی، ھەر لە ناسازیی نێوخۆیی لایەنەکان و ھەرای بەغدا و ئاڵۆزییەکانی دەوروبەر، تا بەڵای کۆرۆنا و لێکەوتە سەختەکانی. لەو ساڵە پڕ کێشمەکێشەدا، سەرۆکایەتی ھەرێم وەک ماڵە باوان ھەڵسوڕا، ھەمووانی خڕکردەوە، لە نێو خۆدا بۆ کاری پێکەوەیی، لە بەغدا بۆ ھاودەنگی و لێکگەیشتن وچارەسەر، لەسەر یٔاستی ناوچەکە بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان و لەسەر ئاستی جیھانیش بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان و بەھێزکردنەوەی پێگەی کوردستان، ھەوڵی پەرۆش و بەرپرسانەی خستە گەڕ.

ھەموو ئەو رستە ئومێدبەخشانەی لە پەیامی دەستبەکاربوون و سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمدا بە گوێی لایەنەکان و ھاووڵاتیان گەیشت، لەو ساڵەدا، بە کردەوە ھەنگاویان بۆ نرا و پیادە کران و بینران. گەرچی یٔاستەنگ و کێشەی لابەلا ھاتنە پێش و ناکۆکییەکان قوڵبوونەوە و ووڵاتیان پڕکردەوە لە نائومێدی، بەڵام سەرۆکایەتی ھەرێم دیسان بە یەک مەسافە لە ھەمووان وەستا و لە ھێنانەدیی پێکەوەیی و ھاودەنگیی کوردستانییان سارد نەبۆوە و کۆڵی نەدا. خۆشبەختانەش ھیچ یەک لە لایەنەکان رێیان بە خۆیان نەدا سەرۆکایەتی ھەرێم لەو ناکۆکی و کێشمەکێشەوە بگلێنن.

ئێستا کە کوردستان بەنێو تەڵەزگە و قەیرانگەلێکی سەختدا دەگوزەرێ و لەھەر کات زیاتر پێویستی بە پێکەوەبوون و پەرۆشییە بۆ تێپەڕاندنی، خۆشبەختانە ماڵە باوانێک، چەترێک، مەکۆیەکی کۆکەرەوە و قبوڵکراوی لای ھەمووان لە یٔارادایە کە ھەر بەو نەفەسە تەباییخواز و میانڕەوەی ساڵی رابردوو، دەتوانێ دووبارە کۆمانبکاتەوە، سەر لە نوێ گرژییەکان ھێور و ناکۆکییەکان بخاتەوە سەر راستەرێی چارەسەرو کۆی ھەوڵەکان بۆ بەھاناوەچوونی گەلەکەمان لەم قەیرانە سەختەدا، لێک گرێ بداتەوە. 

خڕبوونەوەمان لە ژێر چەتری ئەو دامەزراوە نیشتمانییەدا، ھیچمان لێ ناخوازێت جگە لە باوەڕھێنان بە پرنسیپ و ھاوکێشەیەکی سادە کە دەڵێ: بۆ ئەوەی جیاوازییەکانمان نەبنە ململانێ و ناکۆکی وێرانکار، بۆ یٔەوەی یٔیدارەیان بدەین و لەگەڵیان ھەڵ بکەین، دەبێ لەسەر پرنسیپگەلێک رێککەوین کە گوزارشت لە باوەڕە ھاوبەشەکان و رەھەندە لێکچووەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خاک و خەڵکەکەمان بکات.

دواجار بە قەولی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: ھەموومان یە ک خۆر لەسەرمان ھەڵدێت و یەک ئاسمان داماندەپۆشێ و یەک ئایندە و یەک چارەنووسمان ھەیە.