سەردێڕ:

ئێمە و مامۆستایان

5/15/2021 9:06:04 PM
10128 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+ -


کێشە ی ھەرە سەرە کی سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا نەبوونی سەندیکای، ئەگەر سەبەخۆش نا، سەندیکای ئۆتۆنۆمە. سەندیکاکان لەژێر دەسەڵات و بڕیاری حیزبدان. ڕە تکردنەوە ی ھەیمەنەی حیزب بەسەر سەندیکاکانەوە بەو مانایە نایەت کە دەستی حیزب ببەسترێت لە پێکھێنانی ھاوپەیمانی لەگەڵ سەندیکاکان بەمەبەستی ھاوکاری و بەرژەوەندی دوولایەنە (بۆ نموونە لە کاتی ھەڵبژاردنەکان). بەڵام قۆرخکردن شتێکە و، ھاوکاری دوولایەنە شتێکیترە. سەندیکا گرنگترین جەمسەرن لە تێکھەڵقژانی سیاسی لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا، کە دەبێتە ھۆکاری بەرە وپێش چوونی کۆمەڵگە.

مامۆستایانی کوردستان توێژێکی گرنگ و زێدە پێویستن بۆ ئێستاو داھاتوی کۆمەڵگەکەمان. تەنانەت لە ڕابوردوشدا مامۆستایان لەسەنگەری پێشەوەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا بوون. ھەمیشە بە شانازیە وە باس لە وە دەکەم کە بەندە لەسەر دەستی مامۆستایانی شۆڕشی ئەیلول فێری خوێندەواری بووم. لە ساڵانی نەوەد دا مامۆستایان بە بێ مووچە وانەیان دەگوتەوە و دروشمە نیشتیمانی و شۆڕشگێڕانەکەیان ھەتا ئێستاش لە گوێی زۆربەما ندا دەزرنگێتەوە ``من مامۆستام و سەری بەرزم بۆ مووچە نەوی ناکەم``.  

لێرەدا مەبەستمە مەسەلەی مامۆستایان و ئەرکی ئێمەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان لە چەند خاڵی سەرەکیدا کورت بکەمەوە:

وەک لە پێشەکی ئەم گوتارەدا ئیشارەم پێدا، مامۆستا وەک ھەموو پیشەوەرێکیتر پێویستی بە سەندیکای مامۆستایان ھەیە. سەندیکایەکی مامۆستایان کە خۆی بڕیار لەسەر ناوەڕۆکی پەیرەو و، بەستنی کۆنگرە و، ھەڵبژاردنی سەرکردایەتی سەندیکاکەی بدات. ئاساییە ئەندامانی سەندیکا ئینتیمای حیزبیان ھەبێت، بەڵام نابێت مەرام و مەبدەئی سەندیکاکە کە مەرام و مەبدەئێکی پیشەییە لەبیر بکەن. بەداخەوە ئەو جۆرە لە سەندیکای مامۆستایان لە کوردستان وجودی نیە و، خەتاکەش لە ئێمە وە یە. تەنانەت لە دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، کە سەندیکایەکی (بەحساب) سەربەخۆ دروست بو کە ھەواداری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بزوتنەوەکە لێنەگەڕا سەندیکاکە ڕێچکەی سروشتی خۆی بگرێتەبەر و ھەڵەکەی ئێمە و یێکێتی نیشتیمانی دوبارە کردەوە و قۆرخی جوڵانەوەکەی کرد، ھەر بۆیەش ھیچی لی سەوز نەبوەوە. بوونی سەندیکایەکی مامۆستایان کە سەربەخۆ بێت ھەنگاوێکی زۆر گرنگ و گەورە یە بۆ مسۆگەرکردنی مافە کۆمەڵایەتیەکان لە ھەرێمی کوردستان.

- مامۆستا پێویستی بە مووچە و خانە نشینیەکی شایستە ھەیە بۆ ئەوەی پەروەردەی کولتوری و زانستی مناڵانی نیشتیمان بکات. چونکە ھیچ مامۆستایەک ناتوانێت بەبێ شوێنێکی نیشتەجێ بوون، مسۆگەر بوونی بژێوی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی، بە باشی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

مامۆستا پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و گونجاوە بۆ ئەوەی ڕەنجەکەی بەرھەمی ھەبێت. خۆ ئێستا سەردە می شۆڕشی ئەیلول نیە مامۆستا لای ئاسایی بێت لە ترسی قەسفی تەیارە لە ئەشکەوتا وانەکانی بڵێتەوە. دروستکردنی قوتابخانە زەرورەتێکی گرنگە. چۆن چاوەڕوان بین مامۆستایان لە پۆلێکدا بە ٤٠ قوتابیەوە، لە قوتابخانەیەکی دوو یان سێ دەوامیدا، بە تەوالێتی پیس و نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە وانەکانی بڵێتەوە و مناڵەکانمان فێری کەلتور و زانست بکات؟

دواجار سیاسە تکردن بە بێ واقیعبینی دە بێتە شیعر و شانامە. ئێمە دەزانین کە بەم قەیرانە داراییەوە کە ڕوی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق کردوە، مەحاڵە حکومەت بتوانێت ئەو خاڵانەی سەرەوە بۆ مامۆستایان (خۆبەخۆ بۆ قوتابیانیش) جێ بە جێ بکات. لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو زۆرترین بەشی میزانیەی دە وڵەت کەرتی پەروەردە دە یبات. بەڵام کە پارە نەبوو، گەر ئیرادە ش ھەبێت، توانای جێبەجێ کردنی بەرنامەکان نابێت. ھەربۆیەش گرنگە گوڕو تینی پڕۆسەی چاکسازی سارد نەبێتەوە و، سامانی وڵات چیدی لەمە زیاتر بە فیڕۆ نەدرێت. دەبێت وەزارەتی پەروەردە توند و تۆڵ بکەین و، کەرتی پەروەردە وەک پێشمەرگە و تەندروستی لە ئەولەویاتی بەرنامەی حوکمڕانیمان بێت. ئێمەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان کە لەدەسەڵاتدا بووین، یان ئێستا لەدەسەڵاتداین لەئاست مامۆستایانی کوردستان و موعاناتیان بەرپرسیاری یەکەمین. نابێت لەم بەرپرسیارێتیە ڕا بکەین و، دەبێت بە کردەوە چارەسەری کێشەکانیان بکەین، ھەنگاو بە ھەنگاو، لە پڕۆسێسێکدا و بە ئیرادەیەکی جدییەوە.