سەردێڕ:

پێویستە ئەم کەسە ببێتە پارێزگاری ھەولێر

11/24/2020 8:43:08 PM
30004 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+ -

برادەر و ھەڤاڵێکی خوێندەوار و بەڕێزم کەخەڵکی  ھەولێرە، لێی پرسیم: بە ڕای تۆ کێ دەبێتە پارێزگاری ھەولێر؟ بە پێویستم زانی کە وەڵامی ئەو ھەڤاڵەی خۆم چۆن دایەوە، لە دووتوێی گوتارێکدا بینوسمەوە. 

ئەو کەسەی کە دەبێتە پارێزگاری ھەولێر پێویست ناکات ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بێت، چونکە کاکە فرسەت ئەندامی سەرکردایەتی نەبوو. پێویستیش ناکات لە بنەماڵەیەکی ناسراوی خەڵکی ھەولێر و دیسانەوە معامەلەی تەوریسی سیاسی  بێت، چونکە فرسەت ئەویش نەبوو. پێویست ناکات (د)الێک لە پێش ناوەکەیەوە بێت، چونکە فرسەت بە دوکتۆراکەیەوە شت نەبوو. فرسەت بە بێ دوکتۆراکەشی ھەر شت  بوو. ھەرچەندە فرسەت دوکتۆراکەی وەک شیری دایکی خۆی پێ حەڵاڵ بوو، چونکە بەرھەمی حەز و ماندووبوونی خۆی بوو. 

شەھادەی زانکۆ نەتیجەی جوھدێکی شەخسیە و ھیچ پەیوەندیەکی بە پرyستیژی سیاسیەوە نیە. ھەرچەندە لە ھەرێمی کوردستان زۆرن ئەو شەھادانەی کە بە واستە، بە پارە و بە زە بری ھێز وەرگیراون، ھەر بۆیەش ناچنە ڕیزی شەھادەکەی کەسانی وەک کەمال مەزھەرەوە و ھیچ قیمەتێکی زانستیان نیە. سەرچاوەی زۆربەی ئەم شەھادانەش بە مەرامی بەدەستھێنانی ئیمتیازی شەخسیە، نەک خولیاو خۆشەویستیەکی زانستی.

ئەو کەسەی کە دەبێتە پارێزگاری ھەولێر، دەبێت نە خۆی و نە کەسێکی نزیکی، مولاحەزاتی گەندەڵی لەسەر نەبێت. ئەو کەسە دەبێت خاوەن خەون و مەبدە ئی چاکسازی و ڕیفۆرمی ئیداری و کۆمەڵایەتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بێت. ئەو کەسە ئەبێت ھەولێر تەنیا بە شاری کورد نەزانێت و، لەو ئەرکەدا حیزبایەتی نەکات، بەڵکوو دوای دەوام و، لە بارەگای (لق) و (ناوچە) پارتایەتی بکات. ئەو کەسە دەبێت پردەکانی پاش خۆی، لە پێناو خزمەتی گەل و نیشتیماندا ڕوخاندبێت و، خەت ڕەجعەی خانەنشینێکی چەوری دانەڕشتبێت. 

بە کورتی: ئەو کەسە دەبێت ئینسانێک بێت کە شەخسیەتی، نەک نوسخەی فرسەت، بەڵام لە چوارچێوەی مەنزومە ی سیاسی و ئەخلاقی کوردایەتیدا قابیلی تەعریف کردن بێت و، بێ ئەندازە ئازابێت.
ئیتر ھەر کەس دەبێت با ببێت…  
ئەو ھەڤاڵە بەڕێزە وتی: کەواتە کەسێکی وەک نێچیرڤان ئەحمەد. 
منیش وتم: خۆزگە.