سەردێڕ:

گلەییەک لە حزبەکەی خۆم لە یادەوەری ١٦ی ئۆکتۆبەردا

10/17/2020 4:40:10 PM
9067 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+ -

ریفراندۆم گەورەترین دەستکەوتی نەتەوەی کورد بوو. لەھەمانکاتدا ریفراندۆم سەرتۆپی سەرکەوتنی سەرۆک مەسعود بەرزانی بوو لە ژیانی ٥٦ ساڵەی پێشمەرگایەتیدا. وەک قازی محەمەد، کاک مەسعود پۆستوپلەی کردە قوربانی سەربەخۆیی خاکی پیرۆزی کوردستان. بۆیە ئەم ئینسانە ( مەسعود بارزانی) ھەتا ھەتایە لە باڵاترین پلەی کوردایەتیدا دەمێنێتەوە. لە بەرامبەردا ١٦ ئۆکتۆبەر موئامەرەیەکی دوەلی بوو دژی خەونی میللەتێک و سەربەخۆیی کوردستان.

ئەو بێ عەقڵانەی کە دەڵێن مەسعود بارزانی حسابی بۆ کاردانەوەکانی ریفراندۆم نەکردبوو، یان گەمژەن، یان موئامەرەچین. ئێمە (یەکەی ئیسنادی زێڕەڤانی، لەگەڵ بەشێک لە سوپای ٥،٤،٣،١ ی زێڕەڤانی لە دوبز، لەگەڵ ھەندێک ھێزی دیکە) لە پێش ریفراندۆمەوە بە درێژایی سنووری خاکی پیرۆزی کوردستان جێگیر کراوبوین. من باسی شوێنەکان بە ووردی ناکەم، چونکە لەوانەیە سەرکردایەتی عەسکەری کوردستان پێی باش نەبێت.

کێشە توانای داکۆکیکردنی پێشمەرگە نەبوو. چونکە بە فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی ھەموو پێشمەرگە، ئامادەی گیانفیداکردن و مەرگ بووین. کێشە شتێکیتر بوو. ھەر وەک روونە زۆر کەس لە حزبەکەی بەندە ئەوەندە نەزانن کە وا دەزانن (لاھوری شێخ جەنگی و ئاراسی برای) نەخشەکێش و ڕابەری ئەم موئامەرەیە بوون. لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە دوورە لە ڕاستییەوە.

ئەمەریکا، ئێران، تورکیا، عێراق، ھەموو دوەلی عەرەبی و ئەوروپا، ئەگەر لەسەر ھیچ شتێک لەگەڵ یەک ڕێک نەکەوتبن، لەسەر ئەوە موتتەفیق بوون کە خەونەکەی مەسعود بارزانی نابێت بێتەدی و کورد نابێت ببێتە خاوەنی دەوڵەت. ھەر وەک ھەمیشە ئەم نەیارانە پێکەوە ھەوڵیاندا، بەڵام نەیانتوانی کوڕەکانی مام جەلال و بنەماڵەی مامۆستا برایم ئەحمەد لە راستە شەقاوی کوردایەتی لابدەن (ھەرچەندە کێشەشیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا ھەبێت)، بەڵام کوڕەکانی شێخ جەنگی بەردەست بوون.

بۆیە ھەڵەیەکی کوشندەیە کە کاک لاھور و ئاراسی برای بە پلانڕێژی ١٦ ئۆکتۆبەر تۆمەتبار بکرێن. ئەوان پلانڕێژ نین، ئەوان جێبەجێکاری پلانی خەڵکی تریش نین. لە ڕاستیدا ئەوان بەشێکی بچوکن لە موئامەرەکە. ئەوانە جاشیش نین، بەڵکو نەوعێکی ترن. ھەر بۆیە حیزبەکەی بەندە زوڵمێکی گەورە دەکات خەڵکی بچوک بخاتە ڕیزی موئامەرە چییەکانی وەک ئەمەریکا، ئەوروپا، ئێران و وڵاتانی ترەوە. ئەگەر گلەیمان ھەیە با لە موئامەرەچیەکانی بکەین، نەک لە پیاوەکانیان، چونکە ئەوانە بچوکن.

بەندە و ھەڤاڵەکانم بە عەشقی شەھیدبوونەوە و زۆر لە پێش موئامەرەکەی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکوک بوین. داخی گرانم شەڕی مان و نەمانی سەربەخۆیمان نەکرد و پلەی باڵای شەھادەتمان لە پێناو سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان پێ نەبەخشرا.