سەردێڕ:

لابردنی پارێزبەندی لەسەر کاک سۆران عومەر

5/7/2020 6:24:13 PM
45233 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+ -

لە کاتی قسەکردن لەسەر ھەلومەرجی ئێستای ھەرێمی کوردستان، ھیچ پێویست بە درێژەدان بە قسە ناکات و پێویست ناکات کەسێک دکتۆرای لە سیاسەتا بەدەستھێنابێت بۆ ئەوەی لە قورسایی ئەو قەیرانانە تێبگات کە بەرەو ڕووی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە. 

سیاسەت (ئەگەر بە مەبدەئەوە بکرێت) بریتیە لە ئیدارەدان و بدە و بستێن لەپێناو خزمەتکردنی میللەت. ئەرکی سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەریش ھیچ نیە جگە لە جێبەجێکردنی ئەو دوو ئەرکە بە قازانجی میللەت. بەداخەوە بەم جۆرەی ئێمە لە کوردستان سیاسەت ئەکەین، لە ڕاستە شەقامی ئەو پێناسەیەی سەرەوە لامانداوە. کەسانی نا سیاسی و دوور لە مەبدەئی نیشتیمانی خزێنراونەتە ناو جومگە سیاسیەکان، کە لەبری ئەوەی ئینتیمایان بۆ میللەت، نیشتیمان و ئاڵا ھەبێت، دەروێشی کەسایەتی، پلەو پۆست و بەرژەوەندی شەخسی و ئاینین.

لە چوارچێوەی سنوورەکانی دیموکراسیدا دەسەڵاتەکان لە کۆمەڵگەدا جیاکراونەتەوە و، مەسەلەی ئازادی ڕادەڕبڕین دەستەبەرکراوە، بەڵام سنوور بۆ ئازادی داندراوە و، ئینسان ھەتا ئەوکاتە ئازادە ڕای خۆی دەرببڕێت، کە سنووری ئازادی کەس (یان گروپێکیتر) نەبەزێنێت. ئیتر ئەم کەسە لە ھەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتیدا بێت. بەداخەوە، زمانی قسەکردنی کاک سۆران عومەر ھەرگیز لای بەندە جالب و سەرنج ڕاکێش نەبووە. نەک لەبەر ئەوەی (ھەندێک) لە قسەکانی ڕاست نین، بەڵکو لەبەر شێوازی گوتنیان. عاقڵانەیە ئینسان لەخۆی بپرسێت، کە ئایا کێشەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان لە کاک مەسرور بارزانیەوە دەستپێدەکات و بەویش کۆتایی دێت؟ بۆچی لە ئێستادا و لەم تەوقیتە؟ پەرلەمانتاری ئازاد ئەندیش نابێت بھێڵێت خەڵکیتر بیکەنە بەشێک لە ئەجندای خۆیان. بۆچی لەم کاتەدا کە ئێمە (ھەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان) و، بەتایبەتیش ئێمەو یەکێتی و گۆڕان پێویستمان بە یەک دەنگی، یەک ڕیزی و تەبایی ھەیە.

ھەندێک لە برادەرانی ئێمەی پارتی لە ڕابردوودا بە کاک سۆرانیان ئەوت  تیرۆریست. ئەی باشە کە تێرۆریستە بۆچی فراکسیۆنی پارتی دەنگی بە کاک سۆران دا (ساڵی ٢٠١٤) بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پارلەمان و، بۆچی قبوڵمانکرد لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی حکومەت تەشکیل بکەین (کابینەی ٨ و کابینەکانی تریش). عەیب و عاری ئەو زمانەشی کە کاک سۆران عومەر بەرامبەر ئێمە بەکاری ئەھێنێت، لە پێشدا بۆ خۆی و حیزبەکەی ئەگەڕێتەوە. چونکە ئەگەر لەگەڵ دز، جەردە و مافیا چویتە معامەلەوە، ئەوا شەریکیانیت و ھیچ جیاوازیەکت لەگەڵ ئەواندا نییە (بەڵگەی ئایەتی قورعانی حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام د.خ. لەسەر ئەم مەسەلەیە زۆرن).

لەوانەیە ھەر لەبەر ئەوەش بێت بە سەدان ھەزار موسوڵمانی کوردستان نەھاتنە سەرشەقام بۆ ھەڵوێست پیشاندان لەسەر لابردنی پارێزبەندی نە لەسەر کەسایەتیەک کە خۆی ئەڵێت موسوڵمانم، نە بۆ حیزبەکەشی کە خۆی بە نمایندەی خوای بێ شەریک و قورعان و پێغەمبەرەکەی د.خ لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان ئەزانێیت. 

ئینسان لە خۆی ئەپرسێت، ئیتر کەڵکی پارلەمان چیە؟ کە ھەموو شتێک (ھەروەک ھەمیشە) لەلایەن مەکتەبی سیاسی حیزبەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و، لە ھەموو دانیشتنێکی پاڕلەمانەوە ئەم میللەتە لای ئاشکرابێت کە ئەمە بەرە پڕ جەنجاڵەکەی کوردستانیە و ھیچیتر.  ئیتر پارلەمانمان بۆچیە؟ ئەگەر ڕۆژێک بزوتنەوەی گۆڕان زۆرینەی پاڕلەمانی بەکاربھێنێت بۆ دامرکاندنەوەی ڕق و تووڕەبوونی خۆی لە قوتکردنەوەی (نامەعقولی) ھەمواری قانونی سەرۆکایەتی ھەرێم لە ساڵی ٢٠١٥، یان ئێمە ئەم زۆرینەی پارلەمانیە بۆ مەسەلەیەکی زۆر بچووک (لەچاو گەورەیی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتیمانی) بەکار بھێنین، جیاوازی چیە؟