سەردێڕ:

حەشد و پارتی لە خزمەتی یەکتردا

10/17/2020 10:12:56 PM
6877 جار خوێندراوەتەوە
کاوە محەمەد
+ -

لێدوانەکانی (ھۆشیار زێباری) تەواو پێچەوانەی ئەوەی لە رووکەشدا باسدەکرێت، بە دڵی گروپە توندڕەوەکانی (حەشدی شەعبی) بوو و سووتاندنی بارەگای لقی پارتیش لە بەغدا زۆر بە دڵی پارتی و بەتایبەت توندڕەوەکانییەتی، چونکە لە ھەر شوێنێکی دونیادا وەک چۆن میانڕەو و ئاشتیخوازەکان دەبن بە ھاوپەیمانی یەکتر، بەھەمانشێوە توندڕەوەکانیش لەڕوودا دژ و دوژمن دەردەکەون، بەڵام لەراستیدا ھەردوولا وزەی توندڕەوی بە بەرامبەرەکەیان دەبەخشن و ھەریەکە بوون و پاڵەوانێتی و نیشتیمانپەروەرێتیی درۆزنانەی خۆی لە دیسکۆرسی توندڕەوانە و دوژمنکارانەی ئەوی دیکەدا دەبینێتەوە.

بۆیە ئێستا حەشدییەکان لێدوانەکانی (زێباری) وەک دەستکەوت بۆ خۆیان دەبینن تا سەرلەنوێ ئەو پەیامە بە ھەموولایەک بگەیەننەوە کە بوونی ئەوان زەڕوورە و باس لە رۆڵی ھێزەکانیان لە شەڕی داعش بکەن و بڵێن ئەوەتا (کورد) دژی حەشد و عەرەب و عێراقە و ھەرێمی کوردستان بێ رێزی کردووەتە سەریان.

ھاوکات بۆ پارتیش فرسەتە فوو لە گوتارە بەتاڵە نەتەوەپەرستییەکەی بکاتەوە و دیسانەوە خۆی وەک (فریادڕەسی نەتەوەیی و پارێزەری کورد) نیشان بدات.