سەردێڕ:

دیوە شاراوەکانی کۆرۆنا و ئایندەی ئێمە

3/25/2020 12:38:53 AM
6666 جار خوێندراوەتەوە
فەهمی بورهان
+ -

ئەگەر بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی و وڵاتانی دراوسێمان بەتایبەتی هاتنی کۆرۆنا شۆکێکی گەورە و بڕێکی زۆر لە ترس و نیگەرانی لەگەڵ خۆیدا هێنابێت، ڕەنگە بۆ ئێمە ئەو ترس وئەو بڕە لە شۆکە جۆر و مانایەکی تری هەبێت، جیاواز لە تەواوی ئەو مانایانەی کە مرۆڤایەتی و دەوڵەتەکانی ئەودیو جوگرافیایی کوردستان هەیانە.

راستە لە باری زانستی و دونیایی تەندروستیەوە ئەشێ هەڵگری یەک مانا و یەک جۆر لە هەوڵ بێت بۆ تێپەڕاندنی و هەرئەمەش خاڵی هاوبەشی ئێستایی نێوانمان بێت، بەبێ ئەوەی سنور یان دین یان کلتور پانتاییەکی بۆ مابێتەوە، ڕۆڵێک بۆ نێوەندگیری یان تەرەفگیری ببینێت وەک ئەوەی بۆ کۆی کایەکانی تر هەیەتی، هەروەک چۆن حەکیم و دکتۆرەکانی دونیای پێشکەوتوو لە ئاست بچوکی ئەم ڤایرۆسە وەک قەبارە و گەورەیی لە مەترسێکەیدا کڵۆڵن، حەکیمەکانی ئێمەش هەروان.

بەڵام ئەوەی کرۆک و مەبەستی ئەم نووسینەی منە، نیشاندانی دیوێکی تری کۆرۆنایە، دیوێک کە ئەگونجێت ببێت بە سەرەتایەکی تازە و داهاتووی وڵاتێکی خاوەن یاسا و فەرمان ڕەواییەکی تەواو عەقڵانی لەسەر بینابکرێت.

ئەوەی وەک جیاوازیەکی بنەڕەتی ئێمە لە کۆی مرۆڤایەتی جیائەکاتەوە ئەوەیە، کە ئێمە هەمووی کەمتر لە بیست ساڵێکە قەدەر بە ڕووداوێکی بێ ئەنداز دڕندە و مەترسیدار ئاشنامان ئەکات، هەر ڕووداوێکی بەسە بۆ ئەوەی چ وەک نەتەوە یان وەک نیشتیمان لەبەردەم سڕینەوە یان لێکترازانێکی قوڵدابین، جارێک شاڵاوی بەعس و ئەنفال و کیمیا و جارێک داعش و فەتوایی بە کۆمەڵ کوشتن و جارێکیش ئەزمەی ئابوری و مەترسیی برسێتی و هەندێک جاریش حەشد و هەڕەشەکانی و خاک داگیرکردن.

ئەم نەوەیەی ئێستا چەند دڵخۆشن، بە ئەندازەی ئەوەش خەمبار، چەند ئازادن، بەئەندازەی ئەوەش دیل، چەند ئاوێتە بووی سەردەمی مۆدێرنە و لیبڕالیزم و نەمانی جیاوازی چینایەتین بە ئەندازەی ئەوەش لە بەردەم ویژدانی نووستوی وڵاتانی زلهێزدان و کەس بۆ مەرگ و مەترسێکانی سەریان نایاتە دەنگ، ئینتەرنێت و پێشکەوتنەکان ئەوەندەی خەبەری مەرگ و سوتانی خاک و گلانی شۆڕشی پێیە، ئەوەندە ماڵێک نەبووە بۆ دۆزینەوەی خەونەکان، ئەم نەوەیە نەوەی بینینی مەترسییەکانن و نەوەی گێڕانەوە و شاهیدی دەیان شەپۆلی مەرگن، هەنوکە مرۆڤایەتی لە سەردەمی کۆڕۆنا و مەترسییەکانیدا ئەژیت.

رەنگە دیارترین خاڵی هاوبەشی نێوانمان لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کۆڕۆنا بێت، بەڵام من ئەوەندەی چۆڵی سەهۆڵەکە و جادەی مەولەوی و دەوری قەڵاو بازاڕی نیشتیمان چاوەکانمیان پڕ لە ئەسرین کردووە، ئەوەندە چۆڵبوونی بورجی ئیڤڵ و شەقامی شۆخ و شەنگی شانزە لیزێی نەی جوڵاندووم، لە بێدەنگی جادەکانی نیشتیماندا من نغرۆبووم، بێدەنگی شەقامەکانی ڕۆما و ئۆهان و بەرلین و لەندەن منیان شۆک نەکردووە.

بڕوام وایە هیچ سیاسییەک نەبێت لە کوردستاندا خامۆشی شەقامەکان خامۆشی نەکردبێت، کۆڕۆنا پێێ وتین ئەتوانین پێکەوە دوا ئامانجەکان بەدیبێنن ئەشێ جیاواز بین، ئەشێ من یەکێتی و تۆش ڕەنگێکی تر بیت، بەڵام دواجار هەموومان پێکەوە زیندویەتی ئەدەین بە شەقام.

جیاوازی هۆکاری بنچینەی گەشەی کۆمەڵ و بوونی سیستەمێکی فەرمان ڕەوایی تەندروستە، بە مەرجێک فەلسەفەکەی لە سەر بنەمای ڕق نەچێنرابێت، کۆرۆنا تەنها وانەی خاوێنی فێرنەکردین، بەڵکو فێریکردین پێکەوە جوانین و پێکەوە نیشتیمان ئەگەیەنینە دوا ئامانج، ئەمیش وەک ئەوانی تر پرسیاری ناسنامەی لە کەس نەکردووە، هەمووان کوردین و هەمووشمان لە بەردەم مەترسیداین، ئیتر کاتی ئەوەیە کۆرۆنا تێپەڕین و لە سەربنەمای ئیرادەی هاوبەش و دوور لە سەپاندنی یەک جۆرخیتاب داهاتووی نەوەکانمان بینا بکەینەوە.