سەردێڕ:

درەنگ بە ئاگا ھاتن

9/19/2020 1:36:10 PM
6049 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلی
+ -

حكومەتی ھەرێم لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا بە ئەمڕۆ جگە لە بەھەدەردانی سەروەت و سامانی ژێرخان و سەرخانی كوردستان و بە تاڵانبردنی نەوت سڵی لە ھیچ نەكردووەتەوە بۆ ھەر ھەنگاوێک كە ناوێتی. پێشتر زۆنی زەرد و سەوزیش ھەموو بارەگاكانی بەعسیان لەسەر خۆیان و خاووخێزانیان تاپۆكرد و كردیانە بارەگای كوردی تەنھا زمانی عەرەبیان كردە كوردی و بێسڵەمینەوە لە تێكۆشانی رابردوویان ھەموو ئەو كردەوانەی بەعسیشیان لەو بارەگایانە دووبارەكردەوە، بەوەشەوە نەوەستان سەرجەم ماڵی ئەفسەر و كادرەكانی بەعسی كە موڵكی شارەوانی و دەوڵەت بوو تاپۆیان كردە سەر بەرپرس و كەسە نزیكەكانی حیزب، ئەمانەش ھەموو چاوپۆشی كران لەپاش ئەوەش دەستیان برد بۆ شوێنە گرنگەكانی شار، كارگەكانی پێشتر حكومەتی عێراق دروستی كردبوو لە شارەكاندا وێران كران و كرانە ھوتێل و مۆڵ و مەساج و قومارخانەی بەرپرسەكان.

پێشتر ھەر كاتێک دەیانخواست چەند شوێنێک داگیر و تاپۆ بكەن چەند پارچە زەویەكیان بەسەر ڕۆشنبیر و ھونەرمەند و كارمەنداندا دابەش دەكرد تا كەس نوزەی لێوە نەیەت پاشان دەستیان دەبرد بۆ گرد و شاخ و تەنانەت زەویە كشتوكاڵیەكان و ھەمویان تەلبەند كرد، ھەرخۆشیان ھەزاران كارمەند و پۆلیسیان بە ناوی دارستانەوە تاعین كردووە گوایە ئەمانە پارێزەری زەوی و خاكن بەس لەبەر بەرپرسان نا.

ئەو ھەرایەی ئێستا لە سلێمانی بۆ پاراستنی سەوزایی و داگیرنەكردنی ئەو شوێنانە دەكرێت كارێكی پیرۆزە، بەڵام زۆر درەنگە پێویستە ھەموان بێدەنگی بشكێنن تا ھەموو شوێنەكان داگیرنەكراون ئەوانەش كە بەناوی ژینگە و وڵاتپارێزییەوە لە مەیدانن با جارێكیش زمانیان گۆ بكات و دژ بە سوتانی ھەزاران دۆنم زەوی و دارودرەخت و قەڵاچۆكردنی ئاژەڵە كێوییەكان لەلایەن فڕۆكە و تۆپەكانی توركیاوە ڕۆژانە دژ بەو چیا و دۆڵ و گوندانە دەكرێت خۆ ئەوێش ھەر خاكی كوردستانە چۆن بۆ سنەوبەرێک لە باخی بەختیاری دێینە گۆ با بۆ دار بەڕویەك لە قەندیل و دار گوێزێك لە شێلادزە و دار بیەكیش لە زاخۆ ھەمان ھەڵوێستمان ھەبێت تا بە ھەمووان ڕوبەڕوی ئەو دژە ژینگە و داگیركەری زەویانە بوەستینەوە.

گەر چاوەڕوانی لایەنێک یان بەرپرسێک بن تا رێگر بێت بخەونەوە با خەونی خۆش ببینن، ئەوان خۆیان داگیركاری گرد و بارەگا و زەویەكانن چۆن دەبنە پارێزەری دار و زەوی لە شارێکدا.