سەردێڕ:

ڕۆژئاوای کوردستان لە کوێوە بۆ کوێ ؟

10/26/2019 11:55:05 AM
3550 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلی
+ -

لای ھەموان ئاشکرایە بەر لە ساڵی ٢٠١١ و دەست پێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای ووڵات کوردانی ئەو پارچەیە لە سەرەتاییترین داواکاریدا بوون لە ڕژێمی بەعسی سوری کە ئەو ھەزاران ھاوڵاتیە کوردیەی بێ ناسنامە بون و بە بیانی دەناسران ببنە خودی ناسنامەی عەرەبی سوری ، 
لە پاش دروست بونی شۆڕش و بونیادنانی ھێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و سەرەڕای ھەموو ھەوڵەکانی ئەردۆغان و دەسەڵاتی تورکیا لە ڕێگای گروپە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی عەرەب و بە ناو کوردەکانەوە بۆ دژایەتی ئەو شۆڕشەوشەڕڤانان ، سەرەڕای دروستکردنی دیوارو خەندەق لە سنوری تورکیا و باشوری کوردستان و گەمارۆی ئابوری و تەندروستی و ھەوڵدان بۆ ئاوارە بونی ھاوڵاتیان و دروستکردنی کەمپی ھەزاران کەسی لە باشور وەک کەمپی دۆمیز لە دھۆک و عەربەت کە سلێمانی ، ھەروەھا دروستکردنی داعش تەنھا بۆ دژایەتی شۆڕشی کورد و ھاوکاری ڕاستەوخۆی تورک و بە کرێگیراوەکانی بۆ چەتەکانی جەبھەت نوسراو داعش بە مەبەستی کۆتایی ھێنان بەو شۆڕشە کوردیە ڕاستەقینەیە و سەرباری ئەو ھەوڵە دیبلۆماسیانەی تورک و نەیارەکانی ڕۆژئاوا لە جیھانی دەرەوەداو ھاندان ودروستکردنی چەندین خۆ پیشاندانی ئەندامانی ئەنەکەسەی بە ناو کوردی بە مەبەستی بە تیرۆریست ناساندنی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە ، شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر و بەرفراوانتر بوو سەرنجی جیھانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و داواکاریەکانی گەلیش گۆڕا بۆ خۆسەری دیموکراتی و پێکەوە ژیانی گەلان لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریەکی دیموکراتیدا، داستانی ئازادکردنەوەی کۆبانێ و شەڕی ٥٧ ڕۆژەی عەفرین دژ بە چوارەمین ھێزی ناتۆ بە سەرجەم پێشکەوتوترین چەکیشەوە و داستانی سەرێکانی لە دوایین ئەفسانەکانی شەڕڤانانی ئازادی و گەلی خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان بوون.
ھێرشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا و بەرخودانی بێ وێنەی شەڕڤانان و گەلی خۆ ڕاگری ئەو پارچەیەی ووڵات چارەسەری دۆزی کوردی لە سوریادا خێراتر کرد و ململانێ چەقبەستوەکانی ٧ ساڵی ڕابردووی سوریاشی بەرەویەکلا بونەوەی تەواوی پەلکێشکرد، ئەوەش لەو ڕوانگەیەوە کە بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاوا لە ئێستا بۆتە جێگای ووتووێژی سەرجەم کۆڕ و کۆبونەوەکانی جیھان و ھەموانی ناچاری بیرکردنەوە لە چارەسەری کردووە و لەلایەکی دیکەوە جوگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان بە ھەموو تاکێکی جیھان ناساند و چیدی ترسی ئەوە لە و پارچەیەی ووڵات ڕەویەوە کە تەعریب و تەتریک بکرێت یاخود بە جوگرافیای نەتەوە یان ووڵاتێکی دیکە بناسێنرێت.
ئەوەی بۆ کورد گرنگ بوو لەو پارچەیەی ووڵات
*لە داواکردنی ناسنامەی عەربی سوریەوە بوو بە ناسنامەی کوردی لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراتی فرە نەتەوەدا و لە ژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتی دا .
* دانپێدانانی مافی کورد و کلتور و زمانی لە دەستوری بنەڕەتی سوریای داھاتودا و ئەوەش بە ڕوونی چەسپێندراوەو مەحاڵە بێ مافی کورد ھیچ کەس بتوانێت دەستوری داھاتوی سوریا بنوسێتەوە .
*کورد لە سوریادا فاکتەری یەکلاکەرەوەی ململانێ مێژوویی و ئاینی و ڕەسەنایەتیەکانی گرتە ئەستۆو سەرجەمیان لەگەڵ خۆیدا ھەم زیندوو کردەوە ھەمیش ھاوشانی خۆی بەشداری تێکۆشانی کردن .
*بەرخودانی ڕۆژئاوا خەونی لە مێژینەی تورکە ڕەگەزپەرستەکان و ئەردۆگانی ئێستای لە گۆڕنا بۆ گێڕانەوەی وولایەتی موسڵ و کەرکوک کە بڕیار بوو پاش داگیر کردنی ڕۆژئاوا بخرێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە .
*لەڕابردووەوە تا بە ئێستا نەتەوەی کورد و پێکھاتەکانی دیکە بەدەست فاشیزم و نەتەوەپەرستی تورکەوە ناڵاندویەتی و لە بەرخودانی ڕۆژئاوادا فاشیزمی تورک بەھەموو ھۆڤێتی و نەتەوە پەرستی و خولاندنەوەی لە چوارچێوەیەکدا بۆ جیھانی مرۆڤایەتی ئاشکرا کراو بەرەو ھەڵدێرێکی نادیار فاشیزم ئاراستەکرا کە دەکرێت لە ماوەی چەند ساڵی داھاتودا تێکشکانی فاشیزمی تورک زۆر زەقانە ببینرێت ، لە کاتێکدا بە درێژایی مێژوو کورد لە ھەر چوار پارچەکەدا بەھۆی فاشیزمی تورکەوە ھیچ کاتێک نەتوانراوە ئارامانە بژین و تێبکۆشین بۆ مافەکانمان بێ دەستوەرادنی تورکی فاشی نمونەی ھەرە زەقیش ھەبوونی سەربازگ فەرمی و نافەرمیەکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان  ، ئەو تێکشکاندنەی فاشیزمی تورکی لە ڕۆژئاوادا دەبێتە ھەوێنێکی کاریگەر بۆ باکوری کوردستان تا لە داھاتودا ھەنگاوی بەرچاو بنرێت لەو پارچەیەش . 
ئەوەی گرنگ بوو لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئامانجە ستراتیژیەکانی گەلی کورد بوو لەماوەی ٧ ساڵی تێکۆشانی پڕ لە قوربانیدا توانی ئامانجەکانی بپێکێت و سەرنجی ڕای گشتی جیھانیش ڕابکێشێت بۆ سەر کێشەی کوردی ھەر چوار پارچەی کوردستان و ڕۆژئاوا خۆی بەتایبەتی و سەرلە بەری ھاوکێشەی ناوچەکە بگۆڕێت ئەوەی دیار دەبێت لە بەرژەوەندی کورد خۆیدایە ، تەنھا یەک ئەگەر ماوە ئەویش ناکۆکی و وابەستە بونی ھەندێک لایەن و دەستی کوردە بە دوژمنانەوە بە تایبەت فاشیزمی تورکیا کە بۆتە مۆتەکە بەسەر داھاتوی کوردستانەوە بۆ ئەوەش ڕۆڵی شەقامی کوردی زۆر گرنگە تافشارێکی ڕاستەوخۆ دروست کەن بۆ دابڕانی دوژمنان لە کورد و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد کە گرنگترین فاکتەرە بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیەکی بێ ووڵاتی پارچە کراو .