سەردێڕ:

نەوەی نوێ وەک پێویستی قۆناغەکە

7/3/2020 10:04:47 PM
12130 جار خوێندراوەتەوە
یەعقوب کاکل
+ -

ئەوەی بە دیدێکی دروست و دادوەرانەوە لە جوڵە و چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەم جوڵاوەیەوەی روانیبێت بۆی دەردەکەوێت کە ئەم جوڵانەوە نوێیە جیاواز لە حزبەکانی تر ھاتووەتە کایەوە، ئەم کیانە وەک جوڵانەوەیەکی جەماوەری گشتگیر و دوور لە ئایدۆلۆجیا و سیاسەتی کۆنە قینی کەسی و مێژوی و دەڤەر و زۆن کاری کردووە دووریش بووە لە شێوازی کاری حزبە کلاسیکی و تەقلیدیەکان، ئەسڵەن خودی جوڵانەوەکە حزب نییە، کەمپینێکی سیاسی و جەماوەرییە و ئامانجی گەورەی گۆڕانکاری ریشەییە لە سیستەمی حوکم و دەسەڵات. 

نەوەی نوێ، لەماوەی ئەم دووساڵەی کارکردنیدا زۆرترین کاریگەریی لەسەر رۆژەڤی گشتیدا ھەبووە و ھیچ کات نەبووە داواکاری و مافی ھاوڵاتیان لە شوێنێک بوو بێت و ئەمیش لە لایەکی تر، بە پێچەوانەوە ھەردەم بڵندگۆی مافەکانی ھاوڵاتیان بووە و ستراتیج و نەخشەی سیاسی خۆی لەسەر داواکاریە رەواکانی خەڵک بونیاد ناوە و دەنێت. 

نەوەی نوێ، لە ھەرکوێ بوو بێت دڵسۆزی خۆی سەلماندووە و بەرگریکارێکی توندی مافە گشتیەکان بووە، یەکێک لە چالاکیە ناوازە و جیاوازەکانی نەوەی نوێ دەستپێشخەرییەکانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکەیە، کە چەندین تەحەددی لە شێوە فشاری ئاراستەی حکومەت کردەوە لە نمونەی پردی سماقوڵی و تونێلی دەربەندیخان چاککردنەوەی شەقامەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و تەحەدداکردنی حکومەت لە چەندین پرۆژەی وەک کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و عەریزەنوسین و نۆژەنکردنەوەی چەندین یاریگا و پارک، دواترینیشیان کردنەوەی نەخۆشخانەی سەد قەرەوێڵەیی و تەلەفزیۆنی پەروەردەیی بوو لەسەردەم و قۆناغی کۆرۆنادا، لەگەڵ چەندینی تر. 

ھاوکات، لەگەڵ ئەمانەشدا نوێنەرەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمان نمونەی نوێنەرانێکی سەر راست و راستگۆ و بوێر و خۆنەویست بوون، کە خەڵکیش ئەو شاھیدیەی بۆ داون، ئەوان پاڵپشت بە پیادەکردنی سیاسەت و ستراتیجیەتی جوڵانەوەکە بوێرانە بە گژ سیاسەتی ستەمکاری دەسەڵات و قۆرغکاری پارتی و یەکێتی بۆ دەسەڵات و ئیدارە و ئابوری ئەم ھەرێمە چوونەتەوە، کە دواترین قارەمانیێتی نوێنەرەکانی نەوەی نوێ دەستەبەرداربوون بوو لە ئیمتیازات و موچەی خانەنشینی ھەتاھەتایی پەرلەمانتاری، کە بەو ئومێدەی لە داھاتوودا کاتێک خەڵک نوێنەر دەنێرنە پەرلەمان بۆ مەبەستی پارەوپول و دراو و ئیمتیاز نەبێت، بەڵکو بۆ داکۆکیکردن و ئەرکی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بێت. 

ئەتوانین بڵێین نەوەی نوێ وەک کیان و جوڵانەوەیەکی سیاسی تەواو جیاواز ھاتووەتە مەیدانی کار و چالاکییەوە ، پێویستی رۆژە و ھاوڵاتیان لەکوێ بووبن ئەویش حزوری پێوستی ھەبووە ، خەڵک لەسەر شەقام بوو بێت بۆ داوای مافی خۆی نەوەی نوێش لەتەکیاندا ماوەتەوە و ھاودەنگ و ھاوخەباتیان بووە. 

نەوەی نوێ، ئۆپۆزسیۆنێکی رادیکاڵ و ڕوونی ئەم دەسەڵاتەیە ، نەوەی نوێ بارەگا و مەقەڕ و ئۆفیسی ناوێ و نیەتی، ماڵی ئەو لە شەقامە کاتێک داخوازی خەڵک بەرزدەکاتەوە و دەگەیەنێت، دەنگی ئەو لە ھەموو ماڵێکە کاتێک راستییەکان دەگەیەنێت، ھەڵوێست و مەوقیفی ئەو لە پەرلەمانە تا بە کردەوە پیشانی بدات کە ڕاستگۆیە لەگەڵ دروشم و بانگەشەکانیدا.