سەردێڕ:

سیاسەتی نوێی نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان

12/5/2019 4:14:28 PM
11025 جار خوێندراوەتەوە
هیوا خۆشناو
+ -

بۆ ئەوەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی سەدەی ٢١ەم بگەین، سەرەتا دەبێ دەرک بەو ڕاستیە بکەین سۆسیالیزمی بنیادنراو نەماوە کە کاریگەری لەسەر بزووتنەوە نەتەوەیی و دژبەرانی ئیمپریالیزم و چەوساوەکان ھەبووە.

هۆگر برایم لە نوسینی یەکەمینی خۆیدا، شیمانەی ئەوەی کرد کە ئێستا ئەمریکا ھێزی گلۆباڵی خۆی پاراستوە، بەڵام بەھێزبوونی وڵاتی چین لە بوارەکانی تەکنۆلۆژی، سەربازی و ئابووریدا تەحەددا لە ئەمریکا دەکات. ڕوسیا و چین پێناچێ لە ئاییندەدا ئەو ھاوکارییەیان بەردەوام بێ و ئەگەری زۆری ئەمریکا و ڕوسیا دژ بە چین لە زۆر بواردا یەکتری بگرنەوە.

ھاوکات شەماڵ بەشیری لە بابەتی دووەمدا، کاریگەری سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا باسدەکات و شیمانەی سێ ھێز دەکات کە لە ململانێدان ئەوانیش: "ئیسرائیل، تورکیا و ئێرانن".

ئێستا دەرئەنجامەکانی ئەو سیاسەتە، کەم تا زۆر لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەبینین کە ئامانجی سەرەکی ئەو ھەڵسەنگاندنەمانە.

خۆرئاوا دوای ئەوەی لە کەسایەتی سەددامدا دەستی وەردایە ناوچەکە لە شەڕی کەنداوی یەکەم بڕیاری دا، لە جیاتی سیاسەتی قڕکردنی جەستەیی کوردان کە لەسەدەی ٢٠ەمدا چاوی لێ پۆشی، سیاسەتێکی نەرمی لەگەڵ کوردان بەکارھێناو باشووری کوردستانی ئەمڕۆی لێکەوتەوە. لەوەدا چەند مەبەستێکی ھەبوون کە گرینگترینیان: "١-بەکارھێنانی کارتی کورد لە کاتی پێویستدا دژ بە دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ٢-ھەرێمێکی دڵنیاکەرەوە بۆ کوردان کە ھیچ ئیرادە و ستراتیژیەکی سەربەخۆی نەبێ وەک ئەوەی پێشتر سۆڤیەت لە ئەرمەنستانی ئێستا تاقیکردەوە و خۆرئاواش دانی پێدا نا. ٣-بۆ ئەوەی دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕازی بکات، ڕێگای دا ئەو ھەرێمە بەکاربھێندرێ دژ بە بزووتنەوەی کوردان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان.

لەوکاتەوە تا ئێستا و لە ئاییندەشدا شیمانە ئەکرێ سیاسەتی ئەمریکا ئەوەبێ، برەو بە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیا بدات و دەست لە کوردانیش بەرنەدات. وڵاتی چین کە پێشبڕکێ لەگەڵ ئەمریکا دەکات و ڕێگای ئاوریشمی ستراتیژیەکەیەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستا خۆی دەپارێزێ لە پەیوەندیکردن لەگەڵ فاکتۆرە نادەوڵەتیەکان. تورکیا ئێستا وەکو سەردەمی بلۆکی سۆسیالیستی پێویست نیە و ئەمریکاش بە تەواوی داخوازییەکانی جێبەجێ ناکات. کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ کە لە ٤/١٢/٢٠١٩ کۆتایی پێھات، ئەندامان ملیان نەدا بەر داخوازییەکەی ئەردۆغان کە داوای دەکرد "یەپەگە" بخرێتە لیستی تێرۆر.
لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، جەلال تاڵەبانی و عەبدوڵا ئۆجالان پێشبینی ئەو سیاسەتەیان دەکر و بە جیاو و ھەندێک جاریش بەیەکەوە ھەوڵیاندا لە چوارچێوەی میساقی میللی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا ڕێکبکەون. ئەو ھەوڵە لەگەڵ کوشتنی سەرۆک کۆماری تورکیای ئەوسا تورکوت ئۆزال ١٩٩٣ نەزۆک کەوت. لەدوای دەستگیرکردنی ئۆجالان و درانەوەی بەتورکیا لە ساڵی ١٩٩٩ تا ئەو دواییانە ناوبراو بەردەوام داوای دەکرد، ئەنکەرە لە چوارچێوەی میساقی میللی لەگەڵ کورداندا ڕێکەوێ، بە مەرجێک تورکیا ببێتە کۆمارێکی دیموکراتی و کێشەی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستوردا چارەسەر بکرێ. ئەقڵیەتی شۆڤێنی تورکە لاوەکان بەگشتی و دەوڵەتی ئاک-پارتی&مەھەپە بەتایبەتی. بەھۆی دەمارگیریی ناسیۆنالیزمی تورکی کە ڕیشەکەی بۆ نەتەپەرستی ئەڵمانی دەگەڕێتەوە، نەیھێشت لێی تێبگەن. ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ جیھادیە ئیخوانیەکان و لە ئاستی دەوڵەتانیشدا لەگەڵ قەگەر کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکەن کە ڕێگاکەی بە کۆمەڵکوژی کوردان و گەلانی دیکەی مێزۆپۆتامیا تێپەڕدەبێ. دوای ڕێککەوتنی نێوان "یپگ" لەگەڵ ھاوپەیمانی دژ بە داعش بەڕێبەرایەتی ئەمریکا، لەلایەن پکک ەشەوە باس لەو پڕۆژەیە ناکرێ و زەمینی ئەو بابەتە لە ھەمو لایەنەکانەوە لە بار نیە.
دوای شەڕی ناوخۆیی سوریا، ڕۆژئاوا گۆڕەپانێکی سەربازی و سیاسیان کردەوە. بەتایبەتی دوای شەڕی بەرگریکردنی کۆبانێ، سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر کوردستان و کوردان گەیشتە قۆناغێکی نوێ. بۆ ئەوەی ئەمریکا و ڕوسیا لە یارییەکەدا پێگەی خۆیان بەھێزبکەن، ڕێگایەکی جیاوازتریان لە پێشوتر تاقیکردەوە ئەویش بەشداریکردنە لە شەڕێک کە کەمترین خەرجی ئابووری و ئینسانی بۆ ئەوان ھەبێ. بۆ ئەوەی ئەمریکا ڕێگا لە پڕۆژەی ئیخوان بگرێ لەناوچەکە، ھاوپەیمانی دژ بە داعش لەگەڵ کوردان لە باشوور و ڕۆژئاوا ئەنجامدا. ڕوسیاش سەربازەکرێگرتەکانی دابەزاندنە سوریا و دەریای سپی ناوەڕاست. دوای ئەوەی السیسی کۆدەتای بەسەر سەرۆکی ئیخوانی مسڕ مورسی ئەنجامدا و سعودیەش پشتگیری لێکرد، تورکیا ھەستیکرد کە ھەوڵی کۆنتروڵکردنی دەدرێ.

ھێرشەکەی تورکیا لە ٩/١٠/٢٠١٩ بۆسەر ڕۆژئاوا کە تا ئێستاش بەردەوامە، ئاڵوگۆڕی نوێ ھاتنە ئاراوە. ئەمریکا پاشەکشێی لە سنورەکانی تورکیا و ڕۆژئاوا کرد، بەڵام لەسەر بیرەنەوتەکان مایەوە. ڕوسیا و ئەمریکا پەیامی ئەوەیان بە تورکیا دا کە ڕێگا نادەن گەلی کوردستان کۆمەڵکوژ بکرێ. پاشەکشێی ئەمریکا وادیارە ڕێژەیی ئەبێ. ھێرشەکانی تورکیا سوودەکەی ئەوەبو کێشەی کوردی بەجیھانی کرد و سەرنجی تەواوی گەلانی بۆخۆی ڕاکێشا.

ئێستا ھێزەکانی سوریای دیموکراتی لەسەدا ٣٠ خاکی سوریایان لەژێر دەست دایە. ئەو ناوچەیە زیاتر لە سەدا ٥٢ی بەرھەمی نەوت/غازی سوریای لێیە و لە سەدا ٧٥ی کشتوکاڵی وڵات لەوێ دابین دەکرێ. ھەروەھا سەرچاوەی ئاو و وزەی کارەبای سوریا لەوێ دابین دەکرێ. دوای ئەوەی ترامپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان ھەڵکرد و پاشان سنورێکی بۆ دانا، شیمانە ئەکرێ سیاسەتی ئەمریکا لەمەڕ باشوور، لە ڕۆژئاواش دووبارەبکرێتەوە بەمەبەستی ڕاگرتنی باڵانسێک لەنێوان کورد و تورکیا کە بازرگانییە. لە دوای ڕوخانی حکومەتی سەددام تا ساڵی ٢٠٠٨ دەوڵەتی تورکیا، بەردەوام ھەڕەشەی لە پێگەی باشووری کوردستان دەکرد و باسی داگیرکردنی دەکرد. بەڵام لە کۆتاییەکانی ٢٠٠٠ دا، ئەمریکا ڕێگایەکی دۆزییەوە بۆ ڕاگرتنی باڵانس ئەویش بازرگانی بو. ئەوکاتە بارزانیە گەنجەکان بە تورکیایان دەگووت: Tank/toplar getırmesın, tırlar gondersın "تانکو تۆپەکانتان بۆمان مەنێرن، ترێلەکان بنێرن". ئەوە ستراتیژی ئەمریکا بو کە نێچیروان بارزانی جێبەجێی دەکرد بۆ ئارامکردنەوەی تورکیا. ئێستا دوای ڕوسیا باشووری کوردستان دووەمین ناوچەی بازرگانی تورکیایە. بۆ ئەوەی پێویستی تورکیا بە نەوتی ئێران نەمێنێ،  ڕاوێژکارانی کۆشکی سپی پێیان باشە بازرگانی ببێتە بەلاوەنانی نەخۆشیەکانی کورد و تورکیا.

جیم ھانسون سەرۆکی لێکۆڵینەوەی گروپی ئاسایشی ئەمریکا لە دوا ئانالیزی خۆیدا بەو شێوەیە باسی ستراتیژی ئەمریکا دەربارەی گەلی کورد دەکات: "کاری نەخوازراو ھاتنە ئاراوە سەبارەت بە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ گەلی کورد. کاتێک پێویست بو، ئەوان ھەمووکارێکیان بۆمان ئەنجامدا و خوێنیان بەخشی. ئەو کارەی کردمان نادادوەری و نادروستی بو کە گەلی کوردی ھاوپەیمان و متمانەپێکراومان. لە ستراتیژی نوێی ئەمریکادا دەبێ داوای ئۆتۆنۆمی زیاتر و پاراستنی کوردان لە ناوچەکە بکەین".
داھاتووی کوردستان لە ژێر ڕەحمەتی سیاسەتی نوێی نێودەوڵەتیدا

باشووری کوردستان:

ھەروەکو لە سەرەتادا باسمانکرد، پڕۆژەی ھەرێمی کوردستانی عێراق ستراتیژیەکی خۆرئاوابو بۆچەند مەبەستێک. ئەمریکا نە ڕێگای داوە ئەو پڕۆژەیە گەورەببێ و نە ڕێگاشی داوە لەبەین ببرێ. رێفراندمی ساڵی ٢٠١٧ ئەو ڕاستیەی نیشاندا. ھاوکات بۆ ئەوەی تورکیای ھاوپەیمانی ناتۆ ڕازی بکرێ بە مانەوەی کوردستانی عێراق، دەبێ ئەنکەرە دەستڕۆبێ لە بوارەکانی ئاسایشی سنور و بەشی شێری لە بازرگانی بەربکەوێ و شەریکی ووزەی نەوت بێ. کاری ئەمریکا ئەوەیە دەستەڵاتدارانی باشوور و ئەنکەرە بەردەوام کۆنترۆڵ بکات. ئەوەش لەسەر حیسابی باکووری کوردستان دەبێ. باشوور کە سەرجەم جومگەکانی لەژێر دەستەڵاتی بارزانی دان، زۆر گونجاوە بۆ بەکارھێنان لەلایەن ھێزە ھەژموونگەراکان. ئەوەی لێرەدا بۆ خۆرئاوا مایەی کێشەیە، دەوڵەتە مەترسیدارەکانی ناوچەش دەتوانن ئەوان بەکاربێنن و دەستەڵاتیان بەسەردا دەشکێتەوە.

ڕۆژھەڵاتی کوردستان:

  بەڕێز شەماڵ بەشیری باسی لە کاریگەریەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران کردبو کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردن و سنوردارکردنە. شیمانە دەکرێ لە دوای مردنی خامینەئی ھەندێک گۆڕانکاری ڕووبدەن و ڕژێمی ئێران نەرم بکرێ بە مەرجێک نەبێتە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. نە ئەمریکا و نە ڕوسیا ھیچ ستراتیژیەکی ڕوونیان بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان نیە. پارتە سیاسیەکانی ڕۆژھەڵات بە پژاک و پکک ەشەوە، لەو ڕاستیە گەیشتوون بۆیە بەردەوام بە نھێنی لەگەڵ ڕژێم کۆدەبنەوە و لە لێدوانەکانیشیاندا ئەو یەکەیان نەشاردۆتەوە.

باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان:

  بەھۆی پێگەی تورکیا لە ناتۆ و جیۆستراتیژی تورکیا، باکووری کوردستان بەردەوام قوربانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بوە. بەھێزی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان لەو بەشە لەلایەنی سیاسی، فکری و ڕێکخستنی لەلایەک و ترسی خۆرئاوا لە تورکە گەنجەکان کە خەون بە میساقی میللی دەبینن و زۆرجار پڕۆژەکانیان لەگەڵ عوسمانیە نوێکان یەکدەگرنەوە، وایکردوە خۆرئاوا ڕێگانەدات کورد لەو بەشە لەناوببردرێ. لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ٢٠١٦ دا ترامپ سیاسەتی خۆی لەمەڕ پەیوەندی کورد و تورک ڕوونکردەوە و گوتی:"ئەمریکا دەتوانێ ھەردوکیان ئیدارە بکات"!. ئەگەر سیاسەتی نوێی نێودەوڵەتی دروستکردنی باڵانسێک بێ لەنێوان کورد و تورک، کە باسمان لە سەرھەڵدانی نیشانەکانی کرد لە ڕۆژئاوا، ئەوا شیمانە ئەکرێ جارێکی دیکە پێویستیان بە قوربانیەک بێ بۆ ڕازیکردنی تورکیا، ئەویش پکک یان بەشێک لە پکک ەیە. تا ئێستا ھێزە ھەژموونگەراکان چاویان لە کردارەکانی تورکیا وەک گۆشەگیرکردنی ئۆجالان لە زیندان و لێدانی پکک لە تەواوی جیھان پۆشیوە. گۆشەگیری، تێرۆرکردنی یەک بەیەکی کادیرەکانی پکک لە ئاسمانی عێراق کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا دایە، تێرۆرکردنی ساکینە جانسز لە فەڕەنسا و کوشتنی بکەرەکەی میت "عومەر گونای" لە زیندانی فەڕەنسا بۆ شاردنەوەی ڕوداوەکە، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ. 

بەخشینی پارەیەکی زۆر بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی سێ سەرکردەی مەیدانی پکک لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پێماندەڵێ کە ئەمریکا و ڕوسیا سنورێک بۆ دەستدرێژیەکانی تورکیا لە سوریاو ڕۆژئاوا دادەنێن، ڕۆژئاوا دەمێنێتەوە و ھەوڵ دەدەن پکک لەناو گەمەکە دەرخەنە دەرەوە.

ڕۆڵی پ ک ک و پارتی 

  چۆن سیاسەتی نێودەوڵەتی باڵانسی بەکارھێنانی کوردی دژ بە دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پێچەوانە بەکارھێناوە، ھاوکات لە ئێستاو بەدواوە، ھەوڵدەدرێت باڵانسێک لەنێوان دووھێزە سەرکیە کوردیەکانیش (پارتی و پ ک ک) دیاری بکرێت. ئەگەر سەیرێکی مێژووی ئەو دو لایەنە بکەین، چەندین ھەورازو نشێویان لە پەیوەندی و شەڕی خوێناوی بەخۆیانەوە بینیوە، وەکو "ساڵانی ١٩٨٢-١٩٨٤، ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠١١. گوتاری یەکێتیی نەتەوەییش، کە پ ک ک لە ھەشتاکانەوە ھەڵیگرتووە و ھەوڵی کۆکردنەوەی ھەموو ھێزە سیاسیەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانی داوە، بەشێکە لە ستراتیژی کۆنی ئەو حیزبە و لە ڕووی پڕکاتیکیشەوە، تائێستاش لە وەھمێک زیاتر نیە. ئەو یەکێتیی نەتەوەییەی کە باسدەکرێت، بەتایبەت لەدوای مردنی جەلال تاڵەبانی، بریتییە لە ڕێککەوتنی نێوان پ ک ک و پارتی، چونکە تەواوی حیزبەکانیتر لە فەلەکی ئەو دوو حیزبەدا دەخولێنەوە. ‌

لە دوای ھێرشەکەی تورکیا لە ٩/١١/١٩ لە ژێرناوی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی، پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەیەک ھەڵایەکی ڕاگەیاندنیی و دیبلۆماسی گەورەی سازکرد دژ بە تورکیا، کە ھۆکارەکەی ڕۆژئاوا نەبوو، بەڵکو ترس بوو لەوەی تورکیا دوای ڕۆژئاوا باشووری کوردستان داگیربکات و کاری بە پارتی دیموکراتی کوردستان نەمێنێ. ئێستا گرژیەکانی نێوان پارتی و تورکیا نەماون و پێدەچێ حاکمانی باشوور دڵنەواییان وەرگرتبێ، کە تورکیا داگیرکاری سەربازی ئەنجام نادات. ھەردوو ھێز، خاوەن ڕوئیا و بەرژەوەندیی ستراتیژی دوور و نزیکی ھاوبەش نین، چونکە لە بواری فکری، کلتوری، ئەخلاقی و ئایدیۆلۆژییەوە دوو ھێزی تەواو ناکۆکن.

سووربوونی پکک لەسەر کۆنگرەی نەتەوەیی، کەھیچ بنەمایێکی ماددی ئەوتۆی نیە تاکو بکەوێتە واری پڕاکتیکییەوە، زیاتر گوزارەیە لە قەناعەت نەبوون بە پاڕادیمەکانی ئۆجالان و گەڕانەوەیە بۆ ستراتیژی پێشوو. ئەگەرنا،  ڕێکەوتنی ھەموو حیزبەکان لە ھەر چوارپارچەی کوردستاندا، نەک ھەر ڕەھەندی ناوچەیی، بەڵکو ناونەتەوەییشی ھەیە و ھیچ کام لە حیزبەکان، ناتوانن حیساب بۆ ئەو ڕەھەندانە نەکەن. کۆنگرەی نەتەویی لەخۆیشیدا، چەمکێکە لە چوارچێوەی ‌دەوڵەتی نەتەویی گوزارە لە خۆی دەکات، کە ئۆجالان ئەو لاپەڕەیەی داخستووە. لەلایەکی تریشەوە، ئەوجۆرە گوتارە پاننەتەوەییە، پێشتر لەناو دەوڵەتانی عەرەبیدا تاقیکراوەتەوە و کۆبوونەوەکانی جامیعەی عەرەبی بوونەتە جێگەی گاڵتەجاڕی لە شەقامی عەرەبیدا و بۆ ھەموو کۆبوونەوەیەک خەڵک دەڵێن: "دەوڵەتانی عەرەبی ڕێککەوتن کە ڕێکنەکەون". تاوانبارکردنی پ د ک ش بە ئاستەنگ لە بەردەم کۆنگرەی نەتەویی، ھیچ کاریگەریەکی لەسەر پێگەی ئەو حیزبە نەبووە. ئەوەی کە پێگەی جەماوەری پارتی لاواز دەکات جۆری حوکمڕانیەکەیەتی لە ھەرێمی کوردستاندا، بەڵام نەبوونی ھیچ بزووتنەوەیێکی سیاسیی ئەڵتەرناتیڤ، کە تەجاوەزی فیکری کوردایەتی کردبێت،وادەکات کە بە ڕێژەی نزیکەی %٢٥ی جەماوەرەوە ببێتە حیزبی حاکمی موتڵەق.

پێگەی پەکەکە لەم ئەزمەیەدا 

 سەرەتا لەرێگای ئەو پرۆژەیەوە ھەوڵدەدرێت کە قەڵشتێک لەنێوان ستاتۆی رۆژئاوای کوردستان و پەکەکە-دا ساز بدرێت. ئەمەش پرۆسەیەکی و ھێدی ھێدی ھەنگاوی بۆ ھەڵدەھێننەوە. لە داھاتوویەکی نزیکدا پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەنەکەس لە رێگای تورکیە دەکەوێتە رۆژەڤەوە. 
لە ھەمانکاتدا بە ھاتنە ناوەوەی ئامریکا بۆ ئەو ھەرێمە، پێگەی پەکەکە لە ئەیالەتی مێردین سنوورداردەکرێت و بە سەرخستنی پرۆژەی گاپ، ھەوڵدەدرێت، پەکەکە لە جوگرافیای تەنگی بۆتاندا قەتیس بکرێتەوە.