سەردێڕ:

نەبینین لە بینیندا

9/27/2020 8:33:14 PM
3008 جار خوێندراوەتەوە
نەبەز جەلال
+ -

گەر بڕۆیتە تاریکیستانییەکی چۆڵەوە، چاو ببڕیتە قوڵایی و قوڵی ئاسمان و سەرنج بدەی، بەو تاریکی و تنۆکییەدا ڕۆبچیت و کەمێک بمێنیتەوە و بڕوانیتە نێو مانگ و ئەستێرەکان!

تێدەگەی کە ئاسمان زۆر زۆر پڕترە لەو ڕەونەق و ڕۆشناھییە نەبینراوەیی کە تۆ بە رۆژ لەبەر رووناکی خۆر توانای بینینیت نییە و نایانبینی!

رووناکیش بەشێک لە تاوانی شاردنەوەی تاریکی و پەنھانی ھەڵگرتووە، بۆ بینینی رووناکییەکی راستەقینە پێویستیمان بە تاریکییەکی قوڵتری چاوە بۆ بینین.

زۆرینەی کێشە و راستییە ئاڵۆزکاوەکان لە تاریکی و چەپەکی تەنگانەییدا دەبینرێن و دەدرەوشێنەوە!

مرۆڤ قەت ناتوانێ لە رووناکی و رووکەشدا بە روونییەکی سەرپێیی راستییەکان لە دیوە شاراوە و ناچیزەکەی خۆی جیابکاتەوە و ھەڵبژێرێت.

دەستی بە قوڵاییە شاراوەکەی تاریکی بگات، وەک سروشت و راستەقینەی ناوەوەی خۆی بناسێ و بە متمانەوە ھەموو شتەکانی ببینێت!

بەرکەوتەی ئازار و جۆری پەشیمانبوونەوەکەش لە ناشوێن و بۆشایی شوێندایە لە تێگەیشتن و بینین و گەیشتن بە بڕیاری کوێر.

ھەموو نەبینینێک و شاردنەوەی بینینێک دەبێتە ھۆکار و دەرکەوتەی سەرەتایەکی خراپی باوەڕ کوێری و جەخت بەخشینەوەی خۆش باوەڕیشە بۆ شکستی ھەنگاوەکانی بە نابینایی دەبنە بڕیار، ئەمەش شت گەلێکی خراپ و خراپتر بە دووی خۆیدا دێنێ و، کات و زەمەنیش بە پوچ و بۆشی و بێ ئەنجامی لە دەستکەوتی سەرکەوتنەکانی بینین بۆ ژیان تێدەپەڕن!

بەجێھێشتنی خەڵکی کوردستان لەم تاریکستانی نا شوێن و نابینییە بێ ھۆشیارییە رامیاری و ژیارییەدا. شکستی گەورەی چەند ساڵەی بەڕێوەبردن و، بەرەوپێشچوون و دروستبوونی چێوەیەکە، کە تێیدا خاک ناچێتە شێوەی وڵاتەوە و خەڵکەکەشی بەم جۆر و ھەنگاوە نابن بە میللەت.

تێپەڕاندن و دەربازبوونی خەڵکی کوردستان لەم سیاسەتی تاریکاندن و چاوبەستەکییە کارگێڕی و سیاسییە بازرگانییەی بۆتە مار و لە قورتمی گەل ئاڵاوە و دەیەوێ ھەمووان بخنکێنێت، ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دەسەڵاتداران و حزبە سیاسییە بڕیار بەدەستەکانە بۆ بە ھاناوەچوون و ئاشتکردنەوەی پێکەوە ژیانی گشتی و ئاسوودەیی، کە تا ئێستاش بە ھۆکاری رەوشتی بەرزی نەتەوەیی و دڵسۆزی بۆ خەڵک و بەخشینی قوربانییەکان خاک راگیریکردوون.

کە ئێوە ھەموو ئەم راستییانە رەشکەنەوە و بتانەوێ بە مەبەست نەیبینن، ئیتر نەبینین دەچێتە جێگەی بینین، نەبینینتان دەبینن.