سەردێڕ:

لێبوکی بەناو سیاسی کوردی!

7/3/2020 8:49:35 AM
9455 جار خوێندراوەتەوە
نەبەز جەلال
+ -

ئەو ژیانە سەپاو و سروشتە خراپەی ئێستای ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، بەرھەمی کۆی شکستی ئەو ئاوەزە چەپەک و خۆبەزلزانە، لەخۆبایی و کاڵفامەیە، کە بەردەوام تواناکانی لە دروستکردن و بەدەستھێنانی دەستکەوتی تایبەتی و کەسی خۆی و پێلێنانی مافە گشتییەکانی خەڵکی کوردستاندا بووە وەک سەرانی دەروون ئاڵۆزی بێ ئاگا لە دەسەڵات و ئەزموونی بەڕێوەبردندا.

ئەوانەی خەڵکیان بە بچوک و کەم دەبینی و بە خواست و چێژی ئارەزوومەندانەی کەسی و بەرژەوەندییە نەبڕاوەکانی خۆیان ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرد و پێیان بە میللەتەکەی خۆیاندا دەنا و بێشەرمانە ھەڵسوکەوتیان دەکرد و گوێیان بۆ ھیچ دەنگێکی ڕەوا و داخوازی ڕاستەقینەی گەل نەدەگرت.

ئێستا دەبینین بەم شەرم و شکست و شەرمەزارییە ھەمەچەشنە و بچوکییەوە، چاو لە دەست و دەمی خەڵکەکەیەتی بۆ لێخۆشبوونێکی میللەت کە قەت بە خەیاڵیدا نەدەھات بکەونە ڕۆژێکی ئەوھاوە!

ئایا کورد تا کەی ناتوانێ دەسەڵاتی کارتۆنی و لێبوکە خۆبەزلزان و مایەپوچە سیاسی و بەدفەڕەکەی خۆی تێپەڕێنێ و ناخی خۆی ئارامکاتەوە و بێتەوە ناو دۆخی مرۆڤبوون و لە سواربوونی ملی سیاسەت و دەسەڵاتی پیاکەوتە دابەزێ و خۆی لێبێتەوە بە خۆی!
بێگومان ئەمە تاکە دەستپێکی پەشیمانبوونەوە و لێبوردەیی و ڕاستکردنەوەی کارەکانی دەسەڵاتە کە بتوانێ خۆی پێ پاک و ئاشتبکاتەوە.

خۆی لەو لەخۆبایبون و فووتێکردنە ڕزگاربکات و بچێتەوە سەر دۆخی ئاسایی نیشتیمانیبوون و پێکەوەژیان و کارکردن قبوڵبکا!

بە تایبەت کە لە ئێستادا سروشتی ناوچەکە لە لێواری دەستکاریکردندایە و زۆری نەماوە بۆ ھەڵوەشاندنەوە و دروستکردنەوەیەکی نوێتر، بەدڵنیایی ھەرێمەکەشمان بەو گۆڕانکاریە گەورەیەدا تێپەڕ دەبێ.

تا ئێستاش تروسکاییەک ماوە گەر بەتەمای کوژاندنەوەن و ناتانەوێ خاپور نەبێ! بە دڵنیایی ئەم ھێورکردنەوە و ئارامییە لای خەڵک نییە و لەناو لەپی دەستی دەسەڵاتداراندایە وەک چارەسەرێکی سەرەتای بە ھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوون، بە ھیوای سەرانی بەسەر گێژخواردوی بەرژەوەندییە کەسییەکان بەئاگابێنەوە و برایەتیەکی ڕاستەقینە و حکومەتێکی ھاوڵاتیبوون گەشەپێبدەن.

خەڵکی کوردستان ڕێز لە سنوری ھێڵی سووری مێژوو و خەباتی خۆی دەگرێ، ئێوەش ئەو ڕێز و سنورە مەشکێنن و مەیکەنەوە بە چەکی بڕەرو و مانەوە و  دژەگەل و وەک بارمتەیەکی ڕاموسان بەکاریمەھێنن، تا پەیوەندییەکەمان لەوە زیاتر نەپسێ!

پێش پسانیش؛ سەری بەرزی میللەتەکە ماچ بکەن و کەوشەکانیان بخەنە سەر و بڵێن ئێمە بچوکتانین.

کاتێکیش پسا:
«ڕەش و سپی، بەھێز و بێھێز» پێکەوە دەپسێ و کەمەری شلی شەوەش بە مێژووی کوردایەتیدا شتێکی زیاتر و جوانتر لەوەی جارانتان پێ ڕەوا نابینێ و سەرشۆڕ دەبن!